وشکەساڵی و خەمباری ژینگەیی

13 كاتژمێر لەمەوپێش



حسێن محمود

وشکەساڵی کەبەرئەنجامی گۆڕانی ئاووهەوایە، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوەو قەیرانێکی گەورەو فرەڕەهەندی لێکەوتۆتەوە، نەبونی ئاوی خواردنەوەی پێویست، کەمی ئاو بۆکشتوکاڵ وئاودێری، قورسایی زیاتری مادی خستۆتەسەرشانی هاوڵاتیان و خەمباری ونیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە

گۆڕانی ئاووهەوا تەنیا قەیرانێکی ژینگەیی نییە،بەڵکوتێکشکانی ڕوحی مرۆڤایەتییە بەگوتەی، ئالگۆری جێگری پێشوتری سەرۆکی ئەمریکا، ئەم گۆڕانە، قەیرانێکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیشە، چونکە، دیاردەیەکە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی ژینگەیی و خەمباری ژینگەیی، گۆڕانی ئاووهەوا کاریگەری هەیە لەسەر سەنتەری ڕێکخستنی گەرمی لەمێشکی مرۆڤ کەدەبێتە هۆی تێکچونی میزاج و خەو. 

خەمباری ئاووهەواییی یاخود ژینگەیی هەستکردنەبەئازاری دەرونی لەئەنجامی تێکچونی ژینگە،ئەم خەمبارییە لەکاتێکدا دروست دەبێت کە مرۆڤ هەست دەکات ئەو ژینگەیەی تێیدایەتی چیدی شوێنێکی ئارام نییە بۆ حەوانەوە. 

لێرەوە زاراوەی سولاستالجیا گوزارشتە لەتێکچونی میزاج ودرککردن بەنائارامی لەبەرامبەر شوێندا، حوزنی ژینگەیی هەستکردنی قوڵی مرۆڤە بە تێکچونی شوناسی شوێن و نەمانی ئارامی، هەندێ توێژینەوە دەریان خستووە کەشەپۆلی گەرمی بەهێزدەبێتە هۆی زیادبونی دڵەڕاوکێی و توڕەیی وتوندوتیژی، گۆڕانی ئاووهەوا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ڕوبەری سەوزایی وئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەرمیزاجی مرۆڤ. هەندێ توێژینەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن لەهەندێ ناوچەی باشوری ئاسیاو ئەفریقیا تێکڕایی خۆکوشتن لەوەرزی وشکیدا زیادی کردووە. لەساڵی ٢٠١٩ لەئوستورالیا بەهۆی ئاگری گەورە لەدارستانەکان، زۆرکەس توشی  شڵەژانی دەروونی بوون

کاریگەرییە دەرونییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا لە عیراق

لەزۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست وباشوری عیراق لەهاویندا پلەی گەرمی دەگاتە سەروی پەنجای سیلیزی، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێ لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە، ئەم پلەگەرمییە بەرزە بۆتە هۆی خەوزڕان و بێداربون و بەمەش باری دەرونی دانیشتوان تێکچووە، هاوکات خۆڵبارین وگەردەلولە خۆڵاوییەکان کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ژیان و بۆتە هۆی تەنگەنەفەسی و بێزاربون و خەڵک ناچاربون بۆماوەی چەند ڕۆژێک دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن، ئەمەش بۆتە هۆی خنکانی جەستەیی و مەعنەوی. 

کەمی ئاو بۆتە هۆی کۆچی ژینگەیی لەلادێ وە بۆشارو نەمانی پاروی ژیان وحاڵەتی دڵەڕاوکێی دەستە جەمعی دروست کردووە. گۆڕانی ئاووهەوا پەشێوی دەروونی لەناو هەموو چین و توێژەکاندا دروست کردووە، گەنجان پێیان وایە ئایندەیان لەمەترسیدایە، جوتیارانی بەتەمەن لەساتەوەختی خەمباری خۆیاندا دەژین، چونکە کارەساتە ژینگەییەکان کۆچی پێکردون و لەزەویەکانیان دابڕاون و دورکەوتونەتەوە.وێڕای ئەمانەش وشکەساڵی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆشە لەسەر ئاسایشی خۆراک.

چی بکرێت؟
١-دروستکردنی ڕوبەری سەوزایی لەشارەکان، بۆئارامی ودروستی دەروونی
٢-بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەروونی بەتایبەت ئەوناوچانەی دوچاری کەم ئاویی و وشکی هاتون.

٣-دروستکردنی مەڵبەندی دروستی دەرونی گەڕۆک لەناوچە کارەساتبارەکان
٤-ڕاهێنان و خۆگونجاندن، مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی ئاووهەوا پێویستە ژینگەیی ودەرونی بێت، پێویستە دانیشتوان ڕابهێنرێن بە نەرمیی دەروونی، کەیارمەتیدەر دەبێ بۆ زوو خۆگونجاندن.

٥-دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبری ترساندنی خەڵک، چیرۆکی سەرکەوتن بەسەر گۆڕانی ژینگەدا بڵاو بکەنەوە.
٦-خۆگونجاندن لەگەڵ کارەساتە ژینگەییەکان بخرێتە بەرنامەی خوێندنەوە

٧-پلانی حکومەت بۆ داڵدەدانی ئاوارەکانی ژینگەو پێدانی چارەسەری دەروونی
٨-دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی لەدەوروبەری شارەکان وئەوکەسانەی زیانیان بەرکەوتوە بەشدارییان پێبکرێ لەهەڵمەتی نەمام ناشتن، تاکولەڕوی دەرونییەوە، هەست بەئارامی بکەن.

٩-دروستکردنی ۆرکشۆپ و بەکارهێنانی تەکنیکی هەناسەی قووڵ بۆزاڵبون بەسەر گرفتە دەرونییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار