ناوەندە پەروەردەییە ناحکومییەکان و ریکلامی بێزارکەر

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەد دەروێش 

رەنگە زۆرێکمان کێشەمان لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریی و بیری ئابووری سەمایەداریی و لیبرالیزم بەگشتی نەبێت لەسۆنگەی ئەوەی تاڕادەیەکی زۆر یەکانگیرە لەگەڵ غەریزە خۆویست و شەڕانگێزەکانی مرۆڤ کە ئەمەش نهێنیی مانەوە و خۆنوێکردنەوەیەتی بەبەردەوامی، لەسێ دەیەی رابردوودا و بەدیاریکراویش لەساڵی 2008 و جارێکی تریش لەسەردەمی کۆرۆنا ڤایرس لەساڵی 2020 ، دوو جار لەلایەن چەپگەرا و تەنانەت فەیلەسوفانی چەپگەراشەوە تەپڵ بۆ مەرگی سیستمی سەرمایەداری لێدرا و هیچیش روینەدا، بەڵام بێگومان لیبڕالیزمی نوێ جێی ئومێد و داواکاری هەموانە لەسەر ئاستی جیهان . 

لیبرالیزمی نوێ بەپێچەوانەی نیۆ لیبڕالیزم هەموو شتەکان بەپێودانگی قازانجی ماڵی و دارایی ناپێوێ بەڵکو هاوکات و لەپەنای ئەمەدا داکۆکی لەبەها مرۆییەکان دەکات. لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە؛ ئایا دەستبردنی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی بەتایبەتکردنی (خصخصه) کەرتی پەروەردە بڕیارێکی دروستە؟ ئایا بڕیارەکە بەرمەبنای لێکدانەوەیەکی زانستی بووە لەگۆشەنیگای ئابووری، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیریی و زانستییەوە؟

ئێمە وڵاتێکین لەنێو وڵاتانی دنیای سێدا، رەنگە دروستترە بڵێین لەنێو وڵاتە دواکەوتووەکاندا،  ئابوورییەکی رەیعیمان هەیە و کەرتە ئابوورییەکانمان وێرانەن کەچی دێین وەک هەر کاڵایەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی دەکەین و وێرانیان دەکەین ! 

فەرامۆشکردنی ژێرخانی قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان هەر لە دروستکردنی بینای نوێ تا دەگاتە دابینکردنی کەرەستە و ئامرازەکانی فێرکردن. دەساڵ پترە، دە قوتابخانە و خوێندنگە لەهەموو هەرێمدا جگە لەخێرخوازان دروست نەکراوە، دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکان بۆ دابینکردنی تاقمێک قەنەفە، داتاشۆ و بۆردی زیرەک و چەند پێداویستییەکی دیکە، بەناچاریی پەنا دەبەنە بەر کۆبوونەوەی دایبابان، سەمایەدار، پەرلەمانتاری ناوچەکە و ... هتد لەبەرانبەریشدا هەموو دەروازەکان بۆ خوێندنی ناحکومی خراونەتە سەرگازەرای پشت. ناشمانەوێ بچینە نێو ئەو جەدەلەی کەخوێندن بەزمانی دایک باشترە یا بەزمانی ئینگلیزی؟ خۆئەگەر قسە لەسەر زمان بێت، رەنگە بۆ ئێمەی کورد لەعێراقدا، فێربوونی زمانی عەرەبی ئەگەر گرنگتر نەبێت، کەمتر نییە، دەرچووی کۆلێجەکانیشمان عەرەبی نازانن و ئەمە بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆراش هەر راستە لەکاتێکدا بەشێکی زۆر  لەسەرچاوەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەعەرەبین و لەمەش خراپتر بەشێکی زۆر لەمامۆستایانی زمانی عەرەبی ناتوانن بەباشی بەزمانەکە بدوێن.

پرسیارە جدیەکە ئەمەیە : کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەی ناحکومی لەکوێی فەلسەفەی پەروەردەی هەرێمدا جێی کراوەتەوە و حیکمەت و ئامانجەکەی چییە؟ 
ئایا ئەو فۆرمە دەچێتە نێو بازنەی وەبەرهێنان لەسامانی مرۆیی و گەشەپێدانی سەرمایەی مرۆیی؟ 

دەستەواژەی خوێندنی ناحکومی هەریەک لە قوتابخانە و خوێندنگەی تایبەت و سەربەخۆ دەگرێتەوە و، سەرچاوەی پارەدارکردنیان کەسێکە یان رێکخراوێک یان لایەنێک بەڵام هەرچییەک بێت لەنێو بازنەی کەرتی تایبەتدا ئەژمار و خاوەندارێتی دەکرێت. بێگومان زۆرینەی قوتابخانە و خوێندنگە ناحکومییەکان لەهەرێمدا لەسەر بنچینەی قازانج دامەزراون بەڵام چۆن قازانجێک؟ قازانجێکی حەتمی و مسۆگەر. پڕۆژەیەکە هەرگیز زەرەرەر ناناسێ ناچێتە ژێر مەترسی ئافات و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و کەرەستەی خاو و .... هتد ئەمە هەمووی لەسەر گیرفانی خەڵکانێک مەرج نییە هەمووی دەوڵەمەند و خواپێداو بێت،  ئەمەش لەسەر حساب و ئەنجامی  فەرامۆشکردنی قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان، دۆخی خراپی ژیان و موچەی مامۆستایان پاشان بایکۆتکردن، چاولێکەریی  و ریکلامێکی زەبەلاح کە قوتابخانە و خوێندنگە ناحکومییەکان وەگەڕیانخستووە، سەرچاوە دەگرێ.

ریکلام لەسادەترین پێناسەدا بریتییە لە رەواجپێدان یان دروستکردنی خواست لەسەر کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک و بە ئامرازێکی گرنگی بەبازاڕکردن دادەنرێت بەهەردوو بەشەکەیەوە جا چ ریکلامی کلاسیکی بێت ( تەلەفزیۆن ، رادیۆ ، رۆژنامە ، تابلۆ ، پۆستەر و ....هتد ) یان چ ریکلامی ژمارەیی - ئەلیکترۆنی بێت ( تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ، ڤیدیۆکانی یوتیوب ، سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ) .

ریکلامی بەشێک لەو ناوەندانە خەریکە سنوورەکان دەبەزێنن و کار گەیشتووەتە ئەوەی بۆ قۆناغی ١٢ ژمارە و ناوی ئەو خوێندکارانەش بڵاو دەکەنەوە کە لەخولی یەکەمدا لەچەند وانەیەک نەوەد و بەرەو سەریان هەیە بەڵام چەند وانەیەکیان لەخولی دووەمدا هەیە و جا هەندێکیان هاوار دەکەن و دەڵێن نەوەد خوێندکارمان سەروی نەوەدیان هەیە و ئەوانی دیکە دەڵێن پەنجاو شەست خوێندکاری لەو بابەتەمان هەیە ( نمرەی نەوەد و بەرەو ژوور ) ئەمە لەکاتێکدا بەشێکیان هێشتا تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان نەکردووە و هەندێکیشیان هەر ناچنە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم !

بێگومان لەو ناوەندانە کادری پەروەردەیی زۆر باشیان تێدایە هەر لەدەستەی کارگێڕی تا دەگاتە میلاک و وانەبێژ ( میلاک لای ئەوان مامۆستایەکی دانەمەزراوە بەڵام وانەبێژ مامۆستایەکی ناوەندێکی حکومییە ) و رێنماییکار ، تەنانەت تێیاندایە هەڵگری بیری چەپ ونمونەی مرۆڤە جوانەکانی کۆمەڵگەن ، بۆیە قسە لەسەر ئەوان نییە و رەنگە بێکاریی ناچاری کردبن و ، یان هەر هۆکارێکی دیکەو ،  موچەیەکی یاسایی وەردەگرن . بەڵکو پرسەکە تایبەتە بەسیاسەت و دید و ستراتیژیی حکومەت بەگشتیی و وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار