ئاین و وازهێنان لە هونەر؛ شیلان عوسمان و ڕێبوار مەلا زادە بە نموونە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێبوار عەلی چەلەبی

لە جیهانی پپێشکەوتودا هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا دێت، لە بواری ڕۆشنبیریشدا هەموو شتێک دیدوبۆچونی نوێ هەڵدەگرێت. قوتابخانەی ئەقڵانی کرانەوەی تیادایە و هەموو شتێک دەخاتە ژێر باری پپشکین و کنە کردنەوە و دووبارە خوێندنەوەی نوێی بۆ دەکاتەوە. 

لە بواری هزری ئاینیشدا،قوتابخانەی تێگەیشتنی ئەقڵانی سەرمەشقەو( شێخ محمەد عەبدەو شێخ محەمەد غەزالی) ڕابەرایەتی دەکەن لە کۆن و نوێدا. لە کوردستانیش مەلای گەورەو شێخ محەمەدی خاڵ و د.مستەفا زەڵمی سەرمەشقی بوون. 
هونەرە جوانەکان لە ڕوانگەی هزری ئاینی ئیسلامەوە لەم سەردەمەدا دوو خوێندنەوەی بۆکراوە:

١-سەلەفی و تەقلیدیەکان، بەبێ دوودڵی حەرامی دەکەن و دەیان بەڵگە بۆ ئەو فتوا و بۆچونانەی خۆیان دە‌هێننەوە.

٢-ئەقلانی و کراوەکان، بە حەڵاڵ و پێویستی دەزانن و دەیان بەڵگە دەهێننەوە و بەڵگەی تەقلیدیەکان هەڵدەوەشێننەوە. لەو زانایانەی سەردەم، کە پشتگیری ئەم بۆجونە دەکەن، (د.ئەحمەد شڕباسی ئەزهەری) یە، کە نەوەکو هەر مۆسیقا، هونەری سینەما و سەرجەم ژانرەکانی هونەر بە پێویست دەبینێت بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە، دەیبەستێتەوە بە نیەتی بەکاربەرو جۆری بەکار‌هێنانەوە، کە باشی باشە و نایاسایشی قەدەغە و حرامە، وەکو چەقۆ بۆ بەڕێکردنی ژیان پێویستە و بۆ لێسەندنەوەی ژیان لە مرۆڤێکیش حەرامە. (فتاوا المعاصرة / د. احمد شرباصي) 

هەرچی د.یوسف قەرزاویشە، بە ڕێبازی زانستی دەیسەلێنێت، هونەرە جوانەکان حەڵاڵەو بەڵگەو بیانوی سەلەفیسکان هەڵدەوەشێنێتەوە( الحلال و الحرام في الاسلام / د.يوسف القرزاوي) لەژێر رۆشنایی ئەم ئایەتە پیرۆزەدا فتوای حەڵاڵ بوونی گۆرانی و مۆسیقا دەدات " يَسْأَلُونَكَ مَاذَا أُحِلَّ لَهُمْ  قُلْ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ " المائدة/4. 

لەم سەرو بەندەدا دەچمە باسی وازهێنانی هەر یەک لە هونەرمەندان (شیلان عوسمان و ڕێبوار مەلازادە) کە وازیان لە هونەر هێنا و پابەندی ئاینی خۆیان دەربڕی و عەمرەیەکیان کردو خۆیان بێ بەری کرد لەو هونەرە جوانەی کە چەندین ساڵە پێشکەشی گەلەکەیان کردووە! واشیان دایە قەڵەم، کە هونەری گۆرانی حەرامەو چەند هونەرمەندێکی تریش بڕیاریان داوە وازبێنن و وەکو ئەوان بکەن. بەبۆچونی من بڕیاردانی لەو چەشنە، بڕیارێکی هەڵەیەو پابەند بوونی ئاینی و هونەرمەندی دژیی یەکتر نین و بەهەڵەدا براون. 

ئەوان چەند هونەری جوانیان پێشکەش دەکرد خێریان بۆ دەنوسراو دڵخۆشکردنی خەڵکیش بە هونەری ڕەسەن، ترۆپکی خوداناسییە و بە پێچەوانەوە بەواز‌هێنانیان گوناهبار دەبن و ئەو بەهرە خودایەی پێیان بەخشراوە، بە خامۆشکردنی بەرپرسیاری لای خوداو خەڵک دەبن. 

ساڵی هەشتاکان هونەرمەندی گەورە (ئەحمەد شەماڵ) لە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی دراوسێمان بوو، دەهاتە مزگەوت و مامۆستا مەلا محەمەد و موسڵمانانی گەڕەک شانازیمان پێوە دەکرد و کەس داوای لێ نەکرد واز لە هونەرەکەی بێنێت و تۆبەبکات، چونکە حەرامە. 

حەمدی شاعیر دەفەرموێت: 
ڕەببی موی لێ بێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ 
هەر کەسێ گوڵشەن بەدەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار