بێدەنگی وەک ئاکت

13 كاتژمێر لەمەوپێش
سروە عومەر
داخۆ قسەکردن و بێدەنگی پارادۆکسن؟ لە نیگای یەکەمدا بێدەنگی و قسەکردن وەک پارادۆکسی یەکتر دەردەکەون، بەڵام بەو جۆرە نییە و پەیوەستە بە بیرکردنەوەوە. ئەوکاتەی قسەکردن هەیە، قسەکردنێکی رۆژانەیی کە خۆی لە نێو دەنگەدەنگ و ژاوەژاودا دەبینێتەوە، پتر شێوە ژۆرنالیزمییە و بیرکردنەوە تێیدا غیابە. بە پێچەوانەی قسەکردنەوە، هەماهەنگی لە نێوان بێدەنگی و بیرکردنەوەدا هەیە، بەشێوەیەک کە دەرفەت بۆ کردەی فەلسەفەسازی دەڕەخسێت؛ بێدەنگی پرسیاری جیاواز دێنێتە کایە و گفتوگۆی ناوەکی دەڕەخەسێنێت.
ئەگەر بێدەنگی فۆڕمێکی فەلسەفیی ژیان بێت، ئەوا هەر فەلسەفەشە بێدەنگیمان بۆ راڤە دەکات و مانای پێ دەدات. بەم پێیەش جیایدەکاتەوە لە بێدەنگییەکی پاسیڤ و هەمیشەیی کە خاڵییە لە واتا.
پرسیارەکە بەم جۆرە دەبێت: کەی و چۆن بێدەنگی مانا وەردەگرێت؟ چ کاتێک بێدەنگی لە قسە مانادارترە؟
لە پرسیارەکەوە بەر دوو جۆری بێدەنگی دەکەوین: بێدەنگییەکی پاسیڤ، هەروەها بێدەنگییەکی تر کە وەک چەشنێکی تایبەتە لە قسە، هەڵوێست و ئاکت. بێدەنگییەک کە قسە نائامادەیە بەڵام پڕە لە مانا و وتن.
لە ژیاندا، ڕۆژانە قسەکردن هەمووان هاوئاست دەکاتەوە و هەرچی جیاوازییە دەیسڕێتەوە، بێدەنگی دەتوانێت شتێکی جیاواز بخولقێنێت. سۆرین کیرکەگارد هێرش دەکاتە سەر رۆژنامە و چاپەمەنییەکان و فەزای گشتییش بە سەرچاوەی هاوئاستکردنەوە و سڕینەوەی جیاوازییەکان دەزانێت. ئەو پێی وا بوو، رۆژنامەکان خەڵک بە قسە دەهێنن، چونکە وا دەکەن کە هەمووان رایان هەبێت. فەزای گشتیش بەڕێی رۆژنامەکانەوە فراوان و دیموکراتیزە دەبێت.
لای هابرماس فەزای گشتی بەڕێی را گۆڕینەوە و گفتوگۆوە دروست دەبێت. چاپەمەنی و ڕۆژنامەکانیش، بەشێوەیەک لە ناو هاوڵاتیانی ئاساییدا پەرەیان بە بابەت و مشتومڕە گشتییەکان دەدەن کە «برەک» وتی: هەر تاکێک وایدەبینێت هەموو بابەتێکی گشتی پەیوەندی بەوەوە هەیە. هابرماس ئەم فراوانبوونەوەی ڕۆژنامەگەرییەی وەک برەوی دیموکراتیزەبوونی فەزای گشتی و دەرفەتێک بۆ ڕزگارکردنی فەزای گشتی لەدەست دەسەلاتی دەولەتی دەبینی. چونکە فەزای گشتی چاپەمەنی و قاوەخانەکان بەدەزگایی کراون و کەوتوونەتە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە. بەڵام کیرکەگارد دەرفەتی ڕزگاربوون نادۆزێتەوە و هەر لە سەرەتاوە فەزای گشتی بە سەرچاوەی سڕینەوەی جیاوازییەکان دەبینی.
ئەم سڕینەوە و هاوشانکردنەوەش بە چەند شێوەیەک دەکرا: خستنە بەردەستی زانیاری و هاندانی دەربڕینی بیروڕای هەریەکێک سەرەنجامیش لەباربردنی بێدەنگییان. لە کۆتاییشدا، دواخستن و لەبیرکردنی توانای کردە و چالاکی.
فەزای مەجازی، فەزایەکی یۆتۆپی و دەرەشوێنە، بەڵام لە هەموو شوێنێکیشە. توانای لەخۆگرتن و ناونشینکردنەوەی فەزاکانی تری هەیە، وەک فەزای تایبەتی و فەزای دەوڵەتی و فەزای گشتی… ئەمڕۆ بەنزیکەیی کۆی ژیان مەجازی بووەتەوە. ئینتەرنێت بە تایبەتمەندییە جادووییەکەی شێوە ئوستوورەیەکە، گەرچی مرۆڤ خۆی داهێنەریەتی و ڕەهەندی باش و خراپی لێ بارکردووە، توانای داگیرکردنی مرۆڤیشی هەیە.
لە نیگای یەکەمدا وا دەردەکەوێت کە فەزایەکی گشتی دەرەدەزگاییی دەوڵەتی بێت و شوێنی گفتوگۆ و پرسیار بێت، بەڵام رۆژانە دەسەڵاتی مۆدێرن لەڕێی تۆڕ و سۆشیال میدیا و دەزگا حیزبی و دینی و ... هتد ەوە خەریکی داگیرکردنی تاک و کات و بەهەدەردانی لیبیدیۆ و ئەکچوالیزەکردنەوەی ئەو وزەیەن لەو رووداوانەی رۆژانە دەکرێنە تڕێند و خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن. کێشە جددیەکانیان پێ لەبیر دەبەنەوە، لە ئیشە جددیەکانیان دوور دەخەنەوە، بە دەگمەن لێی دەرچێت، گشتی بەشداری سرووتەکان دەکەن. کاردانەوەکانیش یان دەبنە دوو بەرە و چەند بەرەیەکی دژ بەیەک و چەشنی تێکبەربوونی خواکان، یان حوکمدان و دادگاییکردنە. زۆر جار نوخبەش تێدەکەوێت و هاوشانی ئەوانی تر دەبێتەوە و جیاوازییەکی ئەوتۆ ی لەگەڵ خەڵکە سادەکەدا نامێنێت. بەم شێوەیەش ژیانیان دەبێتە تەقلید و نوێنەرایەتی ئەو ئایدیاڵە سیاسی و دینی و حیزبییانە.
دەشێت ئەمە، ئەو نەخۆشیەی جیهان بێت کە لای کیرکەگارد چارەسەرەکەی بێدەنگکردنی مرۆڤەکان بوو. ئەم میکانیزمەش ناو بنێین، بەژۆرنالیزمکردن. ڕەنگە زۆر جار مەترسییەکە لە ڕیکلامەکانی هێڵی ئینتەرنێتدا دیار بێت، بۆنموونە: خێراترین، هیچ ساتێکت لەدەست مەدە.
ئەمە داگیرکارییەکی ئاشکرای کاتەکانمانە. بۆیە سەرقاڵ بوون و خەرکبوون بەچالاکییەکان و کاری جددی و بێدەنگ بوون لەم جۆرە دۆخانەدا ئاکتێکی بەرەنگارانە و ڕادیکاڵە و جارجارەش خۆ ونکردن و چوونەدەرەوە لەم فەزایە چەشنی لەقبوونی ئوستوورەیە.
