سوریا لە نێو کێبڕکێی ئیسرائیل و تورکیادا

7 كاتژمێر لەمەوپێش
حەمەدەمین سڵێمان
شکستی ئێران لە سوریا دوای کەوتنی ڕژێمی پێشوو ، "ئیسرائیل و تورکیا"ی وەک دوو وڵاتی خودان هەژموون لە ناوچەکەدا پەلکێشی نێو فۆڕمێکی نوێی ململانێ و کێبڕکێی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کرد کە لەسەر گۆڕەپانی سوريا لە پەڕاوێزی ئێراندا دروست بوو .
هەرچەند لە دەسپێکی دیمەنەکان "تورکیا" وەک باڵادەست و براوەی یەکەمی نێو سوریا دەرکەوت، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوودا وازی کرد و وەدەرنانی ئێران و دوورکەوتنەوەی ڕوسیا لە هاوکێشەکەدا؛ بەڵام لەگەڵ خێرا کەوتنەخۆی ئیسڕائیل لە ڕۆژانی بەرایی مانگی هەنگوینی "تورکیا و ئەلشەرع"دا، بۆردومان و لەناوبردنی تەواوی پاشماوەی ئەو بنکە سەربازیی و چەک و جبەخانانەی ڕژێمی ئەسەد کە بۆ گروپە چەکدارەکانی تەحریری شام خەریک بوو وەک میرات بەجێدەمان، پاشانیش لێدانی ئەو شوێنانەی زەمینە سازیان تێدا دەکرا بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تورکیی، هەر زوو تورکیای لەدەستداو هاوکێشەکەی گۆڕی، ئیدی
ئیسڕائیل بووە سەرتۆپ و کارەکتەری پلە یەک و لە پێشی کێبڕکێکە و هەژموونی تورکیا بەسەر سووریادا لە کورتییدا .
هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزەکانی "هەسەدە" لە بەنداوی تشرين و پردی قەرەقۆزاق بە پاڵپشتی بۆردومانی فڕۆکەو درۆن و تۆپخانەکانی ئەو وڵاتە نزیکی دوو مانگی بەردەوام ، کە نەیتوانی هیچ لە ئیرادەی بەرزی شەڕڤانان بشکێنێ و بڵێسەی ئاگری بەرخودانی گەلی ڕۆژئاوا خەفە بکات؛ شکستێکی گەورە بوو بۆ تورکیا، بەتایبەت لەو کاتدا کە تورکیا بە وڵاتێکی بێ ڕکابەر لە هەژموون و باڵادەستیی بەسەر سوریادا خۆی ڕادەنا، دەمێک بوو بەدوای دەرفەت و کەلێنێکەوە بوو کە تێیدا پەلاماری ڕۆژاوا بدا و خۆیان گوتەنی: لەگەڵ چەکەکانیاندا بیان نێژێت ! لەهەمان کاتدا سەرکەوتنێکی گەورەش بوو بۆ "هەسەدە"، چونکە خەون و ئومێدی تورکیای لایەنی کەم بۆ لە قاڵبدانی ئەزموونی ڕۆژئاوا دوای ئەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشانە لەگۆڕنا ؛ توانای ئەو هێزانەی دوای سەرکەوتنەکانی لە ڕوبەڕوو بوونەوەدا لەگەڵ داعش لەشەڕیێکی بەرەیی وا بەرفراوان و دوورمەودا زیاتر ڕانا و پێگەی ئەوانی لە مامەڵەی نێودەوڵەتیی و گفتوگۆ لەگەڵ سوریادا بەهێز و پتەوتر کرد .
کێشە و ئاڵەنگاریەکانی سوریا، تادێ تورکیا دەخاتە گێژاو و کێرڤی هەژموون و باڵادەستییەکانی لەنێو ئەو وڵاتەدا پتر لاواز دەکات؛ کەچی دەستەڵاتی ئیسڕائیل ڕوو لە هەڵکشان و جووڵەکانی زێتر و خێراتر و بەربەستەکانی پێشی لاوازتر دەردەکەون .
ئەوەش دوای شەڕی "سوەیدا" کە دەستی تورکیای لەپشت بوو بەڕوونی هەستی پێدەکرێت، نەکەوتنی ئەو شارە کە شکستێکی دیار بوو بۆ ئەو وڵاتە و سوريا ، هەژموونی ئیسڕائیلی زیاتر و پتەوتر کرد؛ بەتایبەت کە سوریا ناچار بوو لەگەڵ ئیسڕائیل رێکەوتنی کرد و بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنەکەش هێزی ئەمنی و سەربازیی و ئیدارەی حکومەتی سوریا لە شارەکانی "سوەیدا، قونەیتەرە و دەرعا" دەکشێتەوە و دەستەڵاتی خۆجێیی تێدا دادەمەزرێت؛ بێگومان ئەوەش دەستگەیشتن بوو بەو ئامانجەی ئیسڕائیلی لەخەم ڕەخساند تا باشووری سوریا لە چەک داماڵێ و لەڕێی پشتیوانیی و ئیدارەی خۆجێیی درووزکانەوە دەستەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنێت، هەڵبەت ئەوەش ئیسڕائیل دەستواڵاتر دەکات بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکانی دیکەی لە داهاتوودا و دەرگاش بەڕووی عەلەویەکانی کەنار ئاوەکانی سوریادا دەکاتەوە تا ئەوانیش بکەونە خۆ و هاوشێوەی "کورد و درووزکان" بیر لە دامەزراندی ئیدارەی خۆسەری خۆیان بکەنەوە.

