لەبەردەم زیاد لە ئەگەر و سیناریۆیەکدا

3 كاتژمێر لەمەوپێش



عەزیز ڕەئووف

یەکەم: دەستگیرکردنی بەرپرسی نەوەی نوێ لەشەودا و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی و دەستگیرکردنی، ناتوانین تەنها وەک کەیسێکی یاسایی تەماشای ئەم ڕووداوە بکەین، دەکرا یاسا سەروەرتر بوایە و ڕێگە دروستەکەی بگرتایەتەبەر، سەرباری ئەوەی دەزانین یاسا سەروەر نییە و کۆڵانەکانی ئێمە پڕن لەو هەڵاتوانەی کە هەر دەسەڵات خۆی دڵدەیان دەدات.

دووەم: تێپەڕینی چەندین ساڵ بەسەر ئەم داوا یاساییانەدا، سەلمێنەری ئەوەیە کە دەسەڵات لەم دەڤەرە لە کات و ساتی خۆیدا کە پێویستییەتی کەیسەکان دەجوڵێنێت و ئیدی دوای ئەم دەستگیرکردنە هەر کات و ساتێک بیەوێت ئەو کەسانە دەستگیر دەکات کە دەخوازێت دەستگیریان بکات.

سێیەم: بەرپرسی نەوەی نوێ بازرگانێکی هەڵتۆقیوی بەردەست دەسەڵاتە و لەنێو کوتلەکانی ناو یەکێتی گەورە بوو یاخود گەورە کرا و هەر خۆشیان دەتوانن ئەوەی دروستیان کرد، ئەگەر قاچی خوار دانا کۆتایی پێبێنن.

چوارەم: یەکێتی هەم بەم بەرپرسەی نەوەی نوێ، ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی کوشت، هەم یارییەکی سەرکەوتووی کرد و بە جەماوەی خۆی وت لەژێر قەڵەمڕەوی مندا هیچ کەس گەورە نییە، ئەگەر خاوەنی کورسی زۆریش بێت لە پارلەمانی کوردسیان و عیراق.

پێنجەم: بەشێک لە خەڵک ئەمە بە سیناریۆی یەکێتی دەبینن، وەک چۆن لە بەهاری ٢٠١٨ سەرۆکی جوڵانەوەکە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستگیرکرا و پاش ماوەیەک ئازاد کرا و کورسییەکانیشی لە هەردوو پارلەمان زیادی کرد. دەکرێ ئەمە بە سیناریۆیەکی یەکێتی ببینین کە دەیەوێت لە سلێمانی ئۆپۆزسیۆنێکی لاواز هەبێت و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدابێت. 

شەشەم: دیوێکی تری ئەم ڕووداوە ئەگەری ئەوەی هەیە پێخواردانانی سەرۆکی نەوەی نوێ بێت بەوەی کە پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵ پارتی و تورکیا هەبووبێت و بۆ ئەمەش یەکێتی بیەوێت بەم کەیسە یاساییانە تەسفیەی بکات و قەوارەیەکی کارتۆنی تر لە سلێمانی وەک بەدیل دروست بکات و هەر لە ئیستاشەوە دەرگای شاشەکانی بۆ ئەم هێزە خستۆتە سەر پشت. 

حەوتەم: بێدەنگی کۆی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی لەم دەستگیرکردنە " جگە لە یەکگرتوو، کە ئەمەش گریمانەی پەیوەندی نەوەی نوێ بە تورکیاوە پشتڕاست دەکاتەوە"، خۆی بۆخۆی ماڵئاواییکردنە لە دروستکردنی بلۆکێکی سیاسی لەدەرەوەی دەسەڵات کە پێش هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی کوردستان هەوڵی بۆدرا و شکستی هێنا.

هەشتەم: هێزێک خاوەنی ١٥ کورسی پارلەمان و نزیکەی سێسەد هەزار دەنگ بێت، چۆن ناتوانێت چەند هەزار کەسێک بێنێتە سەر شەقام؟ ئەمە لە دوو ئەگەر زیاتر نییە: یان ئەم کورسیانە بە نەوەی نوێ دراوە، یان نەبوونی پەروەردەی سیاسی نوێ وایکردووە کە دەنگدەران لە کوردستان تەنها دەتوانن بۆ چوار ساڵ وەک بەشداریکردن لە ئاهەنگێک دەنگ بدەن.

نۆیەم: ڕووداوێکی لەم چەشنە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ساحەی سیاسی دروست نەکرد، لەکاتێکدا ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی لەم دەڤەرە زیاتر خەڵکی بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکرد، ئەمەش پەیوەندی بە لێکترازانێکی گەورەوە هەیە کە هێزگەلی بەناو ئۆپۆزسیۆن لە چەند ساڵی ڕابردوو لەم دەڤەرە دروستی کردووە. 

دەیەم: من نازانم بەرپرسی نەوەی نوێ لەسەرچی دەستگیرکراوە و بەچی تاوانبارە، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئەم کوڕە گەنجە تاوانباری سەرەکییە لە کوردستان کە سیاسەتی کردە کردەیەکی منداڵبازاڕ و بەها و ئەخلاقی بە سیاسەتەوە نەهێشت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار