محه‌مه‌دئه‌مین حسێن عه‌لی (مینه): ناسكه شاعیرێكی سه‌رده‌می نا ناسكی

3 كاتژمێر لەمەوپێش
دكتۆر صه‌باحی غالیب
له ئاسمانی شه‌وانه‌ی زۆرێك له ئێمه‌مانان، مانگ به په‌چه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، ڕه‌نگه وا بزانرێ هی خه‌جاڵه‌تییه‌تی كه وا به‌و شێوه به ئاسمانی سلێمانی و كوردستاندا تێده‌په‌ڕێ، خۆ له چوارگۆشه‌ی دنیادا وا نابینرێ، تۆ بڵێی كزی چاو یا مه‌ودا كورتی خه‌یاڵ بێ؟ ڕه‌نگه ئه‌م یا ئه‌و بێ، یا ده‌شێ هه‌ستی ئاخێنراو به واقیعی ئازار و بێ هیوایی شاعیرێك بێ و له تێڕوانینی سروشتدا ڕه‌نگی دابێته‌وه.
مانگ ده‌ركه‌وتنی خۆی هه‌یه، هه‌میشه وه‌ك ڕووی گه‌شی یاران و خۆشه‌ویستان له ئه‌ستۆنگه چاویشدا له خۆی ناگۆڕێ، مانگ هه‌ر به مانگی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌یه له‌و ئاسمانه دووره‌وه كه نازانم چه‌ند دووره! چاوی له دۆخی ئێمه‌یه، گوێی له ترپه‌ی دڵی ئێمه‌یه، هه‌ستی ئاشنای هه‌ستی بێ كه‌سی كۆمه‌ڵایەتیی و سیاسیی ئێمه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زمانی حاڵی به‌رده‌وام ده‌ڵێ: مینه یا صه‌باح یا هه‌ر كه‌سێكی دیكه، من هه‌ر مانگم و هه‌میشه چوارده‌م، خولخواردنی سروشت ده‌مكاته یه‌ك شه‌وه، ده‌مكاته كه‌وانه‌یی یا ... به‌ڵام هه‌ر مانگی چوارده‌م، چاو له من بكه‌ن، ئێوه‌ش ده‌ستبه‌رداری هیوا مه‌بن، تێكۆشان مه‌تۆرێنن و خۆشتان له‌و زیز مه‌بن، حه‌قه دڵتان پڕ بێ له خۆشه‌ویستی، له ئه‌ڤینی ئه‌به‌دی، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌فه‌ت و ناسۆر له‌به‌رتان هه‌ڵوه‌رێن و په‌یتان پێ نه‌بەن.
له پێشه‌كی (دیوانه شیعر)ه‌كه‌یدا، مینه هه‌ست و نه‌ستی منداڵی تا قۆناغه‌كانی دواتری ته‌مه‌نی، تێكه‌ڵ به پاشخانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ده‌بی و مێژوویی خۆی ده‌كا، ئاوڕ له گرنگی هه‌مه جۆره‌ی لایه‌نه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی ده‌داته‌وه، شار هه‌ر به مه‌ڵبه‌ندی ڕه‌وشت به‌رزی و په‌رۆشی كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رده‌می منداڵی ده‌بینێ، به موڵكی ئه‌دبیاتی باڵا، به سه‌رچاوه‌ی تێكۆشان و سیاسه‌ت ده‌ناسێنێ. پێشه‌كییه‌كه‌ی (دیوانه شیعر) سه‌رنج ڕاكێشه و شێوه داهێنانێكی تێدایه، شاره‌زایی له شاره‌كه و په‌یوه‌ندی فره لایه‌نه‌ی له نێوان شار و لادێیدا، فێری داڕشتنێكی ڕه‌وان و وه‌ستایانه‌ی زمانی كوردی كردووه، قه‌ڵه‌مێكی جوان و ناسكی داوه‌ته ده‌ستی مینه، چێژ و ئاره‌زوو، هاوكات خوێنده‌وه‌یه‌كی به‌رزی به قه‌د و قیافه‌تی بە خوێنه‌ر به‌خشیوه.
پێشه‌كییه‌كه شێوه یادداشت و گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی و سیاسییه، یاده‌وه‌ری مینه‌ی شاعیره، به هه‌مان شێوه، مێژووی كۆمه‌ڵاتییه، خه‌بات و قوربانیدان و نه‌به‌ردییه، سیاسه‌ت و پێشمه‌رگایه‌تییه، به هه‌موویان پێناسه‌ی كه‌سێتی شاعیر ده‌نه‌خشێنن، پێناسه و په‌یوه‌ندبوونی هزر و زمانی و په‌یوه‌ندییه‌كانی پێكده‌هێنن، مینه یاده‌وه‌ری تێكه‌ڵ به هۆشیاری كردووه، به‌و مانایه‌ی خۆی له بازنه‌ی خۆ به‌گه‌وره زانین و له سه‌روو ڕووداوه‌كانه‌وه دانه‌ناوه، له باسكردنه‌كانیدا ئه‌وه ده‌بینرێ كه به بیركردنه‌وه‌وه ده‌وروبه‌ره‌كه وێنا ده‌كا، به‌شێكی سه‌ره‌كی له خۆشی شار برێتی بووه له پارێزگاری و به‌رده‌وامی هه‌مه لایه‌نه‌ی حه‌یا و حورمه‌تی به كۆمه‌ڵ. نزیكایه‌تی و خۆشه‌ویستی ده‌سته و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێكه‌وه كه له هه‌موو خۆشی و ناخۆشییه‌كدا پێكه‌وه بوون، له بوون و نه‌بوونییه‌كاندا هاوبه‌شی یه‌كدی بوون، مینه و هه‌ر مڕۆڤێكی دیكه به‌كێش ده‌كا، كه خۆزگه و سڵاوێكی گه‌رم بۆ ڕۆژانی سه‌رده‌می پێشین بنێرێ و بیری باوه‌شه گه‌رمه‌كان بكا.
له لایه‌كه‌وه خۆزگه ده‌خوازێ به سه‌رده‌مه‌كه، له لایه‌كی دیكه‌وه ڕه‌خنه ده‌گرێ، خۆزگه به ڕابوردووی پاكی و ناسكی ڕۆژگارانی منداڵی و سه‌رده‌مانی ساڵانی شه‌سته‌كان و شۆڕشی ئه‌یلول ده‌خوازێ، چونكه منداڵ هه‌ستی به خۆشه‌ویستی منداڵانی گه‌ڕه‌ك و شار ده‌كرد، چاوی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و یه‌ك ئامانجی خه‌ڵكه جوان و پاكه‌كه‌ی قۆناغه‌كه ناگوێزێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێستا له‌و كاتانه خۆشتر بوایه، مینه هێنده هه‌ناسه‌ی گه‌رمی بۆ ئه‌و ڕۆژگارانه نه‌ده‌نارد.
حیزبایه‌تی و گه‌وره‌یی و پێشمه‌رگه‌یاتی به‌لای خه‌ڵكی شاره‌وه، حیزبایه‌تیكردن گه‌وره‌یی و جوامێری بوو، پێشمه‌رگایه‌تی ئازایه‌تی و پاكی و كه‌سایه‌تی هه‌مو لایه‌ك بوو، به جۆرێك پێشمه‌رگه حورمه‌تیان هه‌بوو، خۆی به برای هه‌مووان ده‌زانی، هه‌مووانیش ئه‌ویان به برا ته‌ماشاده‌كرد، بۆیه بۆ حیزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی به‌لای خه‌ڵكی شاره‌وه هێنده تێڕوانینێكی به‌رزبوو كه كه‌س باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد یه‌كێكی حیزبی یا پێشمه‌رگه‌یه‌ك خۆبدا به‌ده‌سته‌وه و بچێته ڕیزی دوژمنه‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌ده‌چووه عه‌قڵی خه‌ڵك كه دوژمن توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ به شه‌هیدبوونیش، زاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێ به چاوی سووك ته‌ماشای پێشمه‌رگه یا حیزبییه‌ك بكا.
له قۆناغی دواتردا، دوای هه‌ڵگیرسانی شؤڕشی ئه‌یلول و گرتن و كوشتن و لێدان و سووتان و یۆردومانكردنی شارۆچكه و دێهاته‌كانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی، قۆناغێكی دیكه له هه‌ست و عه‌قڵی مینه باڵا ده‌كا، له خۆشه‌ویستی منداڵانی گه‌ڕه‌ك و شاره‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ خۆشه‌ویستی هه‌موو كورد و هه‌موو وڵات. دوای چه‌ندان گفتوگۆی نێوان به‌غدا و شۆڕشی كورد، كه ده‌بینێ جگه له به‌یان و به‌ڵێن شتێكی ئه‌وتۆی لێ سه‌وز نابێ، مینه ده‌گاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی "نه حوشتر له كوێستانی كوردستان ده‌ژی نه دار خورما له سه‌ر چیا ده‌ڕوێ."، ل ل 10 ـ 11. له‌وه‌دا ڕاست ده‌كا، ده‌بێ هه‌مووان وا بیربكه‌نه‌وه.
دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی 1975 و ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی، شكسته‌كه ته‌نیا هه‌ره‌سێكی چه‌كداری نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ره‌سی ڕۆحی مرۆڤی كوردیش بوو، نهێنی ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵه‌كه‌ی سه‌رانسه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بوو به شۆڕشه‌كه‌وه، هه‌ڵچنینی هیواكان و چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی دواڕۆژێكی گه‌ش و سه‌رفرازی بوو، بۆیه هه‌ره‌سه‌كه چاوی ڕه‌شی هه‌موومانی كاڵ كرده‌وه، هه‌موو شتێك له گرێژه‌نه چوو، ناوچه ڕزگاركراوه‌كانی دوێنێ كه بانگی ئازادیان تێدا به‌رز ده‌بۆوه، داگیركرانه‌وه، دێهاته‌كان خاپوور كران، ماڵ و مووچه‌ی جوتیاران، گاوگۆل، مه‌ڕ و ماڵات، سه‌وزایی پێچرانه‌وه، ماڵ له خاوه‌ن ماڵ پاوان كرا، دوژمن له هه‌موو شوێنێك وه‌ك خاچ و مێخ به جه‌سته‌ی عیسادا (د. خ) له سه‌رانسه‌ری باشووردا، داكوترا. ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه كه مینه و ئێمه‌مانان به چاوی خۆمان بینیمان، له لایه‌كه‌وه كاسی كردین و تاسانین، پێمان خۆش بوو هه‌ر به كاسی و جۆره شێتییه‌ك بمێنینه‌وه وه‌ك له‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ جیهانی هه‌ستكردن، چونكه جیهانی ئاگایی، تا ئێستا ئێمه‌ی له واقیعی ئازاردا هێشتۆته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چاومان له ئاسۆ نه‌ده‌گواستۆته‌وه، چاوه‌ڕوانی ڕۆژی گرشه‌دارترین، ژیانیش وایه، هیچ سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به ئامانجی به‌رز و پیرۆز، بێ نووچدان و هه‌ره‌س نایه‌ته‌دی.
ئه‌و كاته‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول شكستی هێنا، ته‌مه‌نی مینه و ئێمه‌ش، ته‌مه‌نی ڕۆمانسی و گۆرانی وتن بۆ مانگ و ئه‌ستێره‌كان بوو، هی ئه‌وه بوو، به‌ردێكمان ده‌كرده سه‌رین و چاومان له ئاسمان ده‌بڕی، له نزمییه‌وه بۆ ئه‌و به‌رزاییه، دایك و باوكمان، خوشك و برامان، كه‌س و كارمان، گه‌ڕه‌ك و كوڕگه‌ل و كچگه‌لی ڕاڕه‌وه‌كانی كۆلێژ و جاده و پێچه‌كانی زانكۆمان له پریاسكه‌ی دڵ و هه‌ست و چاومان هه‌ڵگرتبوو، هه‌موو ئه‌وانه له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بوون، به ده‌ستی پڕ و به چاوی گه‌ش و به دڵی خۆشه‌وه، دوای گه‌ڕانه‌وه به سه‌ركه‌وتوویی، ئه‌وان له باوه‌ش بگرین و ئه‌وانیش ماندوونه‌بوونمان لێ بكه‌ن و ئامێزی خۆیانمان بۆ بكه‌نه‌وه، دوای گه‌ڕانه‌وه، باوه‌شمان بۆ یه‌كدی كرده‌وه، به‌ڵام چ باوه‌شێك!؟ ئێستاش ناسۆری ئه‌و ڕۆژگارانه له گه‌ردنمان نه‌بۆته‌وه، بۆیه هه‌رچی جگه له نسكۆ و هه‌ره‌س به ناوێكی دیكه، ناوی ده‌با، ئه‌وه غه‌در له ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول و خه‌باتی خاوێنی و بێ به‌رابه‌ری ئه‌و ڕۆژانه ده‌كا.
دوای هه‌ڵگیرسانی چرای خۆزگه‌كانی دواتر، بۆ ڕۆژگارانی ته‌مه‌نی هه‌ڵكشاوتر، ڕه‌خنه و تێڕوانینی نوێتر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ده‌یان پرسیار و ڕامان لای مینه دروست ده‌بن، بۆ ڕۆژانی پێشین، له ئێستا جوانتر و پڕ نه‌شئه و پێكه‌نیناویتر بوون؟ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه ئاوابوون؟ بۆ جوانتر و به تامتریان لێ به‌رهه‌م نه‌هات، كه ئێمه‌ش له گه‌ڵ مینه‌دا خه‌یاڵ نه‌مان باته‌وه بۆ ڕابوردوو. بۆ. ... بۆ؟
به‌شێكی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه، له شیعری (كۆڕه‌و)دا، وه‌ڵام دراونه‌وه:
ئه‌وه‌ی به زمانی دایكی دواوه
ئه‌وه‌ی دوو گوێی له‌م خاكه‌دا ڕوواوه
ئه‌وه‌ی كه‌م تا زۆری مێژووی بنیات ناوه
ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی به‌م وڵاته‌وه به‌ستراوه
با ڕێكه‌وێ
سه‌ری ده‌ركا و ماڵ جێبێڵێ
شیعری (كۆڕه‌و) یا كاره‌ساتی كۆچی جه‌ماوه‌ری به‌شێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، سه‌رهه‌ڵگرتنی ئه‌وه‌ی عه‌قڵی به دنیا ده‌شكا و ئه‌وه‌ی عه‌قڵی پێنه‌ده‌شكا، ده‌بوایه ملی ڕێگای هاتونه‌هات بگرێ، له‌و شیعره‌دا ته‌نیا مانایه‌ك كه له ژیاندا مابێ، هه‌ر مانه‌وه و سه‌رده‌ر‌كردنه، به مانایه‌كی دیكه، زه‌بروزه‌نگ و هێرشی تۆقێنه‌رانه‌ی ڕژێمی عێڕاقی، هیچ بوارێكی بۆ خه‌ڵكی كورد نه‌هێشته‌وه جگه له خۆ ڕزگاركردن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئه‌وه‌ی به گرنگ ده‌مێنێته‌وه ته‌نیا و ته‌نیا مانه‌وه‌ی مرۆڤی كورده، (كۆڕه‌و) له لایه‌كه‌وه ئاوڕدانه‌وه‌یه له مێژوو، له لایه‌كی دیكه‌وه نووسینه‌وه‌ی مێژووی تازه‌یه، مینه به عه‌قڵی ڕووناكبیرێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ته‌ماشای كۆڕه‌وی كوردی باشوور ده‌كا.
دیمه‌نی (كۆڕه‌و)ی كورد، كۆتایی نه‌هاتووه، تا ئێستا ترسی كۆڕه‌و به‌رده‌وامه، ده‌نگ و بانگی برایه‌تی كورد و داگیركه‌ران، (كۆڕه‌و)ی كورد ناوه‌ستێنێ، بۆیه به‌لای مینه‌وه گه‌مژه‌ن ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌یان لێ دێ. له كۆپله‌یه‌كی دیكه‌ی (كۆڕه‌و)دا، مینه له‌به‌رده‌م په‌یكه‌رێكی بێ ده‌نگ و خه‌فه‌تباردا ڕاده‌وه‌ستێ، به خۆی و خه‌ڵكدا ده‌چێته‌وه، به قووڵی ڕاده‌مێنێ و پرسیار ده‌كا، بیر له خۆی و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و داوای هیممه‌تیان لێ ده‌كا و ده‌ڵێ:
كلكی ئه‌سپه‌كه‌تیان بڕی و
تۆ بێده‌نگ بووی.
ئاگریان ده‌نا به خه‌رمانی
ماندوو بوون و ڕه‌نجی چه‌ند ساڵه‌ته‌وه
تۆ بێده‌نگ بووی.
ئه‌و جێنزرگه‌یه‌ی ساباتی حه‌سانه‌وه‌ی باپیره‌ت بوو
له ڕیشه‌وه هه‌ڵیانكێشا، تۆ بێده‌نگ بووی.
ئه‌و كانیه‌ی له ڕۆژی هه‌ڵقوڵانییه‌وه
چاوگه‌ی شكاندنی تینوێتیت بوو
ئاوه‌كه‌یان دزی
چاوه‌كانیان كوێركرده‌وه، تۆ بێده‌نگ بووی.
(كۆڕه‌و)ی كورد، ئه‌وه نه‌بوو له ساته‌وه‌ختێكی سنوورداردا ڕووبدا و كۆتایی بێ، (كۆڕه‌و) له‌گه‌ڵ كورددا له دایك بووه، هه‌ر ئه‌و كاته كۆتایی دێ كه كورد پێشه‌وایه‌كی بۆ هه‌ڵكه‌وێ، به یه‌كگرتوویی تواناكانی هه‌مووان، به به‌گه‌ڕخستنی هزر و عه‌قڵه جوانه‌كان، به یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه، به پێوه‌ندی ڕۆحی هه‌موو تاكێك به نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌وه، به بوونی ڕێكخستن و به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌له‌وه، بگاته ئامانج و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی خۆی. مینه به‌و ئاواته‌وه ده‌ژی، كه ئاواتی هه‌موو كوردێكه كه هه‌ست به ئازار و چه‌وساندنه‌وه بكا، چونكه داگیركه‌ر هه‌ر خه‌ریكی تاساندنی هه‌موو خه‌ونه‌كانمانه، هه‌ر سه‌رگه‌رمی شاردنه‌وه‌ی خۆره لێمان، هه‌ر له كاركردنه بۆ نه‌هێشتنی ئاوات و خۆزگه‌كانمان.
مینه و منیش، به منداڵی و لاوێتی، ئاشنای مه‌لا ئه‌وڕه‌حمانی مه‌حه‌له‌بی فرۆشی گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قامی خۆمان بووین له سلێمانی، ئه‌و هه‌میشه له پێداهه‌ڵدانی مه‌حه‌له‌بییه‌كه‌یدا هاواری ده‌كرد: (تا نه‌یخۆی نازانی چییه)، دیوانه شیعرییه‌كه‌ی مینه‌ش هه‌ر وایه، تا نه‌یخوێنیته‌وه نازانی چه‌ند ناسك و به تامه، دڵنیام هه‌ر كه‌سێك بیخوێنێته‌وه ئافه‌رینی لێده‌كا و چێژی لێ وه‌رده‌گرێ.
دیوانه شیعر: كۆمه‌ڵه شیعرێكی محه‌مه‌دئه‌مین حسێن عه‌لی (مینه)یه، له 2022دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
13ی ئابی 2025
