ئەو پرسیارەی مشتومڕێکی گەورەی دروستکردووە ئاخۆ جێفری ئیپیستین سیخوڕی دەزگای مۆساد بووە یان نا؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



لەگەڵم بمێنەرەوە تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام دەبێت سەرەتا باسی چەند بابەتێک بکەین.

تا ئێستا دانپێدانانی فەرمی بوونی نییە، بەڵام ئەگەر چەند تیۆرییەک و بەڵگە نوێکان لێک بدەین وێنەکەمان باشتر لا ڕوون دەبێتەوە. 

ئامادەکردنی: هاوڵاتی
یەکەم: تۆمەتی پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگرییەوە؛ ڕوونترین بەڵگە لە قسەیەکی ئەلیکساندەر ئەکۆستاوە دێت، کە وەزیری پێشووی کاری ئەمریکا بووە. ئەکۆستا لە 2008 وەک پارێزەرێک چاودێریی دانپێدانانی ئیپیستینی کردووە. پێگەی دەیڵی بیستی ئەمریکی لە ساڵی 2019 باسی لەوە کرد لەکاتی لێپرسینەوەی بۆ ئەوەی پۆستی وەزیر لە ئیدارەی ترەمپ وەربگرێت، ئەکۆستا بە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپی گوتووە، لە دۆسیەکەی 2008 پێی گوتراوە "بکشێتەوە" چونکە ئیپیستین "سەر بە هەواڵگرییە" و لەسەروو دەسەڵاتی ئەوەوەیە، بەڵام ئەکۆستا دواتر ئەم قسەیەی ڕەتکردەوە و گوتی: هەرگیز زانیاریی ئەوەم نەبووە کە ئیپیستین سەر بە دەزگایەکی هەواڵگریی بێت.

ئەو تیۆریانەی باس لەوە دەکەن ئیپیستین سیخوڕی ئیسرائیل بووبێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسی باڵا، کەسە بەناوبانگەکان و دەوڵەمەندەکانی جیهانی هەڵخەڵەتاندووە بچنە دوورگەکەی تاوەکو مەلەفی ئەخلاقییان لەسەر کۆبکاتەوە و دواتر وەک کارتی فشار بەکاریان بهێنێت. 

هەر بۆیە دەچینە سەر خاڵی دووەم، کە پەیوەندییە گوماناوییەکانی ئیپیستینە بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ـەوە. گیلەین ماکسوێل هاوکار و کەسی نزیکی ئیپیستین بووە. باوکی ئەم ژنە بەناوی رۆبیرت ماکسوێل گومانی ئەوەی لێدەکرێت پەیوەندی بە مۆسادەوە هەبووبێت. هەندێک لە تیۆرییەکان دەڵێن، گیلەین پەیوەندییەکانی باوکی بۆ ماوەتەوە و ئیپیستینی تێکەڵ بەم پەیوەندییانە کردووە. 

دێینە سەر تیۆری "تەڵەی هەنگوینی". بەرپرسانی پێشووی مۆساد و نووسەرانی هەواڵگری وەک ئاری بێن مێناش، بە گومانەوە باسیان لەوە کردووە کە ئیپیستین ئۆپەراسیۆنێکی "تەڵەی هەنگوینی" بەڕێوەبردووە بۆ هەڵخەڵەتاندنی کەسانی بەناوبانگ و دەسترۆیشتوو تاوەکو کردەوەی سێکسی ئەنجام بدەن و دواتر بە ڤیدیۆ تۆماریان بکات و دژیان بەکاری بهێنێت.

سێیەم: سیخوڕی دەستپێگەشتن بەرامبەر سیخوڕی پڕۆفیشناڵ. بەشێک لە شارەزایانی هەواڵگریی، وەک جۆن کیراکاو، ئەفسەری پێشووی سی ئای ئەی، ئیپیستین بەم جۆرە وەسف دەکات: زۆر دڵنیام لەوەی ئیپیستین مۆساد بووە، بەڵام سیخوڕێکی ڕاهێنراو نەبووە بەڵکو سیخوڕێکی دەستپێگەشتن بووە. 

کیراکاو دەڵێت، ئیپیستین نمونەی سیخوڕێکی ئاسایی مۆسادە و مۆساد ئەم جۆرانە بەکاردەهێنێت کە پێی دەڵێن سیخوڕی دەستپێگەیشتن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بۆ نمونە، تۆ دەستت ناگات بە بیڵ کلینتۆن، بەڵام باشترین شت دوای ئەوە بیکەیت ئەوەیە کەسێک دابنێیت کە لێی نزیک ببێتەوە و کەشێکی ئارامی بۆ دروست بکات بۆ ئەوەی دواتر لە کاتی خۆی مەلەفی لەسەر کۆبکاتەوە و نهێنی لێوەربگرێت.

گەورەترین بەڵگە کە لەسەر ئیپیستین دۆزراوەتەوە یاداشتە نوێکانی ئیف بی ئایە، کە وەزارەتی دادی ئەمریکا لە فایلەکانی ئیپیستین بڵاویکردووەتەوە. لە یاداشتەکەی ئیف بی ئای دا هاتووە کە "ئیسرائیل ترەمپی قۆستووەتەوە" و جێفری ئیپیستینیش کاری لەگەڵ هەواڵگریی ئیسرائیل کردووە. 

یاداشتەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە وەرگیراوە کە ناوی نەهاتووە و دەڵێت، ئیپیستین کاری لەگەڵ هەواڵگریی ئەمریکا و دەرەوە کردووە و "سەرچاوەکە بڕوای بەوە هەیە ئیپیستین بریکارێکی زۆرلێکراوی مۆساد بووە."

لە بەشیکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتووە، ئیپیستین کاروباری دارایی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە لەلایەن ئەفسەرانی خانەنشینانی یەکەی 8200ـی مۆساد دامەزراون. ئەو یەکەیە لقێکی نوخبەی هەواڵگریی ئیسرائیلە کە گەورەترین دامەزراوەی نهێنی کۆکردنەوەی زانیارییە بۆ مۆساد.

سەرەڕای ئەمانە ئیسرائیل خۆی بەتەواوی نکوڵی لێ دەکات و وەزارتی دادی ئەمریکاش دەڵێت، ئەو فایلانەی پەیوەندی بە سیخوڕیی ئیپیستینەوە هەیە بەڵگەی سەلمێنراو نادەن بەدەستەوە تاوەکو دەزگای هەواڵگریی هیچ وڵاتێک تۆمەتبار بکرێت بەوەی سپۆنسەری کارەکانی ئیپیستینی کردبێت.

بەڵام گوێ لە رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی تەکەر کارلسۆن بگرە لەوباریەوە چی دەڵێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار