جومانە غەلای بۆ هاوڵاتی: پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدانەكانى بەمزوانە دابەشدەكەین

8 مانگ لەمەوپێش
ئامادەكردنی: محمد فاتح حامد
- چەکی پارەکە رەوانەی نووسینگەکانیان کراوە لە پارێزگاکان وهەفتەی داهاتوو دەینێرن بۆ لقەکانی بانکی تی بی ئای لە هەرێمی کوردستان.
- نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان پارەکە رادەکێشن و رەوانەی بانکە تایبەکانی نێو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیان دەکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند چەکی پارەی پاداشتی كارمەندانی سەر سندووقی هەڵبژاردنەكان رەوانەی نووسینگەکانمان کراوە و بەمزوانە دابەشی دەكەین.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنەكە تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند بە نووسراو داوایان لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد پەلە بکەن لە دابەشکردنی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
وتيشى: چەکی پارەکە رەوانەی نووسینگەکانیان کراوە لە پارێزگاکان وهەفتەی داهاتوو دەینێرن بۆ لقەکانی بانکی تی بی ئای لە هەرێمی کوردستان.
ڕونیشیكردەوە: نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان پارەکە رادەکێشن و رەوانەی بانکە تایبەکانی نێو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی کارمەندان بەگوێرەی شوێنی جوگرافی خۆیان بتوانن بچن پاداشتەکەیان وەربگرن.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا زیاتر لە 41 هەزار فەرمانبەر و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیرابوون بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 18-12-2023 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش رۆژی 20-10-2024 ئەنجامدرا.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پاداشتەكان بەمجۆرە دەبن:
-بۆ هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان کە فەرمانبەر بێت، 100 هەزار دینار.
-کارمەندانی سەر ئامێرەکان کە فەرمانبەر بێت 150 هەزار دینار.
-ئەو کارمەندانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن چ کارمەندی ئاسایی بن یان کارمەندی سەر ئامێرەکان، 250 هەزار دینار.
