چەکوشکەی “ماسلۆ” وچەکوشی دادگاکان لە سیستەمی سیاسی تاکڕەودا

دوێنێ
د. سەڵاحی گەرمیان
زانای بەناوبانگی دەروونزانی ئەمریکی "ئەبراهام ماسلۆ" لەبارەی بە ئامرازکردنی هێز بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە کتێبی (سایکۆڵۆجی زانست-١٩٦٦)دا دەڵێت "ئەگەر تاکە کەرەستەی بەردەستت (چەکوش) بێت، هەموو کێشەکان وەک (بزمار) دەبینیت". ماسلۆ ئەوەی بە "یاسای کەرەستە" ناوهێناوە و زۆر جار بە چەکوشی ماسلۆ دەناسێنرێت. واتا هەر کەسێک یان لایەنێک، پەنا بباتە بەر هێز (هێزی چەکدار بێت یان هێزی سەپاندنی یاسا) بژاردەیتر لەبەرچاو نەگرێت و بەدوای بەدیلێکی باشتر نەگەڕێت، تەنیا وەک کەرەستەیەکی دیاریکراو لە وێنەی چەکوشی ماسلۆ، پۆلیس و دادگا دژ بە نەیارانی بەکاربهێنێت بۆ مەرامی سیاسی خۆی، لە هەموو بارودۆخێکدا وبەشێوەیەکی بەردەوام، بێگومان هەموو کێشە و ئالەنگارییەک وەک بزمار دەبینێت.
بەکارهێنانی تاکە کەرەستە (چەکوش) و بینینی کێشە و ئالەنگارییەکان وەک (بزمار)، هەڵەیەکە زۆر کەس و لایەن و ڕژێمی سیاسی پێڕەوی دەکەن، بە پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی کە تاکەکان جیاواز و هەمەچەشنەن وەک چۆن پەنجەمۆری کەسێک لەهین ئەوەیتر ناچێت. ئەگەر شێوازێک بۆ کەسێک لەباربێت ڕەنگە بۆ کەسێکی تر وانەبێت.
ئەم شێوازە بە کرداری هیچ واتایەکی بۆ دادپەروەری ناهێڵێتەوە. تەنانەت پێش ئەوەی کەیسەکان بگەنە دادگا، دەگۆڕدرێن بە ئامانجی نابووتکردنی نەیاران بۆ "دادگاییکردن بەڕێی میدیاوە"، هەر لە هەمان کاتیشدا ڕای گشتی ئامادە دەکرێت بۆ قبوڵکردنی هەر بڕیارێکی دواتری دادگا، هەرچەندە نالۆجیک بێت یان هەڵبەستراو. بەم شێوەیە چیتر میدیا ڕەنگدانەوەی واقیع نابێت، بەڵکو چەکوشێکی سیاسییە لە دەستی دەسەڵاتێکدا کە هەموو کەیسێک وەک بزمار دەبینێت، لەو دۆخەیدا دەسەڵاتی دادوەری وەک ترۆپکی ئەو گاڵتەجاڕییە میدیایانە خزمەت دەکات.
لەمبارەیەوە زۆر نموونەی بەرجەستە هەن لەوانە: سیستەمی دادوەری لە تورکیای ئێستای ئاکپارتی، کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سەرۆکی تورکیادایە و(چەکوشی ماسلۆ) ئاسا دژ بە نەیارانی ڕژێمەکەی بەکاریدەهێنێت. هەر وەک چۆن لە دوای سیناریۆی کۆدیتا (١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ دا) بە هەزاران نەیارانی ئەردۆگان بەتایبەتی لە جەماعەتی فەتحوللا گیولەن وگروپی ئۆپۆزیسیۆنی تر ڕاپێچی دادگاکان کران. بەهەمان شێوەش سەڵاحەدین دەمرتاش و ئەکرەم ئیمامئۆغلو و چەندین کەسێتی سیاسی تر بە تومەتی جیاواز خرانە زیندانەوە.
لە ئێران، ڕژیمی جمهوری ئیسلامی سیستەمی دادوەری وەک ئامرازێک بەکاردێنێت دژ بە چالاکوانان و بەرهەڵستکارنی دژ بە دەسەڵاتدارانی رژێمی ئاخوندی، بەتومەتی جۆراوجۆر سەدان لاوی وڵاتەکە دووچاری سزای ئیعدام و زیندانی درێژخایەن کراونەتەوە بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی لە دوای شۆڕی ژینا و شەڕی دوانزە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا.
لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، "هێز" وەک دەسەڵاتێکی ڕەق وێنەی (چەکوشی ماسلۆ) کاردەکات، ئەو هێزە چ دەسەڵاتی سەربازی یان دەسەڵاتی دادوەری بێت و بزمارەکەش دەبێتە هەر جۆرە بەرهەڵستییەک یان ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە دەسەلات.
لای هەمووان ڕوونە کە هەردوو حیزبی باڵادەست لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا، دەستیانگرتووە بەسەر هەموو جومگەکانی حکومڕانیدا. دامەزراندنی کارمەندانی فەرمانگەکان، بەتایبەتی پۆستە گرنگەکان و هەستیارەکان وەک پۆلیس و ئاسایش و سەرۆکی زانکۆکان و بەش و سکولەکانی زانکو و دادوەر و کارمەندانی پلە باڵای دادگاکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و فەرمانگە حکومییەکانی تر.
دیارە هەموو ئەوانەی ئەو پۆستانەیان گرتووەتەدەست گوێرایەڵی فەرمان و ڕێنماییەکانی حیزبی دەسەڵاتدارن و خزمەت بە سیاسەتی حیزبەکەیان دەکەن. حیزبی دەسەڵاتدار لەڕێی ئەو قۆرخکارییەوە هەموو ئەو جومگانەی کۆنترۆڵکردووە و بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندی حیزبی و تاکی بەرپرسان هەڵیاندەسوڕێنن.
دەسەڵاتی دادوەری و هێزی چەکدار (پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، دژەتیرۆر، کۆماندۆز، زێرەڤانی) بەهێزترین و گرنگترین ئامرازن کە لەلایەن دەسەڵاتی حیزبییەوە پەنایان بۆ دەبرێت لەپێناو ئەجیندا و سیاسەتی حزبیدا.
لە زۆنی زەرد، زیندانیانی بادینان بە تایبەتیش لە کەیسی شێروان شێروانی نموونەیەکی زەقی خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری دەخەنەڕوو و دژ بە چالاکوانانی سیاسی و کەسانی ناڕازی لە دەسەڵاتی پارتی. لە زۆنی سەوزیشدا، دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ لەسەر چەندین سکاڵای یاسای کۆن کە پشتگوێ خرابوون، بەڵام لە سەروبەندی پێش دەستپێکردن بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەسەڵات ئەو سكاڵا دێنێتە پێشەوە وهێزی چەکدار بەکاردێنێت بۆ ڕاپێچکردنی بۆ بەردەم دادگا. هەروەها ڕوداوەکانی ٢٢ ئابی سلێمانی و بەکارهێنانی هێزی چەکداری کۆماندۆز و دژەتیرۆر بۆ هێرشبردنە سەر هۆتێلی لالەزار و ماڵی سەرۆکی بەرەی گەل بە بیانوی ئامادەنەبوونی لەبەردەم دادگا، نموونەن بۆ دیاردەی بەکارهێنانی دادگا وەک (چەکوشی ماسلۆ) و سەیرکردنی کێشەکان وەک بزمار.
چۆن سیستەمە تاکڕەوەکان چەکوش ئاسا هەڵسوکەوت دەکەن
کاتێک دەسەڵاتی سیاسی، دەزگاکانی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا، چەکوش ئاسا بەکاردێنێت و ئەڕوانێتە گشت بەرهەڵستی و نارەزایەتییەک وەک "بزمار"، کۆمەڵگە باوەڕ بە جێبەجێکردنی یاسا لەدەستدەدات. لەبری ئەوەی ئەو دامودەزگایانە لە پۆلیس و ئاسایش و دادگا وەک پارێزەری هاووڵاتیان سەیر بکرێن، وەک جێبەجێکاری سیاسەتی دەسەڵات ڕۆڵئەگێڕن.
چەکوشی ماسلۆ لە ڕژێمە تاکڕەوەکاندا دەبێتە سیستەماتیک. کە دامودەزگای چەکدار و دادگاکانی دەسەڵات دەبن بە چەکوش و هەموو ئالەنگارییەک وەک هەڕەشە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەبێت سەرکوت بکرێت. هەر بۆیە، ناڕەزایەتی، یان تەنانەت ڕەخنەی ئاساییش زۆرجار بە چاودێری، سانسۆر، یان زیندانیکردن بەرەوڕوو دەبێتەوە. هەروەها ڕژێمەکان لەبری ئەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوڵاتیاندا بکەن یان چارەسەری ناڕەزایەتییەکان بکەن، خۆبەزلزانی ئەنوێنن و هێز و ترس وەک کەرەستە بەکاردێنن. زۆرجاریش پەروەردە، گفتوگۆ، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ، ئامرازی چاکسازی و لێکتێگەیشتن تێکدەدرێن یان پێچەوانەی یاسا کاریان پێدەکرێن.
لە سیستەمی تاکڕەودا بەگشتی، دەزگاکانی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا وەک کەرەستە بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنرێن، نەک وەک ناوبژیوانێکی بێلایەن لە دادپەروەریدا. مەرج نیە بوون بە (چەکوش) تەنیا توندوتیژی بگەیەنێت- بەڵکو وەک ڕواڵەتی یاسایی بەکاردەهێنرێت بۆ لەناوبردنی نەیاران و کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان. بۆیە لە سیستەمی تاکڕەویدا:
- ناڕەزایەتی ئاشتیانە، ڕۆژنامەگەری ئازاد، یان ڕێکخستنی سیاسی وەک ئاژاوەگێڕی، تیرۆر، یان ناوزڕاندن دەخرێنە چوارچێوەیەکەوە.
- یاساکان بە شێوەیەکی لاستیکی و ناڕوون پێڕەوە دەکرێن، ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدەن هەر دژایەتییەک وەک "بزمارێک" لێکبدەنەوە و بە چەکوش بکوترێن.
- نەیاران بە تۆمەتی دروستکراو دەکرێنە ئامانج.
- کرداری یاسایی دەبێتە جۆرێک لە سزای سیاسی.
- دادگاکان بۆ تاوانبارکردن بەکاردەهێنرێن نەک لەپێناو نەهێشتنی تاوان.
- زۆرجار بڕیارەکان پێشوەختە دیاری دەکرێن و دادگاییکردنەکان خزمەت بە شەرعیەتدان بە سەرکوتکردن لە چاوی خەڵکدا دەکەن.
- نەیاران ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی بەردەوام، سزای ماددی، قەدەغەکردنی گەشت، یان دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامان دەبنەوە.
- یاساکانی ئاسایشی نیشتمانی فراوان دەکرێنەوە تاکو هەڕەشەی ئایدیۆلۆجی و سیاسی بگرێتەوە لەبری توندوتیژی ڕاستەقینە.
چەکوشی ماسلۆ لە کرداردا
ڕژێمی تاکڕەو چەکوش ئاسا هەموو بەرهەڵستییەک لەهەرلایەکەوە بێت- چ لە ڕۆژنامەوان، چالاکوان، یان هونەرمەندانەوە بێت- وەک "بزمار" دەبینێت و بەزۆر سەپاندنی یاسا وەک تاکە ئامرازێک کە متمانەی پێیەتی بەکاردێنێت، چونکە وەهمی شەرعیەت دەستەبەردەکات. ئەمە چەکوشی ماسلۆیە لە پێوانەدا: پشتبەستنی زۆر بە یاسا وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن، نەک وەک چوارچێوەیەک بۆ دادپەروەری.
کاتێک یاسا دەبێتە چەکوش، دادپەروەری دەبێتە قوربانی. خراپ بەکارهێنانی سیستەمی یاسایی متمانەی گشتی دەشێوێنێت و نۆرمەکانی دیموکراسی تێکدەدات و کاریگەرییەکی ترسناک دروستدەکات کە تەواوی کۆمەڵگە بێدەنگ دەکات.
تێکشکاندنی عەقڵیەتی چەکوش
بۆ تێکشکاندنی عەقڵیەتی چەکوش پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاوبکرێن:
- پێویستە ناکۆکی وەک دیالۆگ دابڕێژنەوە نەک وەک مەترسی سەیربکرێت.
- ئالەنگاری کۆمەڵایەتی وەک سیستەمی ئاڵۆز سەیر بکرێت نەک وەک لەیەکترازان.
- بایەخدان بە پەروەردە و تەندروستی گشتی و یەکسانی ئابووری بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ناڕەزایەتی.
- بەکارهێنانی نێوەندگیری، دادپەروەری، و حوکمڕانی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
- زامنکردنی سەربەخۆیی دادوەری و سەروەری یاسا وئازادی ڕۆژنامەوانی.
- فێرکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ماف و بەرپرسیارێتی تاکەکان بەڕێی سیستەمی پەروەردەوە.
