دژە کوردبوون لە پەنای مرۆڤدۆستیدا

14 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
ئەم باسە نە پاساوە بۆ کوژرانی دوو عاڕەبەکە لە هەولێر، نە هاوسۆزیە بۆیان وە نە خۆشحاڵیی.
ئەم باسە دەربارەی نیفاق و دوو رووییی بەناو مرۆڤدۆستەکانی سەردەمی پڕوپوچی نەتەوەیەکی ژێردەستەیە.
مەبەستم بەراورد کردنە لەنێوان دوو هەڵوێستی پڕ لە نیفاقانە و دوو رووییانەی ئەو کەسە ئەقڵ و ئیرادە داگیرکراوانەی کە زوخاوی نەخۆشی ستۆکهۆڵم و جەلادپەرستی خۆیان بە لەفافی مرۆڤدۆستی دەپێچنەوە.
لە ئەیلولی ٢٠٢٠، چەند عاڕەبێکی سەر بە حەشد، سێ ئەندامی خانەوادەیەکی کورد لە ناو ماڵەکەی خۆیاندا سەربڕی کە هەریەک لە دکتۆر دارا و هاوسەرەکەی و دکتۆر شیلانی کچیان بوون.
تاوانکاران سەری دکتۆر دارایان بڕی و هاوسەرە میهرەبان و بێوەیەکەیشیان بەچەقۆ کوشت.
بەڵام نە بە لاقەکردن و دەستدرێژی بەدئەخلاقانە بۆ سەر دکتۆر شیلانی کچیان دڵیان ئاوی خواردبووەوە، وە نە بەسەر بڕینیشی، بۆیە جەستەی دکتۆرە شیلانیان پارچە پارچە کردبوو.
بەمجۆرە خانەوادەیەکی بەڕێز و خوێنەوار و شەهادەداریان لەناو ماڵەکەی خۆیاندا کوێرکردەوە
ئەم خانەوادە مەزڵومە نە پاڵەوانی شەڕەبۆکس بوون و نە لەژێر هەژموونی مادە وروژێنەرەکاندا بوون. ئەوان نە عەنتەریات و گوندەییان بەسەر کرێکارێکی داماودا کردبوو، نە جنێویان بەکەس دابوو و نە کەرامەتی کەسیان شکاندبوو وە نە دەمەقاڵێ و گرفتیان لەگەڵ کەسدا هەبوو.
ئەوان لەناو ماڵی خۆیاندا پارچە پارچەکران و ئەتک کران و سەروەت و سامانیان دزرا. تاکە تاوانیشیان ئەوەبوو کورد بوون.
کوشتنی خانەوادە کوردەکە بە پلان و نەخشە بۆکێشراو بوو و گومان هەبوو کە دەزگا ئەمنییەکانی گەڕەکی مەنسوریش تێوەگلابوون.
رێک بە پێچەوانەوە، کوژرانی دوو عاڕەبەکەی هەولێر نە بە پلان بووە و نە بەرنامە رێژ، نە چوونە سەرماڵان بووە و نە لاقەکردن و سەر بڕین وە نە دەزگا ئەمنییەکانیش تێوە گلاون.
رووداوەکە، پەرچەکردارێکی کۆنترۆڵنەکراو و نا ئاقڵانەی گەنجێکی بەدبەختە بەرامبەر سوکایەتی و ئیهانە و لێدان کە کوژراوەکان بەرامبەریان کرد.
بەڵام لە کوشتنی دکتۆر دارا و سەرجەم ئەندامانی خانەوادەکەی، لەبەر ئەوەی خانەوادەکە کورد و تاوانکارانیش عاڕەب بوون، کەم نەبوون ئەو کوردەبۆرانەی بەناوی مرۆڤدۆستی و لێبوردەییەوە ، ببوونە پارێزەری بکوژە عاڕەبەکان.
ئەو کوردە بۆرانە کەوتبوونە پاساو هێنانەوە بۆ ئەو دڕندایەتییە و جوانکردنی سیناریۆی کوشتنیان و بێ بەهاکردنی خوێنی خانەوادە کوردەکە.
بە قودرەتی قادر ئێستا حاڵەتەکە پێچەوانە بووەتەوە.
دوێنێ لەبەرامبەر قەتڵوعامی خانەوادە کوردەکەی بەغدا، ئەوانە ببوونە پارێزەری تاوانبارێکی بکووژ و هەوڵیان دەدا خوێنی دایک و باوک و کچێکی بێ وەی و بێ تاوان بە ئاو بقەبڵێنن.
بەڵام ئەمڕۆ، هەمان ئەو مرۆڤدۆستە عەجایبانەی ئەم سەردەمی پڕوپووچییە، کراسەکەی عوسمانیان لە تەرمی دوو کوژراوە عاڕەبەکە ئاڵاندووە و بەرامبەر بکوژەکەش ئیشتیای جەلاد بوون دەکەن و پەتی قین و تاوان بە باڵا و گەردنی بکوژەکە دەئاڵێنن.
هۆکاری ئەمەش سادەیە، دوێنێ خوێنە رژاوەکان هی کورد بوون و خوێنرێژەکەش عاڕەب بوو، بەڵام ئەمڕۆ پێچەوانە بووەتەوە و خوێنە رژاوەکە هی عاڕەبە و خوێنڕێژەکەش کوردە.
ئەم نیفاقەی خەڵکانێکی ئەقڵ و ئیرادە داگیرکراوی ئاڵودە بە گرێی ستۆکهۆڵم دەبێت لێی بدرێت و شەرمەزار بکرێت و کاریگەری لەناو کۆمەڵگادا سنووردار بکرێت.
دوا شت دەبێت ئەوە بڵێم، خۆزگە ئەم دوو عاڕەبە و ئەم کرێکارە بێتاوانە کوردەش کە هیچ بەیوەندی بە رووداوەکەوە نەبووە، نەکوژرابان و خۆزگە ئەم بەڵایەش رووی لە دەرووی ئەم گەنجە بکوژە نەگبەتەش نەکردایە و تووشی ئەم تاوانە نەهاتبایە و بەردەوام بوایە لە ژیانی ئاسایی خۆی

