سیناتۆری ئەمریکی لیندسی گراهام داواى پاراستنی هێزە کوردییەکان دەكات لە سوریا

9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- داوای لە تورکیا و گروپە چەکدارەکانی پەیوەندیدار کرد هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات.
- ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان، ئەمە دەبێتە هۆی هەڵاتنی دیلەکانی د*ا*ع*ش.
- ئەگەر تورکیا ڕێکاری سەربازی لە دژی هێزە کوردییەکان لە سوریا بگرێتەبەر، ئەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.
لیندسی گراهام سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا داوای لە تورکیا و گروپە چەکدارەکانی پەیوەندیدار کرد هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
گراهام لە پۆستەکەیدا کە لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "دەبێت دڵنیابین لەوەی 50 هەزار دیل (دەستگیرکراو)ی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دەستبەسەرکراون، ناتوانرێت ئازادبکرێن".
وتيشى: ناتوانین ڕێگە بدەین ئەو هێزە کوردانەی کە هاوشانی ئەمریکا داعشیان لەناوبرد، لەلایەن تورکیا یان ئوپزسیۆنە توندڕەوەکانەوە هەڕەشەیان لێبکرێت.
ڕاشیگەیاند، "تورکیا نیگەرانی ڕەوای هەیە سەبارەت بە گروپە جیاجیاکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام ئەگەر ململانێ لە نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕووبدات یان تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان، ئەمە دەبێتە هۆی هەڵاتنی دیلەکانی داعش.
ئاماژەی بەوەدا کە پێی وایە ئەنقەرە شایەنی ناوچەیەکی داماڵینی سەربازییە لە نێوان باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، بەڵام ئەگەر تورکیا ڕێکاری سەربازی لە دژی هێزە کوردییەکان لە سوریا بگرێتەبەر، ئەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.
هۆشداریشی دا: کاتێک داعش دواجار دەسەڵاتی بەدەستهێنا، لە ئەنجامی پیلانەکانی ئەو ڕێکخراوە کە لە سووریاوە سەرچاوەی گرتووە، هەزاران ئەوروپی و ئەمریکی کوژران.
هۆشدارییەکەی ئەو سیناتۆرە دوای ئەوە هات کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانەی لە دێرەزۆر و مەنبەج لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی کورددا بوون.
ئەمەریکا کە نزیکەی 900 سەربازی هەیە لە ڕۆژاڤا و سوریا وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکی خۆی لە شەڕی دژی ئەو گروپە چەکدارە دەزانێت.
لە کەمپی هۆڵی حەسەکە زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس هەن کە زۆربەیان ژن و منداڵی ئەندامانی داعشن.
