پارەی سیاسی؛ ڕووی شاراوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن

16 كاتژمێر لەمەوپێش
د. پیرۆت محەممەد ئەمین
پارە پێکهاتەیەکی جەوهەریە لە کردەی سیاسیدا، کە بەشداری و نوێنەرایەتی سیاسی چالاك دەکات، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێکنەخرێت دەتوانێت یەکپارچەیی پرۆسە و دامەزراوە سیاسیەکان تێکبدات و کوالیتی دیموکراسی بخاتە مەترسیەوە. ڕێساکانی تایبەت بە دارایی پارتە سیاسیەکان و بانگەشەی هەڵبژاردن و لۆبیکردن زۆر گرنگن بۆ بەهێزکردنی دەستپاکی و شەفافیەت و لێپرسینەوە .
پارەی سیاسی، بە مانا فراوانەکەی، بەکارهێنانی پارەیە لە ڕێگەی نایاسایی یان گوماناوییەوە بۆ کاریگەریکردن لەسەر دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن. پارەی سیاسی تەنها لە کڕینی دەنگی دەنگدەران سنوردار نیە، بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ کڕینی کاندیدەکان خۆیان. هەروەها پارە ڕۆڵی هەیە لە ساختەکردنی ئیرادەی دەنگدەران بە دابینکردنی بودجە بۆ ڕاپرسییە ساختەکان، پێشکەشکردنی یارمەتی خێرخوازی مەرجدار، یان تەنانەت دەستکاریکردنی خودی داتای هەڵبژاردنەکان لە قۆناغی ژماردن و خشتەی هەڵبژاردنەکاندا.
عێراق شایەتحاڵی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی چەندین هەڵبژاردن بووە، کە وەک بەرجەستەکردنی پرۆسەی دیموکراسی پێشکەش کراوە. بەڵام واقیع پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە تەنیا ملکەچی ئیرادەی خەڵک یان ئەجێندای لایەنە سیاسیەکان نیە، بەڵکو بە قووڵی لە ژێر کاریگەری دیاردەی "پارەی سیاسی"دایە، كە چەندین شێوەی هەیە، لە کڕینی دەنگەکانەوە تا دەگاتە پارەدارکردنی هەڵمەتە میدیاییە گەورە و ئامانجدارەکان، یان ئیستغلالکردنی پارەی گشتی بۆ بەرەوپێشبردنی پارتە دەسەڵاتدارەکان. وە بووەتە پایەی بنەڕەتی لە دیاریکردنی ئەوەی کێ سەردەکەوێت و کێ دەدۆڕێت، بەبێ گوێدانە پاکی و بێگەردی سندوقی دەنگدان و ئازادی هەڵبژاردن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥، لایەنە سیاسیەکان خەریکە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان چڕتر دەکەنەوە، بڕە پارەیەکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ ڕاکێشانی کاندیدەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ دەنگدەران لە پێشبڕکێیەکدا کە ڕکابەریەکی زۆری تێدادەبێت.
بە پێی ئەو کەسایەتییە سیاسیانەی بەشدارن وەكو كاندید لە پرۆسەکەدا، كەسەر بە حزبی دیاریكراون و پاڵپشتییەکی بەهێزی خێڵەکیان هەیە، بە ملیارەها دیناریان بۆ تەرخان دەکرێت. قەبارەی خەرجییەکان کە لە ئێستاوە لە چەند پارێزگایەکدا دیارە، زیاتر سەرنجی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی هەڵبژاردنەکان ڕادەکێشێت.
هەروەها زۆرێک لە بەرپرسانی لایەنە سیاسیەکان بە پشتیوانییەکی بەرچاوی دامەزراوەیی چوونە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە. لە ئێستادا چەند کەسێکیان پۆستی کاریگەریان لە وەزارەتەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئیدارە ناوخۆییەکان هەیە. ئەم پۆستانە وەک پلاتفۆرمێک دەبنە هۆی کۆكردنەوەی سەرچاوە دارایی و کارگێڕییەکان بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن.
تۆمەتەکانی کڕینی دەنگ و خراپ بەڕێوەبردنی دارایی بەردەوامن بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. بەپێی زانیاریەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا، كارتی دەنگدان لە پارێزگاکانی باشوور بە بڕی ٥٠ هەزار بۆ ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی فرۆشراوە و خەرجییە ئاشکرا نەکراوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو ساڵەدا بە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
لە ساڵی ٢٠٢١دا بەدواداچوون بۆ دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردن قورستر بوو،. دەستەی دەستپاکی عێراق 15 لێکۆڵینەوەی لەبارەی خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی کردەوە، تیشکی خستە سەر ئەو حاڵەتانەی کە پارێزگار و وەزیرەکان سەبەتەی خۆراک و خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ بەرژەوەندی حزبەكانیان دابەشکردووە.
لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠٢٢دا دەرکەوتووە کە ٧١%ی عێراقییەکان پێیان وایە پارەی سیاسی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات، لە کاتێکدا ٦٤%ی عێراق چیتر دەنگدان بە ڕێگایەکی کاریگەر بۆ گۆڕانکاری نازانن. وە ڕادەی متمانە بە پارتە سیاسییەکان بۆ تەنها 27% دابەزیوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی نوێنەرایەتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا بە وردی چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن. نوێنەرایەتیەکانی چاودێریی پێشوو ڕاپۆرتیان بڵاوکردەوە کە ئاماژەیان بە ناڕێکییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی پارەی سیاسی و کاریگەریی کوتلە چەکدارەکان لەسەر دەنگدەران کردووە،.
بەردەوامی گەندەڵی پارەی سیاسی، ئیعتباری پرۆسەی دیموکراسی تێکدەدات و کاریگەری لەسەر پەیوەندیە دەرەکیەکانی دەبێت، لەوانە متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بە سەقامگیری وڵات.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بەشێکی زۆری بودجەی سیاسی لە سەرچاوەکانی دەوڵەتەوە دێت. زۆربەی وڵاتانی جیهان سنوورێک بۆ خەرجی حزبی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەسەپێنن بە داواکردنیان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی، ئەمەش مەرجێکە لە یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق و یاسای نوێی هەڵبژاردنەکاندا نەهاتووە.
نەبوونی سنوورێک بۆ خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، وا دەکات زۆرێک لە لایەنەکان پەنا بۆ سەرچاوەی دارایی دەرەکی ببەن لە ڕێگەی وەبەرهێنان و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ناوچەیی، یان بودجەی ناوخۆیی لە ڕێگەی پارەی سیاسی و گرێبەستی حکومەت و ئیستغلالکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.
هەڵبژاردن لە عێراق لە ئامڕازێک بۆ گۆڕانکاری دیموکراسییەوە ەبێتە گۆرەپانێک بۆ كارگەریی دارایی و سیاسی، هێزێک بەرهەم دەهێنێت کە ئەوەندەی گوزارشت لە لۆژیکی پارە و دەسەڵات دەکات، ئەوەندە نوێنەرایەتی ئیرادەی خەڵک ناكات.
لە غیابی چاکسازیی ڕاستەقینە لە سیستەمی هەڵبژاردن و بە مانەوەی پارەی سیاسی وەک فاكتەرێكی سەرەکی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هەرچییەک بن تاكو ڕادەیەكی زۆر دەسەڵاتێک بەرهەم ناهێنێت کە لە خەڵکەوە سەرچاوە بگرێت، بەڵکو دەسەڵاتێکی تەرخانکراو بۆ کاریگەری و باڵادەستی بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی دوودڵی هاوڵاتیان بۆ دەنگدان و دووبارە تۆمەتبارکردن بە نەبوونی شەفافیەت .
