میلیشیاکانی ئێران لە عێراق لە مەترسیدان

24 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمریکا هۆشداریداوە و مارک ساڤایاش هەڕەشە دەکات
واشنتن دەستی بە جموجوڵی نوێ کردووە بۆ جڵەوکردنی ئەو میلیشیایانە

ئامادەکردنی هاوڵاتی
ئەمجارە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق جیاوازە و بەراوشکاوی بە بەرپرسانی بەغدای گوتووە، رازی نابن ئەو میلیشیایانە هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، ئەگەر نا هەموو بژاردەیەکیان لەبەردەمدا کراوەیە و هێرشی ئاسمانیش یەکێک دەبێت لەو بژاردانە.

واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە حکومەتی داهاتووی عێراق بەبێ دەستوەردان و هەژموونی ئەو میلیشیایانە پێکبێت.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێت، واشنتن کۆمەڵە سزایەکی تووندی ئامادەکردووە و لیستێکی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە کە ناوی کۆمەڵێک کەسی بەناوبانگی تێدایە کە ئێستا پەرلەمانتاران و نزیکن لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. 

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەمان شتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی حەدەس پستڕاستکردەوە و گوتی، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گروپە چەکدارەکانی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکو بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات.

پێش هەڵبژاردنی عێراق، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی هۆشداری بە بەغدا داوە بەهیچ جۆرێک دان بە حکومەتی نوێی عێراقدا نانێت ئەگەر تەنها یەک وەزارەتیش بدرێت بە میلیشیاکانی ئێران.

مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ باسی لەمە کرد و پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی عێراق کرد کە نەکەن بەهیچ شێوەیەک حکومەتی داهاتووی عێراق رادەستی میلیشیاکانی ئێران بکەن.

لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، مارک ساڤایا لە تۆڕی ئێکس نووسی: هیچ دەوڵەتێک سەرکەوتوو نابێت لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکان بەربەرەکانێی حکومەت بکەن و لە دەسەڵاتی دەربچن. 

مارک ساڤایا بەراشکاوی پەیامی بۆ سەرکردە عێراقییەکان نارد و گوتی: بڕیاری داهاتووی عێراق لەدەست خۆتانە و ئێوە بڕیار دەدەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری هەنگاو بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ پەرتبوون و لاوازی. ئەگەر بڕیارێکی دروست و عاقڵانە بدەن ئەوا عێراق پێگەیەکی سەقامگیر و رێزلێگیراوی لەنێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەکەن رووبەڕووی داخزانی ئابووری، شپرزەیی سیاسیی و پەراوێزبوونی نێودەوڵەتی دەبنەوە. 

میلیشیاکانی عێراق لە مارک ساڤایا تووڕەن و بە "خیانەتکار" ناویدەبەن. لەم هەفتەیەدا ئەبو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتائیبی حزبوڵا هۆشداری بە سیاسەتمەدارانی عێراقدا کە مامەڵە لەگەڵ "ساڤایای خیانەتکار" نەکەن، ئەگەر نا خەڵک وەک داردەستە و ئامرازی ئەمریکا سەیرتان دەکەن. گرووپەکە پێشتریش هەڕەشەی ناردنەوەی ساڤایای بۆ ئەمریکا کردووە.

هەر ئەمەش نییە، ئەکرەم ئەلکەعبی، سەرۆکی حەرەکاتی نوجەبا لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەڕەشەی لە سیاسەتمەداران کرد و گوتی: ئەگەر ساڤایا بێدەنگ نەکەن، خۆمان دێین و بەردێک دەخزێنینە ناو دەمی.

پێشتر پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تووندترین هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کرد و گوتی: هەر دەستوەردانێکی گرووپە میلیشیاکان لە کاروبارەکانی ئەمریکادا، وەڵامەکەی هێرشی تووند دەبێت و ئێستا ئەو گرووپانە لەبن دەستماندان. 

هێگسس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی 11 خولەکیدا ئەمەی بە هاوتا عێراقییەکەی گوت و لە کۆتە قسەشیدا گوتوویەتی: ئەمە دواین ئاگادارکردنەوەیە و خۆت باش دەزانیت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەڵامی چۆن دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار