ئەو کۆمەڵگەیەی دووچاری ئاسیمیلاسیۆن دەبێت، دوور دەکەوێتەوە لە بەها ئەخلاقیی و ویژدانییەکان
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاکۆ ڕەحمان
بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرگی پێنجەمی مانیفستۆی شارستانی دیموکراتی بەچڕی کۆکراوەی چواربەرگی مانیفستۆکەی لەحەوت بەشدا و دواجار بەشی کۆتایی کە ئەنجامە بەتێروتەسەلی شرۆڤەکردووە و پەنجەی خستۆتە سەر سەرجەم لایەنە نێگەتیڤەکان و دیاریکردنی ڕێگای ڕاستکردنەوەی و ڕێگەچارەی کۆمەڵگەی شارستانییەت، وەک خۆی ئاماژەی پێکردووە، هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی بەرجەستەتر و تۆکمەتر هەندێک زاراوە و تێۆریی تایبەت بەکورد و کوردستان بخاتە ڕوو بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەیان تایبەت بەو پرسە و هەوڵدان بۆ ئەوەی زاراوەکانی ( دەوڵەت،کۆمەڵگە، دیموکراسیی، سۆسیالیزم، کولتوور، شارستانییەت، هەژمونگەرایی، دەسەڵات، سیاسەت، چین، نەتەوە، داگیرکاری، ئاسیمیلاسیۆن و جینوساید) لەهەلومەرجی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا ڕاڤە بکات و هەوڵی پێناسەکردنەوەیان دەدات.
تێگەیشتنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەم بابەتانە زۆرجیاوازە لە تێگەیشتنی خوێنەران و تەنانەت ئەو کەسانەی پسپۆریان لەو بوارانەدا هەیە، ئەم خوێندنەوەی بۆ لایەنی مێژوویی و تەواوی وردەکارییەکانی ناو کۆمەڵگە هەیە و ژیرانە لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکان جیا دەکاتەوە و بۆ داڕشتنەوەیان لایەنە پۆزەتیڤەکان دەوڵەمەندتر دەکات، بەو شێوەیەی کە لەگەڵ بارودۆخ و هەل و مەرجی کۆمەڵگە یەکبگرێتەوە.
یەکێک لەو بابەتە گرنگانە ( ئاسیمیلاسیۆن) واتا ( تواندنەوەی نەتەوەیی و کولتووری)، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ئەم بابەتە ئاماژەبەوە دەکات، کە گوزارشت لەو پەیوەندی و کردارە یەکلایەنانە دەکات کە قۆرغکاری سەرمایە و دەسەڵات لەکۆمەڵگەکانی شارستانییەتدا لەسەر ئەو گرووپ و نەتەوانە پەیڕەودەکەن کە دۆخیان دەخاتە دۆخی کۆیلایەتییەوە و ئامانجیانە بیانکەنە پاشکۆ و سێبەری خۆیان، هەوڵی پەرتەوازەیی و پارچەپارچەکردنی ناسنامەیان دەدەن.
تاکە ڕێگەی ئاسیمیلەکراو بۆ مانەوە و ژیانکردن دۆزینەوەی جێگەیەکە لەناو سیستەمەکەدا و دەستبەردان لەناسنامەی کۆمەڵایەتییە کۆنەکەی تا خۆی بگونجێنێت لەگەڵ کولتووری سەردارەکەیدا.
ئەو کۆمەڵگەیەی دووچاری ئاسیمیلاسیۆن دەبێت دوردەکەوێتەوە لەبەها ئەخلاقی و ویژدانییەکان و دەخەسێنرێت بۆ خزمەتکردن و نۆکەرایەتی و دوورن لە بڕیار و کار و کردەوەی ئازادانە و خیانەت لەسەرجەم بەهاکانی ناسنامە کۆمەڵگەییەکەی خۆی دەکات، تاکە ئامانجیان پەیداکردنی پاروە نانێکە بۆ تێرکردنی سکیان.
چەکی باڵادەست بۆ خۆسەپاندن بەسەر کۆمەڵگەی ئاسیمیلەکراو، یەکەمیان توندو تیژیی جەستەییە، واتا لەحاڵەتی کەمترین یاخیبوون و ڕاپەرین بەکارهێنانی توندوتیژییە بەرانبەریان تا دەگاتە قڕکردنیان .
دووەمیان برسیکردن و بێ کارکردنیانە، بەڕێز ئۆجالان دێتە سەر گەلی کورد و ئاماژە بەوە دەکات، گەلی کورد دیارترین و گەورەترین قووربانی دەستی ئاسیمیلاسیۆنە لەخۆرهەڵاتی ناویندا، گەلی کورد باجی سووربوون لەسەر کوردبوون و کوردایەتی داوە و دووچاری قڕکردن و وێرانکاری و جینۆساید و بێ کاری بووە.
تاکی کورد گەر سیاسەتی کولتووری دەوڵەت- نەتەوە پەسەند نەکات ڕووبەڕووی داخستنی سەرجەم دەروازەکان دەبێتەوە، ئەوکات یان ئەوەتا ڕادەستبوونی ئارەزومەندانە هەڵدەبژێرێت و دەروازەکانی بۆ دەکرێتەوە و ڕێگاکەی بۆ گوڵ ڕێژدەکرێت بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات، یان ئامادە نییە ڕادەست بێت و ڕێگای بەرخودان هەڵدەبژێرێت ئەو کات دەبێت ئامادەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو بەڵاو کارەساتانەی دێتە ڕێگای تا خاڵی قڕکردن.
