قوباد تاڵەبانى: حکومەت ئامادەیە بۆ پتەوکردنی ژێرخان و دووبارەنەبوونەوەی لافاو

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئیدارەی گەرمیان کرد کە پێکهاتبوون لە سەرپەرشتیاری ئیدارەکە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ئاماژەی بە کارەساتی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی سنووری گەرمیان کرد و خەم و دڵتەنگیی خۆی بۆ ئەو زیانە زۆرەی بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کەوتووە دەربڕی. بەتایبەتی، هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە نیشاندا کە لە شاری کەلار بەهۆی لافاوەکەوە گیانی سپارد.

قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی حکومەتی بۆ هاوکاریکردنی خێرای دامودەزگاکانی گەرمیان و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشە ژێرخانییانە دووپاتکردەوە کە هۆکاری دووبارەبوونەوەی لافاون.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گەشەپێدانی ئابووری و ئاوەدانی لە گەرمیان. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر پێویستیی پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە کردەوە و داوایکرد گرنگیی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی پیشەسازی بدرێت.

لەلایەن خۆیەوە، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پوختەیەکی لەسەر پلانی ئیدارەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئێستای سنوورەکە خستەڕوو. لە کۆتاییدا، شاندی ئیدارەی گەرمیان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ بەدەمەوەهاتنە بەردەوامەکانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار