تۆم باراک و شتێک دەربارەی دانوستانی کوردی

3 هەفتە لەمەوپێش
هونەر تۆفیق
لەیەک کاتدا تۆم باراک سەفیری ئەمریکایە لە تورکیا ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپە بۆ سوریا و عێراق ، هەروەها نێوەندگیری نێوان کەسی ترەمپە لەگەڵ میرەکانی کەنداو ، بەتایبەتی ئیمارات و سعودیە ( بەو پێیەی شەریکە سەرمایەیە لەگەڵ زۆرێک لەمیرەکانی نەوتی ئەو وڵاتانەدا )
باراک ئەمڕۆ لەدیمەشقەوە سەرزەنشتی کوردەکانی کردووە کەلەپرۆسەی دانوستانی نێوان مەزڵوم عەبدی و جۆلانی ( ئەحمەد شەرع ) دا خاون .. دەڵێت : ڕێگای دانوستان دەبێت بچێتەوە سەر دیمەشق !!
لەو قسەیەوە سەیری دۆخی ئێستای کورد بکەین ، لە تورکیاوە ڕێگاکە دەچێتەوە ئەنقەرە ، لە عێراقیشەوە کێشەی نێوان هەرێم و حکومەتی مەرکەزی بەڕوونی دیارە کە تەنیا یەک ڕێگای ماوەتەوە ، ئەویش بەستراوەتەوە بە بەغداوە ..
کەواتە لەدیمەنە گشتیەکەدا ، بەگوێرەی ئەو سیاسەتە ئەمریکیەی باراک بۆ کوردی پەیڕەو دەکات ، خۆیان گوتەنی کۆتایی هێنانە بەسەردەمی بەبەلقانکردن .
بەلقەنەکردن ( کینایە بە شەرەکانی ناو گەلانی بەلقان) سیاسەتێک بوو ئەمریکا لەپاش خستنی کۆمارەکەی سەدام حسەینەوە لەناوچەکەدا پەیڕەویان کرد ، لەعێراقەوە تەشەنەی کرد بۆ سوریا . ئەویش بە پشتگیری کردنی هێزی بچوکی ناوخۆ ، لەپێناو لاوازکردنی هێزی دەوڵەتدا .
لەئەنجامدا بۆیان دەرکەوت لەو بەلقەنەکردنەدا جگە لەخۆیان ، وڵاتانی تری ناوچەکە ، لەبەرامبەر هێزەبچوکەکانی ئەواندا ، هێزی ىچوکی تریان لەئاستیاندا دروست کرد . وەک ئێران و تورکیا و قەتەر و ئیمارات و سعودیە . سەرئەنجام ناوچەکە بەجۆرێک ئاڵۆزبوو ، پرۆژەکەیان ڕووبەڕووی خۆیان وەستایەوە . هێزە بچوکەکانی وەک حەماس و حیزبوڵا و حەشدی شەعبی و حوسیەکان ، بەهێزتر لە هێزە بچوکەکانی خۆیان پەیدابوون . سەرئەنجام ئەم جەنگەی لێکەوتەوە کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەشەنەی کردووە .
بۆچارەسەری لەدیدی ئیدارەکەی ترەمپ و تۆم باراکەوە ، پێدانەوەی هێز بە دەوڵەت لەناوچەکەدا پێویستیە .
بەکۆتایی هێنان بە ئەزموونی بە بەڵقانکردنی ناوچەکە ، کۆتایی بە ئاڵۆزیەکان دێت .
بۆیە پێویستە تێگەیشتنی سیاسی کوردیش خۆی لەگەڵ ئەم تێگەیشتنە تازەیەی ئەمریکادا بگونجێنێت و سیاسەتی سەد ساڵەی دانوستانەکانی کوردی بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەردابێت کە لەگەڵ ئەم بۆچوونە تازەی ئەمریکا بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە هاوتەریب بێت . لەوەش تێبگات هێزی کوردی لە دیدی ئەمریکاوە ( نەگۆڕە) تەنیا وەک کارتێکی فشار لەدژی دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەکاردەهێنرێت ، کەی پێویستیان بە فشارکردن نەما ، بەئاسانی ( وەک هەمیشە) جارێکی تر دەستبەرداریان دەبنەوە .
