ئومێد خۆشناو: داوا لە تۆمەتباران دەكەین خۆیان رادەستی پۆلیس بكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
پارێزگاری هەولێر داوا لە تۆمەتبارانی رووداوی كوشتنی مامۆستاكانی زانكۆ دەكات خۆیان رادەستی پۆلیس بكەن.

ئەمڕۆ كاتژمێر  8:30   خولەك لەبەردەم كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین خوێندكارێك دەستڕێژی گوللـەی لە "كاوان ئیسماعیل" راگری كۆلێژەكە كردووە و لەگەڵ پاسەوانێكی پرسگەی كۆلێژەكە بەسەختی برینداربوون، بەڵام دوای مانەوەی بۆ چەند كاتژمێرێك راگری كۆلێژی سەڵاحەدین گیانی لەدەستدا.

سەرەتا خوێندكارەكە تەقەی لە پاسەوانی كۆلێژەكە كردووە كە گولـلە یەك بەر سنگی كەوتووە و دواتر چووەتە ژووری كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسا و تەقەی لەویش كردووە و سێ گولـلەی بەركەوتووە كە یەكێكیان بەر سەری كەوتووە.
لە دوو رۆژی رابردوو كۆلێژی یاسا نمرەی كۆتای داوەتەو بە خوێندكاران، بەهۆكاری ئەوەی خوێندكارەكە لە تاقیكردنەوەكاندا دەرنەچووە، دەمەقاڵە لەنێوان خوێندكارەكە و راگری كۆلێژی یاسادا دروستبووە.

دوای بەدوای روداوەكە پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی هەولێر رایگەیاند:" دوای ئەوەی كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی سەڵاحەدین پێنج گولـلەی بەركەوت بە سەختی برینداربووە و نەتوانرا لە نەخۆشخانە ژیانی رزگاربكرێت و گیانی لە دەستدا".
هەروەها راشیگەیاند:" داوا لە تۆمەتباردەكەین خۆی رادەستی پۆلیس بكات، چونكە كەسێكی نەناسراونییە لەلای پۆلیسەوە و دەتوانن بیدۆزنەوە و رادەستی دادگای بكەن".

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەروو كە ئەو خوێندكارەی بەیانی ئەمڕۆ كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای بریندار كرد، دوو ساڵ پێش ئێستا لە زانكۆی سۆران خوێندكاری بەشی یاسا بووە و فەسڵ كراوە.

" خوێندكارەكە هەوڵیداوە گواستنەوە بكات لە زانكۆی سۆرانەوە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵەحەدین رازی نەبووە وەری بگرێت كێشەی لەگەڵدا هەبووە و خوێندكارەكە هەڕەشەی لێكردووە"، ئومێد خۆشناو وای وت.

كاوان ئیسماعیل لە دادگا سكاڵای لەسەر خوێندكارەكە تۆمار كردووە و بڕیاربووە ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای هەبێت، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بچێتە دادگا چووەتە سەر ماڵی ئەو مامۆستایەی لە زانكۆی سۆران فەسڵی كردووە، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی لە ماڵ نەبووە، دكتۆر ئیدریس عیزەت، كە هاوسەری ئەو مامۆستایەیە، رفاندوویەتی و دواتر كوشتوویەتی.

ئیدریس عیززەت دوو كچی هەیە، بەڵام كەسیان لە ماڵ نەبوون كاتێك خوێندكارەكە چووەتە سەر ماڵەكەیان.

دوای كوشتنی ئیدریس عیززەت، خوێندكارەكە چووەتە كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین، لە ئەنجامدا پاسەوانی كۆلێژەكە و دكتۆر كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای بەسەختی برینداركرد و دواتر " كاوان ئیسماعیل"لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار