ئەتەکیەت و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵادا چییە و چۆن دەبێت؟
2 مانگ لەمەوپێش
م.ی. غریب علی سلیم
خوێندکاری دکتۆرا لەبواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار/ زانکۆی سلێمانی
ئالا لە سادەترین پێناسەیدا بە سیما و ناسنامە و سیمبولی و دروشمی هەر نەتەوە و دەسەڵاتێکی سیاسی لە مێژوودا دادەنرێ، چونکە هەر گەل و نەتەوەیەک بۆ ناساندن و پێناسەی خۆی، کۆمەڵێک هێما و سیمبولی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی هەیە یەکێک لەوان ئاڵایە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمشێوەیە پێناسەی ئاڵای کردووە"ئاڵا هێمای ناسامە و نەتەوە و دەوڵەت و هەرێم و حزب و گرووپەکان شانازییەکی بەرجەستەکراویانە" بۆیە کوردیش وەک نەتەوەیەکی دێرین و خاوەن ماف و شووناس و شکۆ و ئاڵای تایبەت بە خۆی هەیە.
هاوشانی سیمبول و هێما نەتەوەییەکانی دیکەی وەک، سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، پێشمەرگە، ئاڵا بە ڕەمزی نەتەوەیی کورد دەژمێردرێت و لەلای زۆربەی هێز و پارتە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کورد بە فەرمی ناسراوە لە بۆنە فەرمییەکاندا هەڵ دەکرێت. ساڵانە یادی ڕۆژی ئاڵا لە (17)ی کانوونی یەکەم دەکرێتەوە یادەکە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت. خەڵک بەشێکی زۆر لە فەرمانبەران لە دام و دەزگا فەرمییەکانی حکومەتدا جلی کوردی دەپۆشن و شادیی خۆیان لەڕێگەی هەڵکردنی ئاڵا و پۆشینی جلی نەتەوەیی دەردەبڕن.
مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕیتەوە بۆ (17)ی کانوونی یەکەمی (1945) بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن پێشەوا (قازی محمد) لە مەیدانی چوارچرا لە شاری مەهاباد، یەکەم پایتەختی کوردان، بۆیەکەم جار ئاڵای کوردستان هەڵکرا، دواتر لە پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە(26)ی لەبەرواری 11)/11/(1999 بە فەرمی ڕۆژی (17)ی کانوونی یەکەمی بەڕۆژی ئاڵا ناسێنرا، دواجار لە ساڵی (2009)دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا ڕۆژی (17)ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم پارێزگا و شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
هەروەها پێکهاتەی ئاڵای کوردستان لە شێوەی لاکێشەی ئاسۆیی پێکھاتووە، خاوەنی ڕەنگەکانی سوور، سپی، سەوزە، زەردە، کە هەر یەکێک لەو ڕەنگانە دەلالەت لە پەیامی نەتەوەیەکی ماف خوراو دەکات! ڕەنگی سوور، هێمایە بۆ خوێنی و شەهیدان و قوربانیانی گەلی کورد !ڕەنگی سپی، هێمایە بۆ ئاشتی و لێبووردەیی و میوانداری و ڕەنگدانەوەی ئەو میواندۆستییەکە میلەتی کوردی پێ ناسراوە، ڕەنگی سەوز، دەلالەت لە کۆمەڵێک بنەمای سروشتی جوانی کوردستان دەکات، ڕەنگە زەردەکەی ناوەند هێمایە بۆ خۆری زێڕین کە ناوی بیست و یەک تیشک، ئەمە جگەلەوەی رەنگی زەرد هێمایە بۆ ئومێد و ئایندە.
بەڵام بە داخەوە ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە دەبینین کە لە بۆنە و دامەزراوەکان و بەشێک لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا، چۆن ئاڵا بەهەڵە و نادروستی دوور لە بنەماکانی ئەتەکیتە و پڕۆتۆکۆل هەڵدەکرێ! چەندین جار بینوومانە ئاڵا بە سەرەوژێری هەڵدەکراوە و بێ ئاگایانە ڕەنگی سەوز دەچێتە سەرێ و ڕەنگی سوور شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارێ! ئەمە جگەلەوەی بەشێوەیەکی ناردروست و هەڵە دیزاینی ئاڵای کوردستان دەکەین، چونکە تائێستا وەک تاک و کۆمەڵگا هۆشیاریی تەواومان نیە لەسەر چۆنییەتی مەمەڵەکردن لەگەڵ ئاڵادا، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ دوور بوون لە بنەماکانی ئەتەکیەت و پڕۆتۆکۆلی ئاڵا کە ئاماژەیە بۆ ئەو کۆمەڵە یاسا و ڕێسایانەی کە پەیوەستە بە چۆنێتی نمایشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵادا، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە ئاڵا بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەتەکێتی ئاڵا ڕێگایەکە بۆ نیشاندانی ڕێز و ڕێزگرتن لە ڕەمزی نەتەوەییمان، بە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێنماییە سادانە دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە ئاڵا وەک نوێنەرایەتییەکی بەهێزی یەکڕیزی و شانازی بۆ وڵاتەکەمان بمێنێتەوە.
ئەبێ بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئاڵای نیشتمانیدا بکرێت، هیچ کات ڕێگە پێدراو نییە ئاڵا بکەوێتە سەر زەوی و ناو ئاوەوە، یان یان بخرێتە ژێر هەر کاڵایەکی بازرگانییەوە.
هیچ کات گونجاو نییە ئاڵا بەدڕاوی یان پیس و پۆخەڵی بدرەوشێتەوە، بۆیە پێویستە ئاڵاکە دابگیرێت و بگۆردرێت، بە شێوازی ڕەسمی وڵاتەکە هەڵبگیرێت.
هەروەها لەسەر ئاڵا یان لەسەر بەشێکی ئاڵا نابێت هیچ ، نیشانە، هێما، پیت، وشە، ژمارە، نەخش، وێنە، یان هەر جۆرە ڕەسمێک دابنرێت بە هەر سروشتێک بێت.
هیچ کاتێک ڕێگە پێدراو نییە ئاڵای وڵات لەسەر کێک یان خواردنێکی تر دروست بکرێت، یان چاپکردنی ئاڵا جلوبەرگ و جێگەی نوستن، پەردە ڕێگە پێدراو نیە، چونکە کاتێک کە کێکەکە دەبڕین ئاڵا دەدرێڕی و یان کاتێک جل و بەرگ دەشۆردرێت کاڵدەبێتەوە، یان بە شێوەیەکی نادروست نمایش بکرێت.
پێویستە ئاڵای هەر وڵاتێک یان دامەزراوەیەکی فەرمی لە خۆرهەڵاتن بۆ خۆرئاوابوون بدروشێتەوە، بەتایبەت لە شەواندا ئاڵا گەشاوە بێت رووناکی بۆ دابنرێت.
لەرووی هونەری دیزاینەوە هاوسەنگی هەبێت لەنێوان ئەو ستاندەی ئاڵاکەی پێ هەڵواسراوە لەگەڵ قەبارەی ئاڵاکە، هەروەها درێژی و پانی بەپێی بنەماکانی ئەتەکیەت و پڕۆتۆکۆل بێت.
لەکاتی کۆن بوون یان دڕانی ئاڵادا پێویستە بە باشترین ڕێگا لەناو ببرێت، ئەویش بە ڕێگای سووتاندن لە مەراسیمێکی شکۆمەندانەدا، ئەم ڕێوڕەسمە پێویستە بە ڕێزەوە ئەنجام بدرێت و ئاڵاکە پێش سووتاندن بە باشی کۆبکرێتەوە.
هیچ بەشێکی ئاڵا نابێت، وەک جلوبەرگی نمایش یان جلوبەرگی وەرزشی بەکاربهێنرێت، چونکە ئاڵا نوێنەرایەتی وڵاتێک یان هەرێمی زیندوو دەکات و خۆشی بە دروشمێکی زیندوو دادەنرێت. بەڵام دەکرێت نیشانەی ئاڵا بچەسپێنرێت بە جلوبەرگی فەرمانبەرانی سەربازی و ئەندامانی ڕێکخراوە نیشتمانییەکان.
کاتێک ئاڵای دوو وڵات یان زیاتر نمایش دەکرێن، پێویستە هەموویان یەک بەرزی و قەبارەی یەکسانیان هەبێت، چونکە لەرووی پەیوەندی دیبلۆماسی و نێودەوڵەتی ڕێگە بەوە نادات ئاڵای نەتەوەیەک لە سەرووی ئاڵای نەتەوەیەکی ترەوە.
پێویستە رەنگی ئاڵا بەپێی کۆد و ڕەنگە ستانداردەکان ڕەنگ بکرێت.
