قوباد تاڵەبانی: وەعدێكمان بە خەڵكی كوردستان داوە كە خزمەتكاربین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" وەعدێكمان بە خەڵكی كوردستان داوە كە خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بین".
ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەموزی 2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دوای كردنەوەی دوو نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی، رایگەیاند:"سوپای وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەكەم نەك تەنها بۆ كردنەوەی ئەم دو نەخۆشخانەیە، بەڵكو بۆ ئیدارەدانی دۆخی تەندروستی سەرەڕای ئەم هەمو فشارانەی كە كەوتونەتە سەر هەرێمی كوردستان كە لەسەردەمی كۆرۆناوە بیگرە تا قۆناغەكانی دوای كۆرۆنا".
ناوبراو راشیگەیاند:" ئێستا كێشەی كۆلێراو سكچونی هاتوەتە سەر لە هەمو ئەم تەحەدایانە كەرتی تەندروستی لەسەر پێی خۆی وەستا و توانی روبەڕوی ئەو هەمو تەحەدیاتانە ببێتەوە، كە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و كارمەندانی تەندروستی".
فوباد تاڵەبانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە "سەرۆك وەزیران، بەندە، وەزیری تەندروستی، بریكاری وەزارەتی و هەمو ئەوانەی كە بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە وەعێدێكمان بە خەڵكی كوردستان داوە كە خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بین و گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی بەشێكە لەو بەڵێنە، كە ئێمە دەبێت خزمەت بگەیەنین بە هاوڵاتیان".
هاوكات، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی روونكردەوە كە ژێرخانێكی بەهێزی تەندروستی هەیە لە هەرێمی كوردستان و سلێمانی، سەرەڕای ئەو فشارە داراییانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە بەڵام نەبوەتە رێگر لەبەردەم پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی.
