مەسرور بارزانی داوای روبەڕوبونەوەی تاوانباران دەكات لە هەر پلە و ئاستێكدابن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەبارەی كوشتنی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی دەڵێت:" دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕكردنی چەكی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەكاران لە هەر پلە و ئاستێكدا بن."
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی رووداوی كوژرانی دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بڵاوكردەوە و دەڵێت"زۆر خەمبارم بە شەهیدبوونی د. كاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان، لەدەستدانی ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە، كارەساتێكی دڵتەزێنە. پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكار و بنەماڵە بەڕێزەكانیان و لە خۆمانیش دەكەم و هاوبەشی خەمیانم".
هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، توانییان لە ماوەیەكی كەمدا، تاوانبار دەستگیربكەن و رادەستی یاسای بكەن، بۆئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات.
هاوكات، مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە" دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان، هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕكردنی چەكی بێ مۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و خراپەكاران لە هەر پلە و ئاستێكدا بن."
