حاجی کاروان؛ تۆبەکاریی لە سیاسەتدا!
.jpg)
24 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕزگار عومەر
حاجی کاروان کەسایەتیەکی سیاسی ناسراوی هێڵی ئیخوانیە، لەم دواییانەدا بەهۆی کۆکردنەوەی کۆمەكێکی زۆر بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززە سەرنجی لەسەرە. ئەم کردەوانەی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا دابەش بوون و لێکترازانێکی قوڵی کۆمەڵگەی دروست کردووە لەسەر هەڵوێست بەرامبەر غەزە. بەرەیەک پشتگیری لە هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان دەکات، بەرەیەکی دیکەش کە زۆرجار بە پاڵنەری هەستی ناسیۆنالیستییە، هەر جۆرە هاوکارییەک ڕەتدەکاتەوە و تەنانەت دژایەتی هەڵگرتنی گەمارۆی غەززە دەکات.
لەم کەشوهەوای جەمسەرگیرەدا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی لەسەر گەورەکردنی ئەم دابەشبوونانە دەبوژێنەوە و لەجیاتی ئەوەی ڕاستییەکان ڕوون بکەنەوە یان مشتومڕی ووشیارانە دروست بکەن، ڕووبەڕووبوونەوەکان وەک نمایشی بێ بەها نیشان دەدەن.
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی ئەم دواییەدا، حاجی کاروان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێرشێکی توندی کردە سەر سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان و سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر و ئەوانی بە "بێ نرخ" ناوزەد کرد!
ئەم پچڕانە گشتییە لەگەڵ هێڵی لایەنگری بۆ ئەردۆغانی ئیخوان، ساتێکی تەمەن کورتی دەگمەنی پچڕانی ئایدیۆلۆژی بوو. بەڵام لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا حاجی کاروان داوای لێبوردنێکی بڵاوکردەوە و ئیدیعای کرد کە سۆز بەسەریدا زاڵ بووە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کەئەو تەنانەت جوێن بە "شەیتانیش" نادات، لە کاتێکدا لەوەتی جەنگی غەزە دەستی پێکردووە پەیوەندیە ئابوریەکانی تورکیا لە گەڵ ئیسرائیل هەر بەردەوام بووە، لێرەدا حاجی کاروان ڕاست دەکات جوێنی بە هیچ شەیتانێکی دیزاینەری ئەم پەیوەندیانەی تورکیا و ئیسرائیل نەداوە.
ئەم "تۆبە" خێرایە زۆر زیاترە لە پەشیمان بوونەوەی کەسێك؛ ئەو میکانیزمە دەروونی و پێکهاتەییانەی ئاشکرا دەکات کە بە ناچاری "ناکۆکی" و "پڕبوون" و "ڕق" لە ژێر کۆنتڕۆڵدا دەهێڵنەوە. تیۆری سەرکوتکردنی یان "چەپاندن- کبت"ی فرۆید لێرەدا چاویلکەیەکی بەسوودمان پێشکەش دەکات بۆ تێگەیشتن لە خێرایی ئەم "تۆبە" کردنە.
فرۆید باس لەوە دەکات کە(ئارەزووەکان یان پاڵنەرە قبوڵنەکراوە چەپێنراوەکان لە "نائاگایی" بە زۆر دەردەچن بۆ ئاگایی و لەوێ سەرکوت دەکرێنەوە بۆ ناو نائاگایی، کە ئەنجامەکەی تەنها گەڕانەوەیە وەکو تاوانباری گوناه بەزێن، خۆسانسۆرکردنێکی بە تین، یان تەقینەوەیەکی لەناکاوی خۆبەخۆیی. دەتوانرێت و دەکرێ تەقینەوەی حاجی کاروان بەسەر ئەردۆگان وەک تەقینەوەی چەپێنراوێکی سیاسی بخوێنرێتەوە، یاخیبوونێکی خێرا لە دژی ئەو کەسایەتییە "باوکییە هەژموونگەرەی" کە ئەردۆغان بەرجەستەی کردووە. پاشان سوپەرئیگۆی ئیخوان کە وەک دەسەڵاتی ناوخۆیی مامەڵەی دەکرد، داوای "تۆبەی" لە فۆرمی پەشیمانبوونەوە لە حاجی کاروان کرد بۆ سەر لەنوێ گەڕاندنەوەی ڕێکوپێکی دیواری پیرۆزی ئایدیۆلۆژی.
بەڵام خۆسەرکوتکردن تەنیا دەروونی نییە، ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتە مادییەکانیشدایە. مارکس دەڵێت کە ئایدۆلۆژیا بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکانەوە. هاوتەریبی ئیخوان لەگەڵ ئەردۆغان بەڕێکەوت نییە؛ تورکیا بەرگێکی ئایدیۆلۆژی و پشتیوانی ماددی و پەناگەیەک بۆ خواستە فراوانەکانی بزووتنەوەکە دابین دەکات.
کاتێک حاجی کاروان هێرشی کردە سەر ئەردۆغان، بێ ئەوەی پلان و نیازی بووبێت هەڕەشەی لەو پەیوەندییانە کردو بێ نرخی کرد. بۆیە "تۆبە" کردن و پەشیمان کردنەوەی خێرابەخێرای وەک ڕێوڕەسمێکی پێویست ئەرکەکەی ئەوەیە؛ گەڕاندنەوەی "سامی" ئەو هاوپەیمانییە ماددیانەی کە پێگەی ئیخوانەکان دەپارێزن.
تێڕوانینەکانی فۆکۆ بۆ "گوتار و دەسەڵات" ئەم شیکارییە زیاتر قووڵتر دەکات، چونکە بۆ فۆکۆ دەسەڵات یان هەژموون، کاری تەنیا "قەدەغە" کردن نیە؛ بەڵکو سنووری ئەو شتانە بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانرێت "بگوترێت". گوتاری ئیخوان کە هەندێک کەسایەتی وەک ئەردۆغان وەکو جۆرێك لە پیرۆزی و موقەدەس نیشان دەدات، وەکو فۆرمێکە کە لە کۆنترۆڵی هەژموونکارانە کاردەکات: ئەوانەی کە سەرپێچی "تابو-حەرامکراو" دەکەن، ناچارن لە نێو ئەو سیستمە ئاسنینەدا لەو تەلبەندی پیرۆزیەدا پەشیمان ببنەوە و "تۆبە" نیشان بدەن. بۆیە داوای لێبوردنێکی زۆرەملێی حاجی کاروان تەنها کردەوەی کەسی پەشیمانبوو نەبوو، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی گشتی بوو کە جەخت کردنەوە بوو لە سەر پێشێلنەکردنی "پیرۆزگای" جیۆپۆلەتیکی ئیخوانی کە بریتیە لە "تورکیا"- "ئەردۆگان".
