هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جارێکی دیکە سەردانی ئێرانی کرد بە مەبەستی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. ئەو بەرپرسە رۆژئاواییە لەم دواییانەدا هۆشداری دابوو کە ئێران ئێستا دەتوانێت "چەند چەکێکی ئەتۆمی" دروستبکات. رۆژی دووشەممە 6-5-2024، رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە تاران و ئەمڕۆ لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە. گرۆسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە سەردانەکەیدا داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات پابەندی "ئەو رێنماییە کۆنکرێتییانە بن" کە ساڵی رابردوو لەگەڵ ئاژانسەکەی لەسەری رێککەوتوون. لە 2023دا ئاژانسەکە و ئێران لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە تایبەت بوو بە رێگەدانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان، بەڵام ئێستا ئێران پێشێلی ئەو خاڵانەی کردووە. پێش گەڕانەوەی بۆ ڤیەننا بڕیارە سبەینێ سێشەممە، گرۆسی سەردانی ئەسفەهان بکات و بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەتۆم بکات. کێشەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران لە 2018ـەوە سەری هەڵدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی هێنایە دەرەوە. لە دوای ئەوەوە ئێران تەواوی سنوورەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکەی شکاندووە و پوختی یۆرانیۆمەکەی گەیاندووەتە نزیک 90٪ کە رێژەی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ترسی ئاژانسە ئەتۆمییەکە لە بەرەوپێشچوونی زیاتری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چەکی ئەتۆمەوە دوای کێشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیلی نەیاری سەریهەڵداوەتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەسفەهانی مووشەکبارانکرد و وا بڵاوبوویەوە کە بنکەی ئەتۆمی بوون.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بڕیاربوو لە سەرەتای ئەم هەفتەیە مووچەی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی فەرامانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆتایی هەفتە دواکەوت. ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی ئایاری 2024، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکێک لە لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "بڕیاربوو سەرەتای ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی نیسانی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت، بەڵام بۆ رۆژی پێنجشەممە، 9ی ئایاری 2024 دواکەوت". ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، "هۆکاری دواخستنی دابەشکردنی مووچەی لیواکان کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پارەیان بۆ خەرجدەکرێت بەهۆی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا بەغدا پارەی بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەناردووە". مانگانە هاوپەیمانان نزیکەی 32 ملیار دینار بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی هیزەی پێشمەرگە دەنێرن و لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هۆشداری تووندیان داوەتە هەرێمی کوردستان لەبارەی دواخستنی مووچەی لیوا هاوبەشەکان و ریکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا رووماڵێکی سەربازی دەکەن کە چەکی ئەتۆمیی تێدا بەکاردەهێنرێت. ئەوەش بە بەهانەی "دەستێوەردانی لە رادەبەدەری وڵاتانی رۆژئاوا" لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئۆکراینا. رۆژی دووشەممە 6-5-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، پلانیان وایە مانۆڕێکی سەربازی بکەن کە چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی تێدا بەکاربهێنرێت. ئاماژەشی بەوەکردووە، ئەم مانۆڕە "وەڵامی ئەو گوتە و هەڕەشە دنەدەرانەیە بەرپرسانی رۆژئاوا لەبارەی رووسیاوە دەیڵێن". هەرچەندە نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و رووسیا بەبۆنەی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا لەوپەڕی خراپیدایە، بەڵام ئەمە جاری یەکەمە لە دوای دەستپێکی جەنگەکەوە رووسیا ئەنجامدانی مانۆڕی ئەتۆمی بهێنێتە باسەوە. راگەیاندنەکە وا دەردەکەوێت هەڕەشە بێت بۆ رۆژئاوا کە دەستوەردانەکانیان لە جەنگی ئۆکراینا لەوە قووڵتر نەکەنەوە. چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بریتییە لە جۆرێکی چەکی ئەتۆمی کە ناوچەیەکی کەمتر لە چەکە وێرانکەرەکانی وەک مووشەکی ئەتۆمیی کیشوەربڕ وێران دەکات. پێشتر رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی لە ئۆکراینا کردبوو و رۆژئاواش بە توندی و روونی داوای لێکردبوو کاری وا نەکات. لەم دوو ساڵەدا دەیان بەرپرس و سەرکردەی رۆژئاوا مەترسیی فراوانبوونی جەنگی ئۆکراینایان بۆ بەشەکانی دیکەی ئەوروپا و خاکی ئەندامانی ناتۆ و دواتریش جەنگی نێوان رووسیا و ناتۆ خستبووەڕوو. ئەمەی رووسیا دەیکات دەکرێت دندەدەری هاتنەدی ئەو مەترسییە گەورەیە بێت. لەو راگەیێنراوانەی بەرپرسانی ئەندامانی ناتۆ کە رووسیا بە "مەترسیدار"یان دەزانێت؛ هەفتەی رابردوو ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراینا دەکرێت ناردنی سەربازی فەرەنسیش بگرێتەوە. دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش گوتی، سوپای کیێڤ دەتوانن مووشەکە دوورهاوێژەکانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن. ئەمە جاری یەکەم نییە رووسیا نیگەرانی بەرامبەر هاریکارییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا و جموجووڵەکانی ناتۆ لە ئەوروپا دەربڕێت. دوای بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ، رووسیا بەشێکی چەکە ئەتۆمییەکانی بۆ بێلارووسی هاوپەیمانی گواستەوە. ئێستاش نیازی مانۆڕی ئەتۆمیی هەیە کە دەکرێت نەوتی زیاتر بکات بە ئاگری ئەو جەنگەی بەرۆکی ئەوروپای گرتووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە حەوت رۆژی رابردوودا لافاو شاری ریۆ دی گراند دۆ سوول لە بەرازیل گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و 103 کەسی دیکەش بێسەرووشوێنن. ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون. رۆژی یەکشەممە 5-5-2024، حکومەتی بەرازیل رایگەیاندووە، بەهۆی لافاوەوە لانیکەم 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و 103 کەسیش بێسەرووشوێنن. هەروەک 88 هەزار هاووڵاتیش لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەرازیل، لانیکەم 16 هەزار هاووڵاتی ناچار بە ئاوارەبوون بوون. لافاوەکە زیانی گەورەی بە هێڵەکانی گواستنەوە و کارەباش گەیاندووە، لە ئامارێکدا ئەوە خراوەتەڕوو، 800 هەزار هاووڵاتی بەبێ ئاو ماونەتەوە. ئاستی ئاوی رووباری گواهیبە کە بە نێو ئەو شارەدا دەڕوات 5 مەتر و 33 سانتیممەتر بەرزبووەتەوە، بەمەش بەرزترین ئاستی لە مێژووی پێوانەی ئاستی رووبارەکەدا تۆمارکردووە. لە ساڵی 1941 واتە 83 ساڵ لەمەوبەر ئاستی ئاوەکە 4 مەتر و 76 سانتیممەتر بەرزببووەوە. بە گوێرەی پەیمانگەی کەشناسیی نیشتمانیی بەرازیل، لە دووشەممەی رابردووەوە لە هەندێک ناوچە زیاتر لە 300 ملیمەتر باران باریوە، ئەوەش هۆکاری لافاوەکەیە. ئەمە جاری چوارەمە لە کەمتر لە ساڵێکدا رووداوە ژینگەییەکان کارەسات لە بەرازیل دەنێنەوە. لە لافاوی مانگەکانی تەمموز و ئاب و تشرینی دووەمی 2023شدا 75 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئیسرائیل داوای لە دەیان هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە شاری رەفحەی باشووری کەرتی غەززە کردووە چۆڵی بکەن، ئەوەش چونکە تەلئەڤیڤ نیازی وایە ئۆپەراسیۆنی زەمینی "بۆ سڕینەوەی تەواوەتی حەماس" بۆ سەر ئەو شارە بکات. سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ی ئایاری 2024، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، هێرشێک "بەوپەڕی هێزەوە" دەکاتە سەر حەماس لە رەفحە، کە وەک خۆی باسی دەکات دوایین پەناگەی حەماسە. راگەیێنراوەکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەندەی دیکە هەوڵی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانی وەک قەتەر و ئەمریکای بۆ ئاگربەست سەختترکردووە. بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای قەتەریش هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بۆ سەر رەفحە بکات، گفتووگۆکانی پەیوەست بە ئاگربەست پاشەکشە دەکات. کۆڵۆنێل نەداڤ شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، داوا لە نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە رەفحە کراوە ناوچەکە چۆڵبکەن. باسی لەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی سنووردار بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئەو شارە دەکات کە حەماس وەک پەناگە بەکاریان دەهێنێت. ئەو هەنگاوەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە 6ی ئایار، چەکدارانی حەماس لە رەفحەوە بە مووشەک هێرشیان کردە سەر سوپای ئیسرائیل و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەو وڵاتە کوژران. ئەوە حەوت مانگە شەڕی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە؛ ئەوەش دوای ئەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2022 چەکدارانی حەماس بە مووشەک و هێرشی زەمینی پەلاماری ئیسرائیلیاندا.