خۆپیشاندان لە چین لە دژی ڕێوشوێنەکانی کۆڤید-١٩ لە پەرەسەندندایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کۆتای ھەفتەی پێشووەوە بە ھەزاران خۆپیشاندەر لە چین ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد کۆتای بھێنرێت بە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتە و تەنانەت ھەندێکیان داوایان کرد سەرۆکی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی بێتە خوارەوە .

خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە دەستیانپێکرد دوای ئەوەی ئاگر لە ئەپارتمانێکی بەرز لە شاری ئورومقی ڕۆژئاوای چین کەوتەوە لە ڕۆژی پێنجشەممەداو تیایدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا  زۆربەی چینیەکان باوەڕیان وایە کە ڕێوشوێنەکان سنووردارکردنی کۆڤید بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکی نەتوانن لە ئەپارتمانەکە بێنە خوارەوەو لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لەوە دەکەن.

لە پەکین خۆپیشاندەران بۆ قوربانییەکان ئێشکگرییان ئەنجامدا و لە دژی سنوردارکردنی کۆڤید خۆپیشاندانیان کرد و خەڵکێکی زۆر کاغەزی سپییان وەک سیمبۆلی سانسۆڕ کردن و چاودێریکردنی خەڵکی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتە بەرز کردەوە .

ژمارەیەکی زۆریش بەربەست لەو شوێنانەی شەنگەھای دانراوە کە چەند شەوێک خۆپیشندەران تیایدا کۆبونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزای.

ھەروەھا لە خۆپیشاندانەکانی شەوی شەممەدا بە ڕونی دەبیسترا کە خۆپیشاندەران ھاواریان دەکرد کە سەرۆکی چین و حیزبی شیوعی لە دەسەڵات بێنە خوارەوە و بڕیاربوو ڕۆژی دوو شەمە لە پەکین خۆپیشاندان دەستپێبکاتەوە بەڵام نەکرا بەھۆی ئەوەی ھێزێکی زۆر لەو شوێنەی بڕیاربوو خۆپیشاندانەکان ئەنجام بدرێت بڵاوکرابۆوە .ھاوکات  بەیانی سێشەممەش لە ھەردوو شاری بێیژین و شانگھای پۆلیس بە شەقامەکاندا بڵاوکرابونەوە بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندان .

ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە پۆلیس خەڵکی ڕاگرتووە و بە دوای تەلەفۆنەکانیاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی پشکنین بکەن کە ئایا (VPNs) یان هەیە یان نا، هەروەها ئەو کاربەرنامانەی وەک تێلێگرام و تویتەر کە لە چین بلۆک کراون لە مۆبایلەکانیاندا ئیش دەکات ، هاوکات ئەو کەسانەی لە چین ئامادەبوون لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی هەفتە دژی ڕێوشوێنەکانی سنووردارکردنی کۆڤید دەڵێن لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندیان پێوەکراوە. چەند کەسێک لە پەکین "وتیان کە پۆلیس داوای زانیاری کردووە دەربارەی شوێنی ژیانیان وتیشیان ڕون نییە پۆلیس چۆن زانیوێتی کێن" ئافرەتێک بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی ڕاگەیاند "پێنج هاوڕێی کە بەشدارییان لەخۆپیشاندانێکدا کردووە لە پەکین پەیوەندی تەلەفۆنیان لەپۆلیسەوە پێگەیشتووە ھەروەھا لەحاڵەتێکدا ئەفسەرێکی پۆلیس سەردانی ماڵی یەکیک لە هاوڕێکانی کردووە دوای ئەوەی وەڵامی مۆبایلەکەی نەداوەتەوەو پرسیاری ئەوەیان کردووە کە ئایا سەردانی شوێنی خۆپیشاندانیان کردووە یان نا، پۆلیسەکە جەختیشی لەوە کردەوە کە خۆپیشاندانەکان "کۆبوونەوەی نایاساییە".

وەک ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس کە بۆ ڕوماڵی ڕوداوەکان لەو وڵاتەن دەستگیر کراون و پاشان بەردراون لە ئێستادا بەرپرسانی ئەو وڵاتە ژمارەیەک بەرنامەیان لەو وڵاتە بلۆک کردووەو بەردەوام تۆڕەکانی ئینتەرنێت پاک دەکەنەوە لە ھەر پۆستێک کە باس لە خۆپیشاندان بکات .

ھەروەھا ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیان نوێ کردەوە بۆ خێراکردنی هەوڵەکان بۆ کوتانی کەسانی بەتەمەن. بەھۆی ئەوەی ڕێژەی کوتان لە نێوان بەساڵاچواندا تا ڕادەیەک نزمە بۆ زوتر کۆتایھێنان بە ڕێوشوێنەکان

ھەروەھا دوور لە پەکین و شەنگهای، دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی ناڕەزایی تووڕەیی بوونەوە کە پەیوەستن بە سنووردارکردنی کۆڤیدەوە هەفتەی ڕابردوو لە گەورەترین کارگەی ئایفۆنی جیهان لە شاری ژێنژو لە پارێزگای هانان کە زیاتر لە 200,000 کرێکار لە مانگی ھەشتەوە کەرەنتینە کراون لەو کارگەیەدا ، پێکدادانی توندوتیژ ڕوویدا.

بەڵام خودی شاری ژێنژوو، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی شەش ملیۆن کەسە ، سەرجەمی شارەکە کەرەنتینە کراون و ناتوانن ماڵەکانیان بەجێبھێڵن ، خەڵک ناتوانن ناوچەکە جێبهێڵن مەگەر تاقیکردنەوەیەکی نەرێنی کۆڤیدیان هەبێت.

هەروەها لە ووهان خۆپیشاندان ئەنجام درا-  ئەو ناوچەیەیە کە  کۆڤید-19 یەکەم جار دەرکەوت. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نیشانی دەدات کە خۆپیشاندەران ھەوڵدەدەن ئەو پەرژینانە بشکێنن کە وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریکردن لە کۆڤید دروست کراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار