ئیسلامییەکان و بازرگانییکردن بە خوێن و کوشتنەوە؛ غەززە بە نموونە

دوێنێ
بارزان شێخ عوسمان
بە درێژایی هەفتاو هەفت ساڵەی دەوڵەتی ئیسراییل ، هێزە عەرەبییەکانی فەڵەستین و نیشتمانی عەرەب چ بە هات وهاوار و ریزکردنی رستە و وشەی ئینشایی و وروژێنەری ناسیۆنالیستیی و ئاینیی ،چ بە رفاندنی فڕۆکە و بە بارمتەکردنی خەڵکی مەدەنیی یا بە هێرش و پەلاماری خۆکوژیی و سەربازیی ، لە مەینەتیی زیاتر بۆ گەلی فەڵەستین و مەسەلە رەواکەی و لەدەستدانی جوگرافیای زیاتر هیچ دەستکەوتێکیان نەبوە .
بۆ راڤە کردنی ئەو پەرەگرافەی سەرەوە سەدان کتێب و هەزاران سەعات سیمینار و گفتوگۆ لەبەر دەستدان ،بۆیە راستەوخۆ دێمە سەر قومارەکەی تۆفانی الاقصی کەی حماس و سەرەزلەکانی تێرۆر لە یحیی سینوار تا هەنیە بگرە تا محمد زەیف و ئەوانیتر کە هەفت سەد و بیست رۆژە زیاترە خوێنی لەبەر دەچۆڕێت و هەزاران مرۆڤ بە کوشتن دران ،سەدان هەزار مناڵ و ژن و بەساڵاچوی تیادا برسیی و بێ دەرەتان کردوە .
حماس کە بۆ لاواز کردنی رێکخراوی رزگاریی فەڵەستین و هێزە چەپەکانی فەڵەستین دروست کرا ، هیچ باکی بەو کارەساتانە نییە کە بەسەر خەڵکی بێ دیفاعی کەرتی غەزەدا دێت ، چونکە ئەویش و تەواوی هێزە ئیسلامییەکان ، خێر و بەناوبانگ بونیان لەو تیجارەتی خوێنڕشتن و برسیی بونەدا دەبینن .
هەر زو لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وەك رۆژی روناك ئەوە دەبینرا کە ئیسراییل بە لەدەستدانی دوهەزار کەس و ٢٥٠ بارمتەکراوەکەی ، بە بێ بەزەییانە و رەچاونەکردنی هیچ قانون ورێسایەك تۆڵە دەکاتەوە وەک ئێستا دەیبینین ، کەچی مونەزیر و موفەکیر و قەڵەم بەدەستانی ئیسلامییەکانی کورد تەنانەت هەندێکی تریش پەلامار دانەکەیان بە نمونەیەکی باڵای مقاوەمەتە بەچۆك هێنەرەکەی ئیسلامیی و گۆڕانێکی چۆنایەتیی لەقەڵەم دا . بەڵێ ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەو گۆڕانەیە کە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەزەی بەو دەردە بردوە ، هیچ مرۆڤێك کە مانای مرۆڤایەتی بزانێت حەزی پێ ناکات ، مەگەر حماس و هاو ئاوازەکانی کە داوای زیاتری کوشتن و برسییکردن دەکەن تا بازاڕی هەڕاجکردنی خوێنی ئەو خەڵکەیان باشتر بسوڕێت .
ئەوەتا ئیسلامییەکانی لەمەڕ خۆمان لە هەرێمی کوردستان وەك چۆن حەماسییەکانی غەزە سەرباری خوێن رشتن چاویان بڕیوەتە دو لەت نان و کیسەیەك خۆراکی خەڵك ، لە کوردستانیش وەك لە وتارەکانی کاک عەلی محمود و بەڕێز د.امیر حسێن دا بینیم ئیسلامییەکان بە کۆمەك کۆکردنەوە و باربۆ کردن لە بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە، خەڵک فریو دەدەن هەبدێکیشیان چاویان بڕیوەتە ئەو دو پولەی کە خانەنشین و موچە خۆران دوای نەوەد رۆژ وەریدەگرن .
