کاندیدەکانی سەرۆکوەزیران بۆ چوار ناو کەمدەکرێنەوە
11 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەڵێت، ئێستا تەنیا چوار ناو وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە کێبڕکێدا ماونەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک تاکە کاندید بۆ ئەم پۆستە ناوی دەهێنرێت.
سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاریکردووە، بەپێی یاسا بەرکارەکان لەم کۆبوونەوەیەدا دەبێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت؛ سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سووننەکان و دوو جێگرەکەی کە یەکێکیان لە پشکی شیعەکان و ئەوی دیکەش لە پشکی کورد دەبێت.
دکتۆرە ئایات موزەفەر نووری، ئەندامی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە: بازنەی کاندیدەکانی سەرۆکوەزیران بۆ چوار کەس کەمبووەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی کاندیدی دەرچوو، سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کاروباری کۆمەڵایەتی تاکە ناوە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە.
دکتۆرە ئایات موزەفەر ناوی چوار کاندیدەکەی باس نەکردووە، بەڵام پشێتر ناوی نۆ کاندید بڵاوکرایەوە، بەر لە چەند ڕۆژێکیش ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە کێبڕکێکە لەنێوان ئەم چوار کاندیدەدایە:
٠ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی ئێستا.
٠ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووتر.
٠ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر.
٠ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق.
عەلی بەیدەر، چاودێری سیاسی دەڵێت، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش کە پشکی سووننەکانە، مووسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بەهێزترین کاندیدە و بەئەگەری زۆر ئەو دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی لە ئاستی جەماوەری پشتیوانی دەکرێت و لای هەمووان قبووڵکراوە، جگەلەوەش ناوبراو خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددینە کە تاکە پارێزگای سوونییە هیچ سەرۆک پەرلەمانێکی پێشتر خەڵکی ئەو پارێزگایە نەبووە، بە ئەگەری زۆریش هەفتەی داهاتوو ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە.
