وەزیفەی حزبی سەردەم

3 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
دەمویست بگەڕێمەوە بۆ پێناسە کۆنەکەی حزبی پێشڕەو"ە کە لەلایەن لێنینەوە پەرەی پێدراوە کە پێناسەیەکی مارکسی لینینی یە، ئەوەندە دەڵێم حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانی خۆشمانەوە هێشتا بنیاد و پێکهاتەکەی بەرمەبنای پێناسەی کۆمۆنیستی یە، کە دەبێت تا هەن خۆیان بە حزبی پێشڕەو ناوزەند بکەن و هەموو کۆمەڵگا لە خزمەتی حزبی پێشڕەودابێت، کە خەسڵەتی دۆگمایی و سروشتی (کەڵتی) هەیەو لەتەک ئەم هەلومەرجەی ئێستای ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وتەکنەلۆژییادا نایەتەوە چونکە جیهان گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە و ڕووبەڕوی چەندان گرفتی سیاسی و ئابووری و ژینگەیی بوەتەوە و گۆڕانکاری لەبەهای کۆمەڵایەتیدا ڕوویداوە جگە لەو پێشکەوتنە گەورەیەی تەکنەلۆژیایە کە پرسیاری نوێی خولقاندوە و پێویستی بەوەڵامی نوێ هەیە، بۆیە حزب ئەرکی نوێی بۆهاتوەتە پێش و دەبێ بەپەیوەندییە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکانیدا بچێتەوە، ئەمیش پێویستی بە کرانەوەیەکی تەواو هەیە کە بەرمەبنای ڕەخنە هەڵەکانی ڕاستکاتەوە لە قاوغی ئایدۆلۆژیای وشک و دەمارگیر خۆی ڕزگاربکات، خۆی لەتەک واقیعی ئێستادا بگونجێنێ و خۆی نوێ بکاتەوەو هەمیشە لەدوێنێ دا نەژی.
،ئێستا ئەحزاب لەکوردستان لەو پەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی ڕاست لەقەیرانێکی فیکری قووڵدایە ئەوەندە داخراوە کادری حزبێک کۆمێنت بۆ بابەتێکی جوانی کادری حزبێکی دیکە بنووسێ ڕووبەڕوی لێ پرسینەوە دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر سوکایەتی پێبکات دەسخۆشی لێ دەکرێت لەکاتێکدا سیاسەت گفتوگۆی ئەرێنیە لەفەزای گشتی داو دەتوانی لەڕێگای کۆمێنتێکەوە ئارگۆمێنتی بەهێزی حزبەکەت بگەیەنی بەڕای گشتی و بەرگرییەکی ئەقڵانی لێ بکەیت نەک نابووتی کەیت. قسەیەک هەیە دەڵێ بۆ ئەوەی حزبێک یان بابەتێک یان کەسایەتیەک ناشیرین کەی نائەقڵانی وناشیرین بەرگری لێ بکە بۆ ئەوەی ناشیرین بێت.
بۆیە پێویستە حزبی کوردی کادری وشیار و دەست و دەم پاک و پێگەیشت و تێگەیشتوو نوێنەرایەتی بکات بۆئەوەی بتوانێ لەتەک گۆڕانکاریەکاندا خۆی بگونجێنێ کەواتە ئەگەر هەرحزبێک لەتەک گۆڕانکاریەکاندا خۆی نەگۆڕێ و خۆی نوێ نەکاتەوە بێ گومان دەدۆڕێ وەکو لە مێژووی حیزبایەتی ئەم ناوچەیەدا بینیوومانە، لە غیابی خۆ نوێنەکردنەوەدا دەکرێتە دەرەوەی دەنگدەر و کۆمەڵکایش، کەواتە پێویستە حزب حزبی خەڵک بێت حیزبی خەڵکیش پێویستە لەم سێ ئاستە دا گۆڕان لەخۆیدا بکات:
٠١ وشیاری ڕەخنەیی :. تێگەیشتن و خوێندنەوەی واقیع بەدیدێکی ڕەخنەیی بنیادنەرانە بۆ کۆی بابەتەکانی ڕێکخستن وپەیوەندی سیاسی وکۆمەڵایەتی ومیدیایی.
٠٢ گۆڕانکاری :. لەبیرکردنەوەو کرداردا و توانای ئەلتەرناتیفی بەر دەوامی هەبێت بۆ پێشهاتە کان و کێشە وقەیرانەکان
٠٣ دوورکەوتنەوە لەڕق وکینە بەرامبەر ئەوانی دیکە : واتە نابێت ئەوەی وەک تۆ بیری نەکردەوە ئیتر جاشە و ئەوەی لەتەک تۆ بو باشە بۆیە حزبی سەردەم ئەوحزبەیە بەگیانی وەرزشی بچێتە پێشبڕکێوە.
٠٤ گۆڕینی شێوازی ململانێ لەشکاندنەوە بۆ هاریکاری و خزمەتکردن بەخەڵک و نیشتیمان بۆ گەشتن بە ئامانجە بەرزەکانی نیشتیمان .
٠٥ نەرم و نیانی: دەبێ توانای نوێ بونەوەو فێربوونت هەبێ تا ئەو ڕادەیەی ئەویترت قبوڵ بێت واتە دەبێ هێزی نەرم بکاتە ستراتیجی کاری ڕێکخراوەیی و بزانی لەم سەردەمەداو لە ناو ئەم هەموو قەیرانەدا حزب نابێ تەنها ئامانجی گەشتن بەدەسەڵات بێ بەڵکو دەبێت کار بۆ مانا دانەوە بەچەمکەکان بکات مانادان بەژینگە، مانادان بەسیاسەت ، مانادان بەقووڵ بوونەوەی دیموکراتیەت، مانادان بە وەزیفەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وگەڕان بەدوای بە دیلدا بۆ هەر پێشهاتە و قەیرانێک ئەمەش بەوە دەبێت نابێ ئەحزابی کوردی هەمو ووزەو هێزی خۆیان لەدژایەتی کردنی یەکدیدا سەرف بکەن بەڵکو دەبێت وزەو تواناکان بخەینەخزمەت بەر ژەوەندی باڵای نیشتیمان، ئەگەر وا نەکەن نەک ناتوانن مانا بدەنەوە بەچەمکەکان بەڵکو خۆیان دەچنە ناو بێماناییەوە لە کۆتایدا بۆ بەر چاو ڕوونی کادرانی ئەحزاب چەند پێناسەیەکی کورت و ڕاو سەرنجی بیر مەندان لەسەر حزب دەخەمە ڕوو بۆ ئەوەی لەتێگەیشتنی ئەو فەیلەسوفانەوە بتوانن خوێندنەوە بۆ وەزیفەی حیزب بکەن.
دەربارەی حزب ٠١ هانا ئارێنت دەڵێ ( حزبەکان دەکرێ ببنە هۆکاری وێرانکردنی دیموکراسی ، لەو کاتەدا کە پەیوەندییان بە فەزای گشتی یەوە نامێنێت) ئارێنت پێمان دەڵێ سیاسەتی دروست گفتوگۆیە لەفەزای گشتی دا لەڕێگای گفتو گۆو ئارگۆمێنت سازییەوە.
٠٢ گرامشی ئیتالی دەڵێ ( حزب بریتتە لەڕۆشنبیرییەکی کۆمەڵایەتی و دەستە جەمعی و حزب تەنها ڕێکخراوێک یان دامەزراوە یەک نیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات بەڵکو ئەو ئەقڵە کۆمەڵایەتیەیە کە وشیاری سیاسی بەرهەم دێنێت و کار بۆ گۆڕانکاری دەکات لە هەموو کایە کانی ژیاندا .
٠٣ جان پول سارتەر دەڵێ ( حزب ئامانج نیە ، بەڵک و هۆکارە بۆ تێکۆشان بۆ فەراهەم کردنی ئازادی بۆ مرۆڤ بۆیە سیاسەت دەبێت پرۆژەیەکی ئەخلاقی بێت و حزب نوێنەرایەتی ئازادی تاک و کۆمەڵگە بکات).
لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەم مۆدێلە لەحیزبایەتی کە لەکوردستان کاردەکات پێویستە بگۆڕێ چونکە توانای داهێنان و گۆڕانکاری نەماوە.
بەوهیوایەی توانیبێتم خوێندنەوەیەکی نوێم بۆ وەزیفەی حزب کردبێت کە وەڵامی پرسیارەکانی ئەم سەردەمەی پێ بێت.
