گەنجانی هەڵەبجە هەمیشە عاشقی نیشتیمانن

13 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
مرۆڤ و سروشت دوانەیەکی لێکدانەبڕوان، مرۆڤ دەزانێت کە لە سروشتدا بوون و ژیانی چەند گرێدراوی شتەکانی ناو سروشتە، بۆیە هەمیشە لەگەڵ سروشتدا ڕۆحی و گیانی خۆی گونجاندوەو و نەیهێڵاوە سروشت ببێتە وێرانە،
لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ گۆڕانکاری کەشووهەوادا لە جیهاندا مرۆڤە خۆبەخشەکان و ڕێکخراوە ژینگە دۆستەکان کاریان بۆ ئەوە کردووە تا سروشت لە بەڵای گۆڕانکاریەکان دووربخەنەوە، کوردیش لە هەر چوارپارچەکەی مرۆڤە ژینگە دۆستەکان کاریان بۆ پاراستنی سروشتی کوردستان کردوە... وەکو دەبینین کە گەنجان لەهەڵەبجە لە هەموو قۆناغەکاندا پشکی شێریان بەرکەوتوە لەخزمەت و قوربانیدان بۆ نیشتیمان، لەسەردەمی بەعسدا گەنجەکانی هەڵەبجە دەستەی پێشەوەی شۆڕش بوون، لەشاخ سەرهەڵدانی هەموو خۆپیشاندانێک بوون، لەشار لەزیندانەکانی بەعس دا گەنجانی هەڵەبجە لە نمونەی خۆڕاگریدا بون، لەڕاپەڕیندا لەبەر ئەوەی هەڵەبجەییەکان دوای کیمیایباران دابەشببوون بەسەر شارەکاندا، لەڕاپەڕیندا گەنجانی هەڵەبجە لەهەڵمەتدا دژی دەزگاکانی بەعس لە پێشەوە بوون، ئەمنە سورەکە شاهیدی ئەو ئازایەتییەی گەنجانی هەڵەبجەیە "ئەسەد حسێن هاواری" بەنمونە، لەشەڕی دژی داعشدا زۆرترین گەنجی هەڵەبجە بوو بەقوربانی کوردستان، ئەمڕۆش کە ڕوداوێکی سروشتی ڕودەدات ئاگر دەکەوێتە ناو دارستان و شاخەکانی هەڵەبجە گەنجانی هەڵەبجە ڕووبەڕوی ئاگرەکە بوونەوە بۆ ئەوەی بەجەستەی خۆیان پارێزگاری لەژینگەو جەستەی نیشتیمان بکەن، بۆ ئەوەی داربەڕوو دارقەزوانەکان نەسوتێن جەستەی خۆیان سوتاند، بۆ ئەوەی کەروێشک و کەو و باڵندەکانی دیکە نەسوتێن و بێلانە نەبن خۆیان سوتاندو لانەی خۆیان تێکدا، ئەم ئینتیمایەی گەنجانی هەڵەبجە بۆ نیشتیمان بەهایەکی گەورەیی مرۆیی و ئەخلاقییە، ئەم قوربانیدانە پێمان دەڵێ گەنجانی هەڵەبجە سەرەڕای سەختی ژیان بەڵام کەنیشتیمان ڕووبەڕووی قەیران و جەنگ ببێتەوە ئەمان هەر ڕۆڵە بەوەفاکەی کوردستان و پێشمەرگە بەئەمەکەکانی نیشتیمانن، گەنجابی هەڵەبجە گەنجی وشیارن بۆیە کە نیشتیمان پێویستی پێیانبێت بێ لێکدانەوەو دوو دڵی ئینتیمایان وەک پشکۆ دەگەشێتەوە، چونکە گەنجانی هەڵەبجە دەزانن نیشتیمان تەنها پارچە زەوییەک نیە لەسەری دەژین بەڵکو نیشتیمان لای ئەوان کەرامەتە شوناسە مێژووە و داهاتوە، نیشتیمان لای ئەوان تەنها دروشم نیە بەڵکو کردار و وەفایە بۆیە چۆن دوێنێ ڕووبەڕووی دوژمن دەبوونەوە ئەمڕۆش لەخۆشەویستیان بۆ ژینگە بۆ سروشتی کوردستان ڕووبەڕووی ئاگربوونەوە و خۆیانیان سوتاند بۆ ئەوەی نیشتیمان نەسوتێ .
ڕۆحتان شاد شەهیدانی ژینگە پارێز سروشت پارێزی کوردستان
