گەمە نوێکانی سەر تەختەی شەترنج

4 كاتژمێر لەمەوپێش
Ahmed Rasul, [8/11/2025 3:45 PM]
د. سەردار عەزیز
میتافۆری تەختەی شەترنج بۆ جیوپۆلەتیک نوێ نیە، بەڵام ڕەنگە لەم سەردەمەدا کتێبەکەی زبێیگ یان Zbigniew Brzezinsk دیاریترین بەکاربردنی ئەم میتافۆرە بێت.
لە ناوچەکە، نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو ئاسیای ناوەند و ئەوروپا و ڕوسیا و ئەمریکا، چەندین گەمە لە ئارادایە. لێرەدا باس لە گەمەیەکی فرە لایەنی ئاڵۆز دەکەین، ئەویش خۆی لە دابران و لاوازکردنی ئێران و ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی ڕێسایەکی نوێ بۆ یاریکەرە نوێکان دەکەین.
کەواتە دوو گەمەی گەورە لە ئارادایە، ڕێگریی لە ڕوس و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە گەڵ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ئەو دوو یاریکەرە، کە هەتا ماوەیەک لەمەوپێش وەک دوو یاریکەری سەرەکی مامەڵە دەکران.
ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی، بە ئامادەبونی ترەمپ، ڕێکەوتنامەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، واژۆ کرا کە ئەمریکا بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ لە لایەن کۆمپانیایەکەوە، سەرپەرشتی ئیدارەی داڵان یان تەنگەبەری زەنگەزور بکات.
ئەم ڕێکەوتنامەیە لە لایەن ئێرانەوە سەرەکۆنە کرا. ئێرانییەکان، ڕێکەوتنامەکەیان بە هاوشێوەی هەنگاوەکانی زیلینیسکی چواند لە ئۆکرانیا. بەو مانایە هەردوو ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئەمریکا و ناتۆ داوەت دەکەن بۆ سنوری ڕوسیا. ئەمە یەکێکە لە لێکدانەوە نیمچە ڕاستەکان، بۆ دۆخی ئۆکرانیا، کە زیاتر لە حەکایەتی ڕوسیاوە نزیکە بۆ جەنگەکە.
بەڵام ئێران، پاش جەنگی دوانزە ڕۆژە لە هەبونی ئەمریکا لە سنورەکەی، لە گەڵ بونی ئامادەییەکی چڕی ئیسرائیل لە ئازەربایجان بە مەترسی لە قەڵەم دەدات.
دیارە جۆرجیا وڵاتێکی ترە کە دەکرێت بهێنرێتە ناو ئەم پرۆسەیەوە.
ئێستا ئازەربایجان دژ بە ڕوسیایە، هەوڵدەدات هاوکاری ئۆکرانیا بکات و جێگرەوەی ڕوسیا بێت بۆ وزە بۆ ئەوروپا.
لە هەمانکاتدا وەک ڕۆژانی پێشوو بینیمان، ئەمریکا لە ڕێگای پارەی قەتەری و تورکیاوە هەوڵ دەدات کە غازی ئازەری بگاتە سوریا. لێرەدا هەردوو ئازەربایجان و سوریا لە هەمان گەمەدان بۆ لاوازکردنی ڕوسیا و ئێران. چونکە سوریا گۆڕەپانی ئێران و ڕوسیا بوو لە سەردەمی ئەسەددا.
لێرەوە ئاسیای ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بە پشتیوانی ئەمریکا بەیەکەوە دەبەسترێت لە بەرامبەر ڕوسیا و ئێران و چیندا.
گرنگی ئازەربایجان لە چەند ڕویەکەوەیە. یەکەم، خاوەن سامانی زۆری نەوتە، ٢٠ هەمە لە دونیادا، بەڵام بە ئاسانی ناگاتە بازاڕ. ئەمە ڕەنگە هێندە گرنگ نەبێت بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام بێگومان ئاسانکارە. دووەم، پێگەی ئازەربایجان کە زبیگناو، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک کارتەر وەک ئەو پارچە تەختەی دەبینێت لە ملی بوتڵێکدایە ئەگەر پیایدا تێپەڕیت دەگەیتە بوتلەکە کە بریتیە لە دەریای قەزوین و ئاسیای ناوەند. لە ڕوی جیوپۆلەتیکیەوە لە ناوەندی ڕوسیا و چین و ئێراندایە. سێیەم، ئەم ناوچەیە پڕیەتی کانەکانی کانزا دەگمەنەکان کە پێداویستی بنەڕەتی ژیریی دەستکردن، کە پانتایی سەرەکی شەڕی زلهێزەکانە لە دونیادا و خاڵی لاوازی ڕۆژئاوایە بەرامبەر چین لە ئێستادا.
لەم روەوە ئازەربایجان گرنگە، بۆیە نابێت لە ڕوانگەی ڕوداوی ڕۆژانەوە لە ڕۆڵ و کاریگەری بنواڕین.
کە دێتە سەر بەرەی ڕۆژئاوا، ئەوانیش لە کاتێکدا لە بەرامبەر بەرەکەی تردا، وەک بەرەیەک کار دەکەن، بەڵام لە هەناو خۆیاندا نەیاری ڕکەبەرییان زۆرە. لێرە باس لە دوو گرژی دەکەم. یەکەم لە نێوان فەرەنسا و تورکیا.
فەرەنسا و تورکیا دوو هێزی هاو توانان، هەردوو هێزی مامناوەندن، لە دەریای سپیدا پانتایی قەڵەمڕەوییان بەریەک دەکەوێت. بەڵام لە دوای کەوتنی ئەسەد، سوریا بوە بە پانتایی ململانێیان. دیارە وەک دەزانن، ئەحمەد شەرع لە ٢٠٢٠ەوە هاوکاری دەزگا سیخورییەکانی تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل بووە. هاتنی ئەو بۆ سەر دەسەڵات پێگەی مێژویی فەرەنسای لاواز کرد لە سوریا. لە بەرامبەردا فەرەنسا هەوڵدەدات جڵەوی پرسی فەلەستین بگرێتە دەست لە گەڵ پرسی کورددا.
ئەم واقیعە هۆکاری بەشداریی نەکردنی حکومەتی سورییە لە دانیشتنەکانی پاریسدا. بە دیدی تورکەکان فەرەنسا دۆستی کوردە، هەروەها تورک نیگەرانن کە بە ڕاستەوخۆ بەشێک نین لەو دانوستانانە. بۆیە ڕێگریی دەکەن و پێشنیاری جێگایەکی تر دەکەن، لە نێویاندا ناوی عەمانی پایتەختی ئوردون هاتوە.
دووەم گرژی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیادایە. ئەم گرژییە لە سەر جۆری داڕشتنی دەوڵەتی سوریی و زۆر هۆکاری ترە. هەردوو گرژییەکە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە سەر کورد هەیە.
دوا گەمەی سەر تەختەی شەترنجەکە باس لە ڕۆڵی چین دەکەم. لە هەردوو ئازەربایجان و سوریا چین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئامادەیە. لە ئازەربایجاندا، هەوڵدەدرێت بەربەست بۆ کۆریدۆری ناوەند دروست بکرێت کە چین بە ئەوروپاوە دەبەستێت، ئەمە بەشێکە لە گەمەی چین بۆ بونی بە هێزێکی وشکانی، لە بەرامبەر زاڵبونی ئەمریکا بە سەر دەریادا.
کە دێتە سەر سوریا، ئیدارەی تەرمپ لە هەوڵی ئەوەدایە کە مانگی داهاتوو ئەحمەد شەرع؛ داوەت بکات بۆ نیویورک هەتا لە کۆبونەوەی نەتەوەی یەکگرتوەکان وەک سەرۆکی سوریا وتار بدات. چین، وەک ئەندامی هەمیشەیی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، دژ بەم هەوەڵەیە و مەرجی هەیە بە تایبەت لە پەیوەست بە ڕۆڵی ئیگورەکان لە سوپای سوریدا. ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەیاننامەیەک دەربارەی سوریا بڵاو دەکاتەوە کە دانیمارک داڕێژەریەتی، دژ بە هێرشەکانی سەر دروزەکان.
لێرەدا دەبینن گەمەکانی چۆن ئاستی جیاوازیان هەیە و خەڵکەکان و خواست و پرسەکانیان مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێت.