ئاخر ئەوە کرۆك و ناخ و ماهیەتی حزبە ئیسلامییەکانە کە هەمیشە فرسەت تەڵەبانە هەل دەقۆزنەوە بۆ تیجارەتەکەیان تا مەیلی خەڵك بۆ ئیسلامێك رابکێشن کە هەمو کەس دەزانێت سەرچاوەکەی لە کوێوەیە ، ئەو نەهامەتییە و ئەو مناڵانەی غەزە ، کە ئەوان خەڵکی سادە و بێ ئاگای پێ دەخەڵەتێنن ، جیاوازە لەو مەینەتیانەی مناڵان و ژنان و بێدفاعەکانی تری ئەو غەزەیەی خەڵکی هوشیار و بە ئاگا و مرۆڤ دۆست دەیبینن .
ئیسلامییەکان بە هەستێکی ئیخوانیی و داعشیی و لقەکانی تریانەوە سەرنجی خەڵك رادەکێشن ، بەو دڵرەقییەوە تیجارەت بە مناڵانی غەزە دەکەن کە حماس هاوسونفی خۆیانە ، نەك بە گیانی مرۆڤ دۆستیی یا موسڵمانێتیی ، دەی باشە بۆچی داوای کۆمەك بۆ مناڵانی کۆبانی ، شەنگال ناکەن هەر لەبەر ئەوەی ئەوان قوربانیی دەستی مامۆستا و هاوەڵەکانی حماسن ؟!.
بەراستیی ئەو باندە ئیسلامییانەی دۆست و برای حماس زۆر فێڵبازانە ختوکەی هەستی خەڵکی سادە دەدەن ، یەکێکیان دەیوت کە ئەو مناڵانەی غەزە دەبینم خۆم پێ ناگیرێت !، ئەی بۆچی لە ئاست ماڵ و مناڵی خۆتدا بێ دەنگیت کە پارەت پێ نییە داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەیت ، ئەی بۆچی لە ئاست نەهامەتیی سەدان هەزار مناڵ و ژندا فزە ناکەیت کە بەهۆی پیسبونی ژینگە و دوکەڵی پاڵاوتگە بێ فلتەرەکان و کەمبونەوەی ئاوی پاکژ لە ئەنجامی ئەو هەمو سیتی و شوقانە توشی شێر پەنجە و چەندین نەخۆشیی تر بون ؟!.
ئەو غەزە وێران و تارمایی مردوە، تێرۆریستانی حماس لێی بەرپرسیارن ، کە هەرگیز بۆ جارێکیش ئەو تاجیرانەی خوێنڕشتنی لەمەڕ خۆمان خۆیان لەقەرەی نادەن !. ئەوە حماسە کە هەمیشە پەیامی خوێنڕشتن زاخاوی مێشکی نەك هەر غەزەییەکان بەڵکو تەواوی ناوچەکە دەدات ، کە سەرەنجام ئیسراییل قازانجی لێ دەکات و بەرنامە و پلانەکانی خۆی زیاتر جێبەجێ دەکات .
هەر لەو روانگەیەشەوەیە کە جیهانی شارستانیی لەگەڵ هاوسۆزیی بۆ مناڵانی غەزە و سەرکۆنەکردنی ئیسراییل و داوای راگرتنی جەنگەکە ، بەردەوام حەماسیش وەك تێرۆریست دەناسن داوا دەکەن ،غەزەی دوای جەنگ بێ حماس بێت ، کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەب بە هەمان شێوە داوای دورکەوتنەوەی حماس دەکات .
کەواتە کۆمەك کردنی مناڵانی غەزە تەنیا و تەنیا بەو داوایە دێتە دی کە جیهان دوپاتی دەکاتەوە ئەویش کۆتایی حماس و هەمو چەکدارە خوێن رێژ و مافیاکانی هاوبیچمی دورکەوتنەوەیانە لە مەیدانەکە ، نەك خەم و مەینەتییەکانیان تیجارەتی پێوە بکرێت و لە شوێنێکی وەك هەرێمی کوررستان ئەو دوپولەی دەستی خانەنشینان و موچە خۆران بدزرێت و بکرێتە خەڵات بۆ سەرەزلەکانی تێرۆری حماس !.
