لێکەوتەی دەستوریی دەست لەکارکێشانەوەی دادوەرانی دادگای باڵای ئیتیحادیی.

2 مانگ لەمەوپێش
دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
ئەمڕۆ هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای ئیتیحادیی بومەلەرزەیەکیی دەستوریی وسیاسی بوو بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە. بێگومان ئەم بڕیارە بڕیارێکی تەواو سیاسییە. لێرەدا نامەوێت باس لە هۆکارە سیاسیەکانی پشت ئەم بڕیارە بکەین، بەڵام ئەوەی دەمەوێت لێرەدا تیشکی بخەمە سەر قسەکردنە لەسەر لێکەوتە یاسایی و قەزایی و دەستورییەکانی ئەم بڕیارە. ئەگەر چی لەدەستوریی عێراقیدا ماددەیەک نییە دەست لەکارکێشانەوەی دەستەجەمعی سەرۆک وئەندامانی دادگای باڵای ئیتیحادیی ڕێک بخات.
شەرعیەتی دەستوریی لەعێراقدا ڕووبەڕویی گرفت وتەنگەژەیەکی گەورە دەبێتەوە، چونکە کاریگەریی لەسەر تەواوی دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمیش دەبێت.
یەکەم: لێکەوتە یاساییەکان
دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وئەندامانی دادگای باڵای ئیتیحادیی، واتە دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی نیسابی یاسایی کە پێویستە بۆ کۆبوونەوە و بڕیاردان لەکەیسەکان لێرەدا نەبونی ئەم نیسابە واتە: لەکارکەوتنی دادگاکان، کە ئەمەش کۆسپێکی گەورەیە بۆ جێبەجێکردنی یاساکان. ئەمەش کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەیە کە زۆرێکجار بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسێیەکان پەنا بۆ دادگای ئیتیحادی دەبرا.
دووەم: لێکەوتە قەزاییەکان
دادگای باڵای ئتیحادیی رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاساکان، وشرۆڤەکردنی مادەکانی دەستوور، و چارەسەری کێشەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان یان پارێزگاکان. دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامان واتە کەڵەکەبوونی دۆسیە دەستوورییەکان دێت، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ پرۆسەی دادگا و دادوەریی. چونکە بەگوێرەی مادەی ٩٣ی دەستور بڕگەی ٧ دادگا بەرپرسە لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان، لێرەدا لەکارکەوتنی دادگا دەبێتە هۆی ئەستەمکردنی هەڵبژاردنەکان، کە ئەمەش قەیرانێکی سیاسی و یاسایی گەورە دروست دەکات.
سێیەم: لێکەوتە دەستوورییەکان
ئەم بڕیارە وەک "بوومەلەرزەیەکی سیاسی و دەستووری" سەیر دەکرێت، چونکە دادگای باڵای ئیتیحادیی پایەیەکی سەرەکی پرۆسەی سیاسیە لە عێراق دا. لەکارکەوتنی ئەم دادگایە بۆشاییەکی دەستووری دروست دەکات کە چارەسەرکردنی سەختە بەبێ مکانیزمەکانی یاسایی..
کۆتایی
ئەم بڕیارە قەیرانێکی گەورەیە کاریگەری لەسەر سەقامگیری سیاسی، یاسایی و دەستووری عێراق هەیە. چارەسەری ئەم قەیرانە پێویستی بە هەماهەنگی خێرای نێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەیە بۆ کاندیدکردن و پەسەندکردنی ئەندامانی نوێ، هەروەها پێویستی بە یاسایەکی نوێ هەیە کە سەربەخۆیی دادگاکان بپارێزێت. ئەم قەیرانە ئەوە دەردەخات سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری تەنها دروشمە پێویستی بەوەیە سیستەمێکی یاسایی دروست بکەین کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بکات.
