هەڤاڵ ئەبوبەكر داوا لەهاوڵاتیان دەكات بە پاس بچن بۆ بازاڕ

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزگاری سلێمانی ژمارەیەك وێنەی خۆی لەناو پاسێكدا ئەمڕۆ هەینی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەناو بازاڕەكەی سەرچنارەوە بە 22 خولەك چوومە ناو جەرگەی بازاڕ، دەكرێت هەمو هاوڵاتیان پاس بەكاربهێنن".
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی "ئەمڕۆ هەینی، كاتژمێر 10:00ی بەیانی، لە ناوبازاڕەكەی سەرچنارەوە، سواری پاسێكی كۆستەری 21 نەفەریی بوم، تا گەیشتینە گەراجی پاسەكانی سەرچنار لە فولكەی نالی، بەهەمو وەستان و ترافیكەكانی رێگا، تەنها 22 خولەكمان پێچو، بەدرێژایی ئەو ڕێیە، پاسەكە تەنها پێنج نەفەری تیابوو".
ناوبراو دەشڵێت:"ئەو 22 خولەكە ماوەیەكی گونجاو و كەمە بۆ گەیشتن بۆ ناوجەرگەی بازاڕ، داهاتی هێڵەكانی گواستنەوەی گشتیی دیاریكراوە، دەكرێت هەمومان گواستنەوەی گشتیی بەكاربهێنین، بەهەمو ئەو تێبینیانەی هەشمانن لەسەر جۆر و مۆدێل و شێوەكانیشیانەوە، بەڵام خزمەتێكی گەورە پێشكەش دەكەن، سوپاس بۆ شۆفێرانی گواستنەوەی گشتیی كە بە ئارامییەكی ئەیوبییانە، بەردەوامن".
"سوپاس بۆ ئەو هاوڵاتییانەی گواستنەوەی گشتیی بەكاردەهێنن، پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی خۆیان و داهاتیان و بژێوی ئەوانی دیكە ژینگە و هاتوچۆ و دروستنەبونی قەرەباڵغیی، دەپارێزن"، پارێزگاری سلێمانی وا دەڵێت.