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، نێچیرڤان بارزانى و ئیبراهیم رهئیسى، سهرۆك كۆماری ئێران كۆبونهتهوه و جهختیان له برهودان به پهیوهندییهكانى ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان لهسهر بنهماى دراوسێیهتیى باش و بهرژهوهندیى هاوبهش و بهرزكردنهوهى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و پهیوهندیى ئابوورى كردهوه. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له راگهیهندراوێكدا سەبارەت بە کۆبونەوەکەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێران باسی لهوهكردووه، بهیانیى ئهمڕۆ دوشهممه، نێچیرڤان بارزانى و ئیبراهیم رهئیسى له تاران كۆبوونهتهوه، ههریهكه له جێگرانى سهرۆك و وهزیرى ناوخۆ و شاندێكى سهرۆكایهتیى ههرێمى كوردستان ئامادهبوون. وەک لە راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، لە کۆبونەوەکەدا ههردوولا جهختیان له برهودان به پهیوهندییهكانى ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان لهسهر بنهماى دراوسێیهتیى باش و بهرژهوهندیى هاوبهش و بهرزكردنهوهى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و پهیوهندیى ئابوورى كردووەتەوە. باس لەوەشکراوە، "رهئیسى سوپاس و پێزانینى كۆمارى ئیسلامى بۆ ههرێمى كوردستان دهربڕى بۆ ئهو هاریكارییهى پێشكهش به زیارهتكارانى ئێرانى بۆ مهزارگه پیرۆزهكان له باشورى عێراق دهكات له كاتى تێپهڕبونیان به ههرێمى كوردستاندا". دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: ههردوو سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و رهئيسى، جهخت له برهودان به پهيوهندييهكان دهكهنهوه بهيانيى ئهمڕۆ دووشهممه 2024/5/6 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له تاران لهگهڵ بهڕێز ئيبراهيم ڕهئيسى، سهرۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، كۆبووهوه. له كۆبوونهوهكهدا كه بهڕێزان جێگرانى سهرۆك و وهزيرى ناوخۆ و شاندێكى سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان ئامادهى بوون، ههردوولا جهختيان له برهودان به پهيوهندييهكانى ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان لهسهر بنهماى دراوسێيهتيى باش و بهرژهوهنديى هاوبهش و بهرزكردنهوهى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و پهيوهنديى ئابوورى كردهوه، ههروهها ستايشى پهيوهنديى دێرين و مێژووييى نێوان كۆمارى ئيسلامى و ههرێمى كوردستانيان كرد. سهرۆك ڕهئيسى سوپاس و پێزانينى كۆمارى ئيسلامى بۆ ههرێمى كوردستان دهربڕى بۆ ئهو هاريكارييهى پێشكهش به زيارهتكارانى ئێرانى بۆ مهزارگه پيرۆزهكان له باشوورى عێراق دهكات له كاتى تێپهڕبوونيان به ههرێمى كوردستاندا. لاى خۆيهوه بهڕێز سهرۆكى ههرێمى كوردستانيش سوپاسى پشتگيرى و هاريكاريى ئێرانى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان كرد. له تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكهدا داكۆكييان له پێويستى و گرنگيى بهردهواميى ههماههنگى و هاريكاريى هاوبهشى كۆمارى ئيسلاميى ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان كردهوه بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى ناوچهكه.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ نمەباران هەندێكجار بۆ تاوەباران و بروسکەی ناوبەناو دەگۆڕێت و سبەینێش ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، لە کاتەکانی بەیانى زو تاوەبارانی مام ناوەند و هەورە تریشقە دهبێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران و هەندێک جار بۆ تاوەباران و بروسکەی ناوبەناو دەگۆڕێت لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم، هاوکات رێژەی دابارین لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، بەراورد بە دوێنێ، پلەکانی گەرما یەک بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە. سەبارەت بە کەشوهەواى سبەینێ سێشەممە، ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، لەکاتەکانی بەیانى زوو تاوەبارانی مامناوەند وهەورەتریشقە لە سنوورى باشووری پارێزگاى دهۆک و سنوورى پارێزگاى هەولێر دەبێت پاشان کاریگەری بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم درێژدەبێتەوە و لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری لاواز دەبێت". بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بە نزیکەى 1-3 پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ". لەراگەیەندراوەکەدا بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمجۆرە دیارییکراوە: هەولێر : 24 سلێمانی : 22 دهۆک : 22 زاخۆ : 23 هەڵەبجە : 23 کەرکوک : 28 سۆران : 24 حاجی ئۆمەران : 13 گەرمیان : 29
هاوڵاتی شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی بەرگریی شارستانی، زیاتر لە 370 دووکان سووتاون. هاوکات دوو لیژنە بۆ دیاریکردنی زیانە ماددییەکان و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە پێکهێندراون و ئەمە چوارەم ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەیە لەم ساڵدا لەناو بازاڕەکانی هەولێردا. شەوی رابردوو ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دوای نزیکەی سێ کاتژمێر توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانیش بریندار بوون وقایمقامی هەولێر رایگەیاند، ئێستا مەترسی نەماوە ئاگر دروست ببێتەوە و تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە، "بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی 372 دووکان سووتاون، بەڵام ئەوە ژمارەی کۆتایی نییە." سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە وتیشی، "تاوەکو ئێستا هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە دیارنییە." ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر چوارەم ڕوداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لەمساڵدا، پێستریش لە ٢٧ـی شوباتی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئەوکات پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ١٦٦ دوکان بەتەواوی سوتاون نزیکەی ٩٠ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە کە ٢٤ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کران. دواتر و لە ٨ـی نیسانی ئەمساڵدا، دووبارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و ئەمجارە بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٥٠ دوکان سوتان، ئەوەش سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە. هاوکات لە ٢٣ـی نیسانی ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین دوکان سوتان و کاسبکاران دووبارە زیانێکی زۆریان بەرکەوت. جێگەیباسە لە سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا لەمساڵدا، زیانێکی زۆر بەر کاسبکار و خاوەن دوکانەکان کەوتووە و زۆری ڕوداوەکانی ئاگرکەوتنەوەش گومانی لای هاوڵاتییان و کاسبکاران دروست کردووە.
هاوڵاتی ئهندامێكی ئهندامی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق لهدوای كۆبونهوهیان لهگهڵ محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیران رایدهگهیهنێت، موچهی مانگی (نیسان/4)ی 2024ی فهرمانبهرانی ههرێم بهدهستپێكردنی تهوتین و ڕادهستكردنی داهاتی ناوخۆ، رهوانه دهكرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە. بەگوتەی سۆران عومەر لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سوودانی گوتوویەتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تازە رازیی بووە کە داهاتی نانەوتی رادەست بکات و بانکی TBIیش دەست بە تەوتین بکات؛ مووچەی مانگی نیسان بە دەستپێکردنی تەوتین و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت". سۆران عومهر ئاماژهی بهوهشكردوه، "پرسیم ئایا تهنها بانكی TBI دهتوانێت تهوتین بكات، وتی بهڵێ لهگهڵیان دانیشتوم ئامادهییان ههیه، دهربارهی قبوڵكردنی (ههژماری من) ئاماژهی بهوهكرد جارێ ئهوهی لهوێ حسابی بۆكراوهتهوه قبوڵی ئهكهن، ئهوی دیكه له تی بی ئای حسابی بۆ دهكرێتهوه، موچهی مانگی (نیسان/4)یش بهدهستپێكردنی تهوتین و ڕادهستكردنی داهاتی ناوخۆ دێت". حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی هەیە و عێراقیش پڕۆژەی 'تەوتین'. وەزارەتی دارایی لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هاوئاهەنگی دەکات کە بەشدار بێت لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. وەزیری دارایی هەرێمیش ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە ئاماژەی دا بەوەی "بانکی TBI بەشدارە لە پڕۆژەی 'هەژماری من'." ئاوات شێخ جەناب گوتی ''هەژماری من، بانک نییە، بەڵکو سیستمە و چەندین بانک لەخۆدەگرێت کە سەرجەمیان متمانەپێکراوی بانکی ناوەندیی عێراقن.''
