ئایا جەنگەکە، جەنگی ئیسلام و کوفرە؟

3 هەفتە لەمەوپێش



ڕابون مەعروف

 نەخێر! ئایا جەنگەکە، جەنگی کورد و تورك/ عەرەبە؟ نەخێر! بەڵام، ئایا ئیسلام و نەتەوە پەرستی تورك و عەرەب لە دژی کورد بەکاردەهێنرێن؟ بەڵێ! ئایا ئیسلام بۆ هەڵخڕاندنیی رایگشتیی تورکیی و عەرەبیی و جیهانی ئیسلامیی لە دژی کورد بەکاردەهێنرێت؟ بەڵێ! ئایا کورد قازانج دەکات، لە دژی ئاین و ئیسلام هەڵگەڕێتەوە؟! نەخێر! بەڵکو دەبێت کورد ئاین و ئیسلام، وەك هەمو نەتەوەکانیتر، بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت و بۆ ئەمەش پشتیوانیی ئەو رەوت و کەسایەتیانە بکرێت کە ئەم دیدە پێش دەخەن و بە پێچەوانەوە، رەوتە ئاینیە پاشکۆکان قەمع و قەدەغە بکرێن.. ئایا کورد قازانج دەکات، جەنگەکە بکات.

بە جەنگیی کورد و تورك/ عەرەب؟! نەخێر! بە پێچەوانەوە، دەبێت توركێك و عەرەبێك و ئێرانیەك و کەمایەتیەکانیتر، لە هەولێر و قامیشلۆ و ناوچەی هەژمون و سەروەریی کورد، رێك هەمان پێگە و مافی کوردێکیان هەبێت. ئەوە لەبەرچی؟!! چونکە هەمو جەنگ و کوشتارەکە لەسەر ئەوەیە، کە تۆ ئەتەوێت جیاواز بیت و سیستەمێکی ئەخلاق و بەهای جیاواز لەو سیستەمی ئەخلاقە پێشبخەیت کە سەدان ساڵە بۆگەنیکردوە. 

کەواتە، ناوەڕۆك و سروشتی راستەقینەی ئەم جەنگ و ململانێیە چیە؟ وەڵام: جەنگی دو سیستەمیی بەها و ئەخلاق و دو جیهانبینیی سیاسیی و حوکمڕانیی جیاواز و دژ بەیەکە. تورك و عەرەب و ناشناڵیزمەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناو زۆنگاوی ئەخلاق و بەهاکانی پێش مۆدێرن گیریانخواردوە و نایانەوێت بێنە دەرەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، پێداگیری دەکەن، لە بەردەوامبون و مانەوە لە ناو هەمان سیستەمی ئەخلاق و بەهای پێش جیهانی مۆدێرن، کە لەوێدا کورد و پێکهاتە جیاوازەکانیتر، وەك شاگرد و کۆیلە و خەڵکانێکی نزم و پلە دو سەیر دەکرێن. ئەی دەبێت، کورد چی بکات؟ کورد دو بەدیلی هەیە و سێهەم بونی نیە: 

یەکەم، تەسلیمبون بە رژێمە دڕندە و بەربەرییە داگیرکەرەکانی کوردستان (کە ئەمە بەدیل و پێشنیاریی باڵیی سەرەکی ئیسلامیی سیاسیی و بەشێك لە پاشماوەی چەپەکانە، بەڵام هەم لە ناو ئیسلامیەکان باڵێکی جوامێر خەریکیی خەمڵان و رسکانە، هەم ئەو چەپەی ئەگەر دونیا بەسەر کوردا بڕمێ، ئەو دڵی لە شوێنێکیترە، ئێستا گوێگریی نەماوە). بەڵام رژێمی ئێستای تورکیا، هیچی جیاوازی لەوەی کەمال ئەتاتوك، بۆ کورد، پێنیە؛ رژێمی ئیسلامیەکانیی دیمەشق، هیچی جیاوازی لە رژێمەکەی ئەسەد، بۆ کورد پێنیە؛ رژێمی بەغداد، هیچی جیاوازی لە رژێمەکەی صدام حسێن، بۆ کورد، پێنیە؛ رژێمی ئایندەی تاران، هیچی جیاوازیی لە رژێمەکانی پێشو، بۆ کورد پێنیە. 

کەواتە تەسلیمبون، واتە مانەوەی کورد لە ناو هەمان بازنەی ژێردەستەیی و کۆیلایەتی. دوەم: دەبێت، کورد موغامەرەی جیابونەوە و جێهێشتنیی ئەم زۆنگاوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات؛ دەبێت کورد ماڵی خۆی جیا بکاتەوە. ماڵجیایی کورد بەوە نابێت، هەمان ئەخلاق و هەمان فۆرمی حوکمڕانیی دوژمنەکانمان، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوبارە بکەینەوە. ئەبێ کورد خۆی راپسکێنێت، یەك شەق لە جیهانبینیی و بەهاکانیی ئەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەم بەربەریخانەیە بدات. 

ئەبێت، کورد، گوتار و جیهانبینیی سیاسیی و سیستەمیی ئەخلاق و حوکمڕانیی بەدیل؛ جیهانبینی و حوکمڕانیی مۆدێرن پێشبخات. چونکە هەمو جەنگ و ململانێکە لەسەر ئەوەیە! ئەگەر کورد ئەوە نەکات، پێویست ناکات، رۆڵەکانیی بە کوشت بدات! دەبێت، کورد وەك نەتەوە، نەك حیزب و گروپی سیاسیی، بچێتە ریزبەندیی سیاسیی بەدیل و دەرەوەی ریزبەندییە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. راستە رێگەکە سەخت و دژوارە، بەڵام، هەرگیز لە میدیاوە، تا ئێستا، کورد هێندەی ئێستا بەهێز نەبوە و هێندەی ئێستا دەرفەتی هەستانەوەی لەبەردەم نەبوە!.. 

*بەرخۆدانی کوردانی حەلەب، هەتا هەتایە، وەك روداوێکی جێگەی شانازیی و سەربڵندیی، لە یادەوەریی کوردا دەمێنێتەوە. ئێستا قۆناغ و سەردەمی کۆبونەوە و پێکەوەبونە، نەك جیابونەوە و تەفرەقە. لە بیانو مەگەڕێن، بۆ پەرتبون، بەڵکو بیانو ساز بکەن، بۆ یەکێتیی و تەبایی!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار