لاهوڕ شێخ جەنگی: مامۆستا شەڵماشی لە بواری زانست و نوسین خزمەتێکی زۆری پێشکەش کردوە

9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- هەمیشە هەوڵی تەبایی و پێکەوەژیانی دەدا.
- کەسایەتیەکی ئایینی دیاری کوردستان و نیشتیمانپەروەر بوو.
لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل ڕایگەیاند مامۆستا مەلا محەمەد ئەمین شەڵماشی کەسایەتیەکی ئایینی دیاری کوردستان و نیشتیمانپەروەر بوو.
لاهور شێخ جەنگی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند مامۆستا مەلا محەمەد ئەمین شەڵماشی لە بواری زانست و نوسین و وەرگێڕان و فەرهەنگیشدا خزمەتێکی زۆری پێشکەش کردوە.
دەقی بەیاننامەكە:
بە ناوى پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان بنەماڵەو خانەوادەی مامۆستا مەلا محەمەد ئەمین شەڵماشی
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ماڵئاوایی کەسایەتی دیار و نوسەر و ڕوناکبیر و زانای ئایینیی کوردستان مامۆستا مەلا محەمەد حەمەئەمین مستەفا ناسراو بە (مامۆستا مەلا محەمەد شەڵماشی)مان بیست ، کە خەمبار و نیگەرانی کردم، بۆ ئەو کۆستە هاوبەشى خەم و پەژارەتان دەکەم و پرسە و ماتەمینى قووڵیى خۆم ئاڕاستەى یەک بە یەکى خانەوادە و بنەماڵە بەڕێزەکەتان و سەرجەم مامۆستایانی ئاینی کوردستان دەکەم.
مامۆستا مەلا محەمەد ئەمین شەڵماشی کەسایەتیەکی ئایینی دیاری کوردستان و نیشتیمانپەروەر بوو، لە بواری زانست و نوسین و وەرگێڕان و فەرهەنگیشدا خزمەتێکی زۆری پێشکەش کردوە، هەمیشە هەوڵی تەبایی و پێکەوەژیانی دەدا، لەهەموو دیدار و پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ مامۆستا مەلا محەمەد ئامۆژگاریی و وانە جوانەکانی لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە هەمیشە نزیکبین لە خەڵک و خۆمان بە خزمەتکاری گەلەکەمان بزانین، بەداخەوە ئەمرۆ بۆ دواجار بەجێی هێشتین و گەڕایەوە لای پەروەردگار.
لە پەروەردگارى مەزن داواکارین گیانى مامۆستا مەلا محەمەد شەڵماشی بە بەهەشت شاد بکات، دڵنەوایی و سوکناییش بە خێزان و خانەوادە و خزم و دۆستانی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی ببەخشێت.
انا لله وانا الیە راجعون
لاهور شێخ جەنگی
