مەزڵوم عەبدی: هێزەكانمان لە ئامادەباشی تەواودان

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

- پێویستە سووریاییەکان خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئیدارەیەکی نوێ دابمەزرێنن.

- تورکیا و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەکانی خۆیان  بۆ هێرشکردنە سەر شاری کۆبانی لەسەر سنور ئامادە دەکەن.

- خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئەگەر ڕوبدات و هێزەكانمان لە ئامادەباشی تەواودان.

 

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند دوای كۆتایی هاتنی شەڕ كار لەسەر گەڕانەوەی ئەو شەڕڤانانە دەكەین كە خەڵكی سووریا نین و لە ناو هێزەكانماندان.

مەزڵوم عەبدی، ئەمڕۆ پێنج شەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پێشتر چەکدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) هاتونەتە سووریا، بەڵام هێزەكانی سووریای دیموكرات هیچ پەیوەندیەكی ڕێكخراوەییان لەگەڵ پەكەكەدا نیە.

وتيشى: ئەو شەڕڤانانەى كە خەڵكی سووریا نین و لە ماوەی دەیەی ڕابردودا بە هاوكاری ئەمریکا یارمەتیدەریانبون لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیدا هەندێکیان لەماوەی ساڵانی ڕابردودا گەڕاونەتەوە، هەندێکی دیکەش ماونەتەوە بۆ یارمەتیدانمان لە شەڕی داعش، هەركاتێك ئاگربەستی تەواو ئەنجامدرا، ئیدی کاتی ئەوە دێت ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان.

باسی لەوەشكرد، ئێستا دۆخێکی جیاواز لە سووریا هەیە، قۆناغێکی سیاسی دەستپێدەکەین، پێویستە سووریاییەکان خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئیدارەیەکی نوێ دابمەزرێنن".

ئەوەشی خستەڕو، "لەبەرئەوەی پێشهاتی نوێ لە سووریا هەیە، کاتی ئەوە هاتووە ئەو شەڕڤانانەی لە شەڕەکانماندا هاوکارمان بون، بە سەربەرزيەوە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".

ڕونیشيكردەوە، "تورکیا و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەکانی خۆیان  بۆ هێرشکردنە سەر شاری کۆبانی لەسەر سنور ئامادە دەکەن، ئەوەش وایکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشنیاری کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە بکات و بەگوێرەی ئەو  پێشنیازە، ناوچەکە لە دەستی هێزێکی ئاسایشی ناوخۆدا دەمێنێتەوە و هێزەکانی ئەمریکاش ئامادەبن بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم ناوچەیە، بە مەرجێک ئاگربەستێکی تەواو هەبێت".

دەشڵێت، "لە لایەکی دیکەوە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئەگەر ڕوبدات و هێزەكانیان لە ئامادەباشی تەواودان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار