فەرهاد شامی: توركیا ناتوانێت بە ئاسانی بێتە ناو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە

8 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- ماوەی 20 ڕۆژە شاری كۆبانی و بەنداوی تشرین ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا.
- توركیا دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات نییە، بەڵكو دژی گەلی سووریایە بەتایبەتی دژی گەلی كوردە.
- ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جەنگێك.
فەرهاد شامی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند توركیا زیاتر لە 200 بنكە و خاڵی سەربازی هەیە لەنێو خاكی سووریادا، دووان لەو بنكانە لە شاری منبجن.
فەرهاد شامی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند توركیا هەوڵ دەدات ڕووبەرێكی بەرفراوانتری سووریا داگیر بكات و لەم ماوەیەدا دوو بنكەی دیكەی لە منبج دامەزراندووە كە زیاتر لە 200 بنكە و خاڵی سەربازی تری هەیە لەنێو خاكی سووریادا لە باكوری سووریا كە توركیا داگیریكردوون.
وتيشى: ماوەی 20 ڕۆژە شاری كۆبانی و بەنداوی تشرین ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا، توركیا دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات نییە، بەڵكو دژی گەلی سووریایە بەتایبەتی دژی گەلی كوردە.
ڕونیشیكردەوە: هەر وەك چۆن ئەرمەنی لەناوبرد ئێستا لەهەوڵی ئەوەدایە كورد لەناو ببات، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جەنگێك، با هەموان ئاگاداربن ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات زۆر تۆكمە كراوە و توركیا و بەكرێگیراوەكانی ناتوانن بە ئاسانی بێنە ناو ئەو ناوچانەوە.
