عەجاج چیرۆکێکی تاریک و هەترەشبەر

7 كاتژمێر لەمەوپێش
لەتیف فاتیح فەرەج
1 هەموومان چیرۆكی دڕندەكەی نوگرە سەلمانمان بیستوە ، ئەو پیاوەی بە خۆی و سۆندە كێبڵدارەكەی ناویەوە وەك گورگی هار بەردەبووە گیانی ئەو پیاو ژن و پیرو بەساڵاچوانەی لە گەرمێن و كوێستانی كوردستانەوە بۆ مەرگ برابوونە قەڵای باستیل ئاسای سەلمان، ئەو قەڵایەی، پێش ئەو خەڵكەش زۆری دیكەی بۆ برا بوو بێئەوەی زۆربەیان بگەڕێنەوە ،عەجاج ئەوەی لە مانای باوی میللی كورددا، قوربانی و نوسەرانیش پێمان دەوت حەجاج ، گەرچی چەند ساڵێك لەمەوبەر من لە یەك دوو وتاردا كردمەوە عەجاج ، بكوژو ببڕی ئەو زیندانە خۆی بوو و ناوی ئەو هاوناوی لێدان و سەگی ڕەشی بیابان و دڕندەیی بەعس بوو.
2 سەگی ڕەش ، یان سەگەڕەشەكە ئاماژەیە بۆ ئەو سەگانەی لە دەورو بەری قەڵاكە بوون ، زۆربەیان ڕەش بوون ، گەرچی شێوەی دیكەشیان هەبوو، بەڵام زۆربەی قوربانیەكان لەوە دەچێت زیاتر هەر سەگی ڕەشیان دیبێت بۆیە ناوەكە بەو جۆرە بڵاو بوەوە ، كاتێك ساڵی ٢٠٠٣ ئێمە تیمێك چووینە ئەو قەڵایە ، یان زیندانی نوگرە سەلمان ، ئەوی دەرەوەی قەزاكە ، لەوێ چەندین سەگمان لە دەوروبەری قەڵاكە بینی ، كە هەندێكیان ڕەشێكی زۆر تاریك بوون .
3 لە سەلمان لیستێكی ئەو قوربانیانەمان دەسكەوت كە لەوێ مردبوون ، ئەوەی ئێمە ئەوانە بوون ، كە برابوونە نەخۆشخانە ، لیستەكە هەمووی نوسرابوو " وەستانی خوێن "یان مەین و لە جوڵەكەوتنی خوێن ، وەستانی سوڕی خوێن ، لەو لیستەدا كە من چەندین جاری تر لە سەریم نووسیوەو كاتی خۆی یەك یەك چیرۆكم بۆ ناوەكانیش دروستكرد ، لە مناڵی وردەوە تیایەتی تا بە ساڵاچوون كەسەكان هەموو كەس و كاریان هەیە ، من كاتی خۆی چەند كەسێك وتیان ناوی تیایە كەسی ئێمەیە ، تەنانەت كاك عوسمان شاكەلی برای شێخ محەمەد شاكەلی دەڵێت كوڕێكی منی تیایە گەرچی ناوەكەی بە هەڵە هاتوەتەوە ، هەموو ناوەكان تەمەن و شوێنگەو پارێزگای لە گەڵدایە .
4
بۆ دادگای كردنی عەجاج ١٠٠ كەس بەسە ، هەر لیستەكەی لای من زیاتر لە هەشتا ناوە ، چیرۆكی قوربانیەكان ، برسی كردن، تینو كردن ، لێدان ، كوشتن و فڕێدانی تەرم و دەرخوارددانی مردوەكانە بە سەگە ڕەشەكان ، پرسی دەستدرێژی و ئازاردانی كچ و ژن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەر وا ئاسان تێناپەڕێت ، قوربانی ناتوانێ نەلەبەردەم دادگا ، نە لە ناو كەس و كاری خۆیشیدا ئەمە بگێڕێتەوە ، دوای ئەو هەموو ساڵەش دەستبردن بۆ هەڵدانەوەی ئەو برینانە ئازارێكی دەرونی گەورەیە ، بۆیە هەر ئەوەی هەیە بەسە بۆ ئەوەی عەجاج سزای دادیانەی خۆی وەربگرێت .
5
دادگای كردنی عەجاج و سزادانی لە سەر تاوانەكانی نێو نوگرە سەلمان ، بوێری لای قوربانی دروست دەكات ، كە لەسەر مافی خۆی بێتە دەنگ ، ئەمە دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ دادوەری گوێزەرەوە ، هەر ئەوەی كە برسی كردن و تینوكردن ، لێدان و ئازار دان ، بەستنەوەی بەر خۆرو توڕدان ، فڕێدانی مردوو بۆ بەردەم سەگەكان ، بەسن بۆ ئەوەی عەجاج و هەموو ئەوانەش كە لە زیندانی نوگرە سەلمان هاوكارو هاودەستی بوونە بە سزای خۆیان بگەن ، ناكرێت لە بایەخی ئەم بابەتە كەمبكرێتەوە بە بیانوی ئەوەی سكاڵا كاران سكاڵاكانیان لاوازە، جا خۆ لە هۆلۆكۆست و ڕوانداو كوشت و بڕی ئەرمەنیشدا هەر ئەو ڕوداوانە هەن ، ناكرێت قوربانی ناچاری ئەوە بكرێت چیرۆكی دروستكراو دروستبكات ، قوربانی دەبێت هەقیقەت زیاتر نەڵێت ، ناچار كردنی بەوەی چیرۆكی قەبە دروست بكات ، بێنرخكردنی ئەو ستەمكاریە تاریكەیە.
