سەردانەکەی مالە؛ خوێندنەوەیەکی فەلسەفی
15 كاتژمێر لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
من لەم سەرنجە کورتەدا نە لۆمەی کەس دەکەم و نە پشتیوانی لە کەس دەکەم، ئەوەی هەوڵ دەدەم سەرنجی بۆ رابکێشم خوێندنەوەی دیاردەیەکە، کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا هەیە، ئەویش دیاردەی قوربانیکردنە. ئەم چەمکە لە لایەن فەیلەسوفی بە ڕەچەڵەک فەرەنسی رێنێ جێراردەوە لە ژێر ناوی scapegoat پەرەی پێدراوە.
بە کورتی، لە کاتی تەنگەگژەی کۆمەڵایەتیدا، ئاسانە بۆ زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگا کە کەسێک بکەن بە بەرپرسی هەموو کێشەکانیان. لە ئەنجامدا ئەو کەسە یان ئەو گروپە ڕوبەروی توندوتیژی زۆر ببێتەوە. دیارە لێرەدا ئەمە مانای ئەوەنیە کە ئەو کەسە یان گروپە بێ تاوانن یان بە تەواوی بێتاوانن، بەڵام بێگومان هەڵگری هەموو تاوانەکان و هۆکاری خراپی دۆخەکە نین. بەڵام ئەوەی لێرەدا ڕودەدات کردەیەکی عەقڵی نیە، بەڵکو زیاتر کردەیەکی دەستەجەمعییە، کە لە کاتێکدا هەموان ئەنجامی دەدەن ئەوا لە ڕێگای لاساییکردنەوە و ئاسان بونی و هەروەها چێژبەخشییەوە، وەها دەکات کە زۆرینە بەبێ تێڕامان تیایدا بەشدار بن.
ئەم کردەیە دەکرێت لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە بخوێندرێتەوە، هەروەها لە ڕوانگەی عەوامەوە، هەروەها لە ڕوانگەی کەسایەتی دیارەوە.
جێرارد باس لەوە دەکات کە کێ دەبێتە قوربانی، خەڵکی دیار لە کۆمەڵگادا بە گشتی یەکێکن لە ئەوانەی کە بە زۆری دەبنە ئامانجی ئەم دیاردەیە. بە گشتی بۆ خەڵکی ئاسانە کە پێی بگوترێت کەسێک تاوانبارە لە کێشەکانی، نەک میکانیزمە ئاڵۆزەکانی دەسەڵات یان ئەوەی کە دەکرێت خودی خۆی تاوانبار بێت یان بەشێک بێت لە تاوانەکە. بۆیە کردەی بەقوربانیکردن جۆرێکە لە خۆپاککردنەوە و هەستکردن بە خۆشی لە لایەن زۆرینەوە.
سەرباری ئەوەی کە ئەم خۆ بەتاڵکردنەوەیە، ڕەهەندێکی تری هەیە کە زیاتر گرنگە، ئەویش لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە. ڕەنگە خەڵکی وەها بزانن کاتێک خۆیان لە مالەدا خاڵی دەکەنەوە ئەوا دەسەڵات نیگەران دەبێت، بە تەواوی پێچەوانەکەی ڕاستە.
خۆ بەتاڵکردنەوەی خەڵک، ئەمانەی لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە:
یەکەم، دەبێتە مایەی کپبونەوە، چونکە بە گشتی خەڵکی لە ڕوی دەرونییەوە، لە دۆخەکە بێزارن نەک عەقڵی. ئەمە دەریچەیەک دەدۆزێتەوە هەتا خەڵک ناڕەحەتی دواکەوتنی موچە و ئاڵۆزی دۆخەکە دەرببڕن.
دووەم، سەردانەکەی مالە وەها گەورە دەکرێت هەتا پەیامێک بە خەڵک بدرێت کە هیچ هیوایەک نیە، هەموان لە گەڵ ئێمەدان. لەم ڕوەوە کەسێکی وەک مالە، کە جگە لە کەسایەتیەکی نوکتەبازی ئاسایی نەبێ، هیچی تر نیە، زۆر فوی تێدەکرێت، هەتا وەک کەسایەتیەکی ڕۆشنبیر یان کاریگەر دەربخرێت، کە لە ڕاستیدا وەها نیە. لە ڕاستیدا سوکایەتییەکی گەورەیە خەڵکانی وەها بە ڕۆشنبیر لە قەڵەم بدرێن، بەڵام هەژاری کولتوری کوردی و ئاستی خەڵکی وەها دەکات. لە هەمانکاتدا لەم کەیسەدا بە ئەنقەست مالە زلکراوە.
سێیەم، جگە لە خۆبەتاڵکردنەوە و بێهیوایی، خەڵکی هەست دەکەن کە ئەوە خۆیان نین کە بەرپرسن لە دۆخەکە. زۆر ئەستەمە بۆ خەڵکی ئاسایی خۆی وەک بەشێک لە قەیرانەکان ببینێت. زۆرینەی خەڵک هەمیشە خۆیان وەک قوربانی دەبینن، هەرگیز ناتوانن و ناوێرن خۆیان وەک بەرپرس لە هەڵسوکەوتی خۆشیان ببینن. دیار ڕەهەندی تریشی هەیە وەک بەردەوامیدان بە دروستکردنی ڕوداوی لاوەکی بۆ داپۆشینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی دۆخەکە.
ئەگەر جاران خەڵکانی گەورە و دیاری وەک عیسا و سۆکرات دەبونە مایەی بەقوربانییبون لە لایەن جەماوەرەوە، لە دونیای دیجیتاڵدا، هەموو کەسێک ئەگەری هەیە ببێت بە بابەتی بە قوربانی بوون یان بکرێت بە بابەتی بە قوربانی بوون، چونکە بە هۆی تەکنەلۆجیاوە زوو شتەکان دەگەن و گەورە دەبن و حەکایەتی جۆراوجۆریان بۆ دەهۆنرێتەوە.
نازانم مالە بۆچی چووە، بەڵام یەکێکە لەو بەقوربانیبوانە، کە چەند ڕۆژێکی تر لە بیر دەچێتەوە و کەسێکی تر بە جۆرێکی تر دەکرێت بە قوربانی، چونکە ئەمە بەشێکە لە میکانیزمی دەسەڵات و بەقوربانی بوون.
ڕێنییە جێرارد وەک ئاگادار بم لە دونیای کوردیدا ناسراو نیە. بۆیە لینکی کتێبی سیکەیپگۆت دادەنێم، لە گەڵ زانیاری لە سەر جێرارد، بە داخەوە تەنها بە ئینگلیزی بەردەستە.
