دروستکردنی کۆمینەکان، وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو لە ڕۆژئاوای کوردستان

18 كاتژمێر لەمەوپێش
هیوا ڕەفیق
بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکرات لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەزمونێکی نوێی کوردی خۆبەڕێوەبەریە کە لە حەوت کانتۆن و هەرێم پێکدێت. سەرەتاکانی دروست بوونی بەڕێوەبەری خۆسەر لە مانگی ١ ی ساڵی ٢٠١٤ هاتە دروست بوون.
ئەم خۆبەڕێوەبەریە لە لایەن هاوپەیمانیەتیەکی سیاسی کە لە چەندین حزب و ئالی سیاسی بە ناوی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ناسراو بە مەسەدە بەڕێوەدەبرێت لە ڕووی کارگێڕی و سەربازیەوە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، دەپارێزرێت بە پاڵپشتی و پشتیوانی دەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەروی هەموویانەوە پاڵپشتی لۆجستی و سەبازی ئەمریکیەکان.
بەشێک لە پارێزگاکانی حەسەکە، رەققە، حەلەب و دێرەزۆر لەخۆدەگرێت، لە شەڕێکی نا بەرامبەردا لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێک لە شار و گوندەوارەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کەوتنە ژێر دەسەڵاتی تورکیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا کە سەر بە تورکیان.
ئەزموونی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژی دروستبوونیەوە لەبەردەم چەندین هەڕەشەی دەرەکی و ناوخۆیی گەورەدایە بە پێی کات، لە ئێستا دوو هەڕەشە و فاکتەری دەرەکی بوونەتە مۆتەکە لەبەردەم خۆسەری بەڕێوەبردن، مەترسی یەکەم مەترسیەکانی دەوڵەتی تورکیایە، تورکیا تاکلایەنە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر پێگە و ژێرخانی ئابوری لە چەشنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، پرد و بەرزەپرد و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، ڕێگەوبان، کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و دامودەزگاکانی تری خۆسەر.
هەڕەشەی دووەم کە هیچی کەمتر نییە لە هەڕەشەی یەکەم ئەویش مەترسیەکانی دەسەڵاتی نوێی سوریای پاش کەوتنی بەشار ئەسەدە هیچی کەمتر نیە لە مەترسیەکانی پێشکەوتن و سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هاتنە پێشەوەی بەرەی ڕزگاری شام لە ٨ دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٤ بە سەرۆکایەتی ئەحمد شەرع و رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و دواتریش پێکەوە هەوڵدان بۆ لەقاڵبدانی کورد و ئەزموونەکەی، سەرەتای هەڕەشەکانی ئەحمەد شەرع لە ڕەشنوسی دەستورە کاتیەکەی سوریا کە وابڕیارە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کارى پێبکرێت سەریهەڵدا و بەدەرکەوت.
ئەمەش سەربارى مەترسی و هەڕشە ناوخۆییەکانی ناوەوەی کوردستانی ڕۆژئاوا خۆی بوونەتە هەڕەشە لە چەشنی پەرتەوازەیی و نایەکگرتووی حزب و ئالیە سیاسیەکان دابەشبوون بۆ دوو بەرەی سەرەکی ئەوانیش هاوپەیمانی ئەکەسە و مەسەدە، وە هەروەها کۆچی بەلێشاوی کوردان بۆ دەرەوەی سنورى جوگرافی بەڕێوەبەرى خۆسەرى ڕۆژئاوا بەهۆی درێژەکێشان و بەردەوام بوونی شەڕ و نا ئارامی و قەیرانی دارایی بۆ ماوەی ١٤ چواردە ساڵ بێ وەستان.
لە ڕووی کارگێڕى و بەڕێوەبردنەوە بابەتێک کە زۆر جێگەی تێڕامانە لێرەدا ئەمەوێت بیخەمە جێگەی سەرەنج ئەویش ئەوەیە لە هەموو گوندەوار و گەڕەک، ناحیە، قەزا و شارەکان دامەزراوەیەک هەیە بە ناوی کۆمین یان ئەنجومەن. کۆمین بریتیە لە بچوکترین خانەی ڕێکخراوەی حکومی لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەرى خۆسەری ڕۆژئاوا، لەهەمان کاتدا بە ڕێسای ڕێکخراوەیی بنچینەیی دادەنرێت لەسەرجەم گروپە گەلیەکاندا، کۆمینەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن و ناوکی سەرەکی دامەزراوەی سیاسی پێکدەهێنێت.
لە هەموو شار و گوند و گوندەوارەکاندا بۆ هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک بۆ هەر ١٥٠ ماڵێک کەمتر یاخود زیاتر، لە لایەن ٣ سێ بۆ ٤ چوار کەس سەرپەرشتی ئەکرێت بە ناوی کۆمین بە مەبەستی بەدواداچوونی کێشە ئابورى، تەندروستی، خزمەتگوزاری، پرسی ئاشتی و کۆمەڵایەتی، کۆمینی گەنجان و ژنان هتد بۆ ئەو ژمارەیەک ماڵ کە لای سەرەوە ئاماژەم پێدا.
کۆمینەکان لە کێشە و ئاریشەی ئەو ماڵانە ئەکۆڵێتەوە کە لە سنورى کارى جوگرافیای ئەواندان، بۆ نمونە کارى کۆمینی ئابورى ئەوەیە کە سەردانی ماڵان ئەکەن بە پێی توانا ئابورییەکانی ئیدارەی خۆسەرى بەڕێوەبەرى سوتەمەنی و غازی ماڵان و خواردن و تەوای پێداویستیە تەندروستیەکانی ماڵان دابیندەکەن.
کۆمینی کلتورى و خۆپارێزی کارى پاراستن و پەرەپێدانی کلتورە جوانەکانی کۆمەڵگەیە و پەرەپێدانی ڕووحی شۆڕشگێرییە لای گەنجان و بەرز ڕاگرتنی جەژنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز و سەری ساڵی کوردی. وە هەروەها کۆمینی گەنجان چاودێریکردن و ئاگالێبوونە لە گەنجان بە مەبەستی دوورکەوتنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردە دزێو و خراپەکان لە چەشنی تێوەگلان بە بەکارهێنان و کێشانی مادە هۆشبەرەکان، وە هاندانی گەنجانە بۆ خۆ تەیار کردن بە خوێندن و خوێندنەوە و بەشداریکردنی چالاکانە لە کۆمەڵگەدا.
بەڕێوەبەرێتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان سەرباری ئەو هەموو ئاڵنگارە ناوخۆیی و دەرەکییانەی ڕوبەڕووی دەبێتەوە هەوڵی نوێ بوونەوە و بەرەوپێشچوونی ئەزمونەکەی ئەدات بۆ نمونە، یاسای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی پەسەند کرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
یاسای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دابەشکراوە بەسەر شەش بەشدا و لە ٢٩ ماددە پێکهاتووە، بنەما و ڕێکارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ڕێکدەخات و سیستەمی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی هاوسەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و بڕگەکانی لەخۆدەگرێت. بەڵام بەداخەوە بەهۆی ناسەقامگیری سیاسیی و سەربازیی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان هێشتا ئەو پڕۆسەیە ئەنجام نەدراوە.