هاوڵاتی ئهمڕۆ یهكشهممه حكومهتی ئیسرائیل بریاریدا پهخشی كهناڵی جزیرهی قهتهری به ههردوو زمانی عهرهبی و ئینگلیزی رابگرێت. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرهوه كه راگرتنی پهخشی كهناڵی جزیره بههۆی ههڵكشانی ناكۆكی نێوان كهناڵهكه و حكومهتی ئیسرائیلە لهسهر شهڕی غهززه. لهسهر ئهو ناكۆكییانه، وهك فرانس پرێس ئاماژهی پێداوه، حكومهتی تهلئهبیب ئهمڕۆ یهكشهممه بریاری راگرتنی پهخشی كهناڵهكهی به ههردوو زمانی عهرهبی و ئینگلیزی بۆ ماوهی 45 رۆژ داوهو ئهگهری درێژكردنهوهی ئهو ماوهیهش بهردهسته. دوای چهند كاتژمێرێكیش له دهرچونی بریارهكه، شاشهی كهناڵی جزیره له ئیسرائیل رهش كرا و لهسهری نوسرا "پهخش له ئیسرائیل راگیراوه". هاوکات بەرپرسێکی ئیسڕائیل و سەرچاوەیەکی ئەلجەزیرە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندوە، دوای فەرمانێکی حکومەتی ئیسڕائیل بۆ داخستنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورێکی هۆتێلێکی ئۆرشەلیم کە لەلایەن ئەلجەزیرەوە وەکو ئۆفیسێکی نافەڕمی بەکارهێندراوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، ئەفسەرەکان کەلوپەلی کامێراکان لە ژووری هۆتێلەکەدا لادەبەن، سەرچاوەکەی ئەلجەزیرە وتی هۆتێلەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بووە. لە وڵامی ئەم ڕێوشوێنانەی حکومەتی ئیسرائیلیش ئەلجەزیرە ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی حکومەتی ئیسڕائیل " تاوانکارییە " و ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە کەناڵەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست کردبێت و وتی " تۆمەتەکان درۆیەکی مەترسیدار و بێمانان " و ڕۆژنامەنووسەکانیشی دەخەنە مەترسییەوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە مافی خۆیەتی " سەرجەم هەنگاوە یاساییەکان " بگرێتەبەر. لەم بارەیەوە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی " بە داخەوەین بۆ بڕیارەکەی کابینەکە بۆ داخستنی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل. میدیای ئازاد و سەربەخۆ زۆر گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافییەت و لیپێچینەوە. ئازادی ڕادەربڕین مافێکی مرۆڤی سەرەکییە." داخستنی ئەم کەناڵە دوای ئەوە هات مانگی ڕابردوو پەرلەمانی ئیسڕائیل یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا ڕێگە بە داخستنی کاتی ئەو کەناڵە بیانییانەی ناو ئیسڕائیل دەدات کە وەکو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دادەنرێن ،یاساکە ڕێگە بە حکومەتی ئیسڕائیل دەدات بۆ ماوەی 45 ڕۆژ ئۆفیسەکانی کەناڵەکان لە ئیسڕائیل دابخات، دەکرێت ئەو ماوەیە درێژیش بکرێتەوە.
هاوڵاتی لە دووهەمین رۆژی گەڕی نوێی وتووێژەکانی قاهیرە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە جەنگی غەزە، قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس، هیواکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کاڵ کردۆتەوە. بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی نیسان ڕایگەیاند، "هەرچەند ئیسرائیل دەیەوێت جەنگی غەزە بە مەبەستی ئازادی بارمتەکان رابگیردرێت، بەڵام حەماس، سوورە لە سەر هەڵوێستە توندڕەوانەکانی و دەیەوێت ئێمە هەموو هێزەکانی خۆمان لە کەرتی غەزە بکێشینەوەو جەنگ کۆتایی پێ بێت و بهێڵین جارێکیتر حەماس بە دەسەڵات بگاتەوە، ئیسرائیل بەم شتە رازی نییە." وتیشی، ڕازی بوون بە خواستەکانی حەماس بە مانای " خۆبەدەستەوەدان"ی ئیسرائیلە و جارێکیتر جەختی کردەوە ئیسرائیل تا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژە بە جەنگ ئەدات. "لەناوبردنی تەواوەتی حەماس" وەک ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل زۆرجار لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەوە باسی لێوەکراوەو رایانگەیاندوە ئامانجیان لە هێرش بۆ سەر غەزە نەهێشتنی تەواوەتی حەماسە. لە بەرامبەردا و وەک وەڵامدانەوەی وتەکانی نتانیاهۆ، ئیسماعیل هەنیە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس لە راگەیاندنێکدا باسی لەوە کرد کە ، حەماس دەیەوێت ئاگربەستێکی گشتگیر بگەن کە کۆتایی بە "داگیرکاری" ئیسرائیل بهێنێت، گەرەنتی بێت بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەزە و بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ زیندانییە فەلەستینییەکان بگۆڕدرێنەوە." هەنییە لەم راگەیاندنەدا باسی لەوە شکردووە کە ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر فەلەستین و جەنگ بەربڵاوتر بێت و کێشە بۆ هەوڵەکانی نێوانگیرەکان و لایەنە جیاوازەکان دروست بکات. هاوکات سەرچاوە فەلەستینییەکان بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە، حەماس سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە هەر رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست ئەبێ بە مانای کۆتایی هاتن بە جەنگ بێت. لەهەمانکاتدا سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕازی کردنی ئیسرائیل ،بەڵآم هێشتا نوێنەرەکانی خۆی نەناردووە بۆ قاهیرە و گفتووگۆکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس و لە ڕێگای نێوانگیرەکانەوە بەڕێوە ئەچێت. سەبارەت بە هۆکاری ئەمەش بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی رۆژی شەممە ٤ی ئەیار بە میدیاکانی فەڕەنسای گوتووە ، ئیسرائیل کاتێک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامادەی دانوستانەکان دەبێت کە بزانێت ت پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتووگۆکاندا هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. رۆژی هەینیش ٣ی ئەیار، رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەکی میسرییەوە رایگەیاندبوو، ئیسرائیل ١ هەفتە مۆڵەتی بە حەماس داوە بەوەی رازی بێت بە رەشنووسی رێککەوتنەکان کە ئامادە کراوە، بە پێچەوانەوە هێرشی سەربازی بۆ سەر رەفەح دەست پێدەکات. قسەکردن سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح لەکاتێکدایە کە ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوانی ئیسرائیل و یەکێک لە وڵاتە نێوانگیرەکان لە وتووێژەکان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، زۆرجار دژایەتی خۆی لە هێرش بۆ سەر رەفەح دەربڕیوە بەتایبەت گەر پلانێکی گونجار نەخرێتە روو بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی کە بۆ ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون. ههوڵهكانی نێوهندگیری میسر، قهتهر و ئهمریكا، بۆ گهیشتن به ئاگربهست لهنێوان ئیسرائیل و بزووتنهوهی حهماس له كهرتی غهززه، چهند مانگێكه له پشت پهردهوه بهردهوامه. هێشتا نزیكهی 129 بارمتهی ئیسرائیلیمان له غهززه ههیه، له كۆی نزیكهی 250 بارمته كه له 7ی تشرینی یهكهمی ساڵی ڕابردوودا لهلایهن حهماسهوه دهستبهسهركرابوون، لهكاتێكدا بهپێی وتهی بهرپرسانی ئیسرائیل 35یان گیانیان لهدهست داوه. نوێترین هێرشی حەماس ؛ هێرش بۆ سەر ڕێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم: لە کاتێکدا وتووێژەکان لە قاهیرە بەڕێوە ئەچێت، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ ئەیار رایگەیاند حەماس هێرشی کردۆتە سەر "رێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم" لە نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەزە و بەم هۆیەوە ڕێگاکە داخراوە. بە وتەی سوپای ئیسرائیل، "حەماس بە هەڵدانی ١٠ مووشەک هێرشی کردۆتە سەرئەو ڕێگایە و ئەوەش بۆتە هۆی وەستاندن و راگرتنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە هاوڵآتیانی ئاوارەی کەرتی غەززە." دوا بە دوای هێرشەکەش لقی سەربازی حەماس چەند کاتژمیر دواتر بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ و وتی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە نزیک رێگای کەرەم شالووممان کردۆتە ئامانج.
هاوڵاتی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لەرێگەی سەنتەرەکانی جوانکارییەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، حەسەنین سەفا شوبەر، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق رایگەیاند، "نەخۆشی درێژخایەنی ئایدز ئەگەر چارەسەرنەکرێت مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکات، بەو پێیەی بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری لەش". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو سەنتەر و کلینکانەی کاری جوانکاریی یان تاتۆیان تێدا دەکرێت و بەدەر لە رێنماییە پزیشکییەکان کاردەکەن و مۆڵەتی کارکردنیان نییە هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە". سەندیکای پزیشکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 638 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 470 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی لە ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلار کاسبکارێک بەهۆی کەوتی کەلەی بارهەڵگر بەسەردیدا گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلار لەکاتی گۆڕینی چوپی هەوای ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کەلەی ئۆتۆمبێلەکە بەسەر شاگردی دوکانەکەدا کەوت و لەئەنجامدا گیانی لەدەستدا". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوەی گیانی لەدەستداوە بەناوی (غەزوان غازی خلیل) لەدایکبووی 2005 دانیشتوی قەزای کەلارە، لەئێستادا تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلارکراوە و خاوەنی دوکانەکەش راگیراوە".
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار روونکردنەوە دەدات و هۆکاری دواکەوتنی بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردوومانە و هۆکاری دواکەوتنی مووچە، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقە، هەروەها دەبێت ئەم هەفتەیە پارەی مووچە بگات". ئاماژەی بەوەداوە، "بەراورد بە مانگەکانی دوو و سێ، نەخێر هیچ پارەیەکی زیادە داوانەکراوە لە حکومەتی عێراق"، روونیشیکردەوە، "ژمارەکە کەمێک زیاترە لەوەی دێت ئێمە 969 ملیار دینارمان داوا کردووە و ئەم مانگەش 970 ملیارمان داوا کردووە، بەڵام عێراق نزیکەی 20 ملیارێکی لێ دەبڕێت کە بەشی خانەنشینانە".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئاشکرادەکات و دەڵێت "دوو شەپۆلی دیکەی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە". ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "پێشبینیدەکرێت بەهۆی هاتنی هەور لە تورکیا و دروستبوونی هەوری ناوخۆیی ئەمرۆ یەکشەممە تاوە باران و هەوره بروسکە دەستپێبکاتەوە سەرەتاش لە ناوچەکانی بادینانەوە دەبێت و دواتر بۆ سنوری هەولێر و ئینجا کۆیە و ئیدارەی راپەرین، دواتر ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و دەوروبەریان دەگرێتەوە ئەگەری هەیە بەشێکی ناوچەکانی گەرمیانیش بگرێتەوە". ئاماژەی بەوەشکر، "چەقی کاریگەری ئەم حاڵەتە بە زۆری کاتەکانی نیوەڕۆ و دوانیوەڕۆ بۆ کاتەکانی مەغریب دەبێت لە بەشێک شوێن ئەگەری تاوەبارانی بەهێز هەیە لەگەڵ روودانی هەوره بروسکە و تەرزە وە تەرزەی قەبارە گەورەش ئەگەر کراوەیە بۆ هەندێک شوێنی دیاری نەکراو هاوکات لەکاتی تاوەکاندا خێرایی با زیاد دەکات ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیه لە هەندێک شوێن و دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێن ئەگەرێکی کراوەیە تایبەت ئەو شوێنانەی تاوەی بەهێز دەیانگرێتەوەو مەترسییان لەسەرە". ئەو شارەزای کەشناسە وتی، "دووبارە لە درەنگانی ئەمشەوە بۆ سبەی دووشەممە بەتایبەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی تری بەرفراوان و چالاکی دەریای ناوەڕاست کە بارانی تر بەو هۆیەوە دەستپێدەکاتەوە بەشێوەی گشتگیر کە تا چوارشەممە کاریگەری دەمێنێتەوە ناوبەناو بۆ چوارشەممەش ئەگەری رێژنەی لابەلا هەیە لەمەودای کاریگەری ئەم شەپۆلەشدا پێشبینی بارانێکی زۆر باشی لێدەکرێت، هەروەها بارانی زۆریش لەو ناوچانە دەبارێت کە لە حاڵەتی پێشتر تێیاندا کەمتر باری بەنسبەت ناوچەکانی تر وەک بیتوێن و پشدەرو کۆیە پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 تا 4 پلە دادەبەزێتەوە لە شاخە زۆر بەرزەکان ئەگەری بارینی بڕێک بەفر هەیە لەگەڵ رودانی هەورە بروسکەی بەهێز و ئەگەرەکانی روودانەوەی لافاو لەسەر بەشێک ناوچە تایبەت ئەو شوێنانەی مەترسیان لەسەرە". وتیشی، "لە هەفتەی دوا تریشدا شەپۆلێکی دیکەی باران دەرکەوتووەتەوە، بەڵام بەهارە و گۆڕانکاریەکان خێرا رووەدەن لەگەڵ جێگیربوونی باسی دەکەین".