مێشەکانی بازاڕ

2 هەفتە لەمەوپێش
نووسین: فریدریک نیچە
وەرگێڕانی: شەهلا نەجمەدین
هەڵبێ، ئەی هاوڕێم، بەرەو گۆشەگیرییەکەت! دەبینم ژاوەژاوی پیاوە گەورەکان کاسیان کردوویت و چزووی پیاوە بچووکەکان لە سەراپات چەقیوون. دارستان و بەردەکان بە شانازییەوە دەزانن چۆن هاوبەشی بێدەنگی تۆ بن.
دووبارە وەک ئەو درەختە بە کە خۆشتدەوێت، ئەو درەختە فرە-لقوپۆیەی- بە بێدەنگی و وریاییەوە بەسەر دەریادا دەڕوانێت.
کە گۆشەگیری کۆتایی دێت، بازاڕ دەست پێ دەکات؛ کە بازاڕیش دەستی پێ کرد، ژاوەژاوی ئەکتەرە گەورەکان و گیزەگیزی مێشە ژەهراوییەکان دەست پێ دەکات.
لە دونیادا، تەنانەت شتە هەرە باشەکان نرخێکیان نییە بێ ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتی/نمایشیان دەکەن؛ عەوام ئەم نوێنەرانە/نمایشکارانە بە پیاوە گەورەکان ناو دەبەن. عەوام زۆر بە کەمی لە گەورەیی-یان ئەوەی پێی دەڵێن داهێنان، تێدەگەن. بەڵام مەیلیان بۆ هەموو نوێنەر/نمایشکار و ئەکتەرەکانی شتە گەورەکان هەیە.
جیهان بە دەوری داهێنەرانی بەها نوێیەکاندا دەسووڕێتەوە؛ سووڕانەوەیەکی پەنهان/نادیار. بەڵام عەوام و ناوبانگ بە دەوری ئەکتەرەکاندا دەسووڕێنەوە: ئەمە ڕێچکەی شتەکانە.
ئەکتەر ڕۆحی هەیە، بەڵام ڕۆحێکی کەمویژدانی هەیە. هەمیشە باوەڕ بە شتێک دەکات کە وا لە ئەوانی تر بکات زۆر بەهێزتر باوەڕ بکەن- باوەڕ بە خۆی بکەن. سبەی باوەڕێکی تازەی هەیە، و دوو سبەی دانەیەکی تر. هەستێکی ڕاگوزەری هەیە، وەک عەوام، نوکتەی ڕاڕا. بۆ ئەو، تێکدان- واتە سەلماندن. جۆشدانی شێتی-واتە قەناعەتپێکردن. و لای ئەو، خوێن وەک باشترینی هەموو ئارگیومێنتەکان حیسابی بۆ دەکرێت.
حەقیقەتێک بە ساختە و فرتوفێڵ ناودەبات کە تەنها بە گوێیە هەستیارەکان دەگات. لەڕاستیدا، ئەو باوەڕ تەنیا بەو خودایانە دەکات کە ژاوەژاو و هەراوهۆریایەکی زۆر لە جیهاندا دەنێنەوە! بازاڕ قانە بە گاڵتەجاڕی بەزمگێڕ- خەڵک شانازی بە پیاوە گەورەکانیانەوە دەکەن! ئەم پیاوە گەورانە بە لای عەوامەوە گەورەی ڕۆژگارن. بەڵام ڕۆژگار فشاریان بۆ دێنێت؛ بۆیە ئەوانیش فشار لە تۆ دەکەن. و بەڵێ یان نەخێریان لێت دەوێت. ئەفسووس! تۆ دەتەوێت کورسییەکەت لە نێوان لەگەڵ و دژدا دابنێیت؟
ئیرەیی بەم موتڵەقگەرا و هەڵەشانە مەبە، ئەی عاشقی ڕاستی! هەرگیز ڕاستی بە سەر شانی موتڵەقگەرایەکەوە نەگیرساوەتەوە.
لەم جرپن و هەڵەشانە هەڵبێ، بگەڕێرەوە بۆ نێو ئارامیی: تەنیا لە بازاڕدا مرۆڤ بە بەڵێ؟ یان نەخێر؟ هێرشی دەکرێتە سەر.
لەسەرخۆیی ئەزموونی هەموو کانیاوێکی قووڵە: دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەیت تاوەکوو بزانیت ئەو شتە چییە کە کەوتووەتە ناو قووڵاییەکەتەوە.
هەموو شتە مەزنەکان دوور لە بازاڕ و ناوبانگ ئەنجامدراون: داهێنەرانی بەها نوێیەکان هەمیشە دوور لە بازاڕ و ناوبانگ ژیاون.
هەڵبێ، ئەی هاوڕێم، بەرەو گۆشەگیرییەکەت: دەبینم مێشە ژەهراوییەکان هەموو گیانتیان گەستووە. هەڵبێ، بۆ ئەو شوێنەی بایەکی سەخت و بەهێزی لێوە دێت!
بۆ ناو گۆشەگیرییەکەت هەڵبێ! تۆ زۆر لە نزیک ئەو بچووک و جێی بەزەییانەوە ژیایت. لە تۆڵە نادیار و شاراوەکەیان هەڵبێ! ئەوانەی کە جگە لە کینە هیچ شتێکیان پێ نییە.
چیتر دەستیان لێ بەرز مەکەرەوە! ئەوان لە ژمارە نایەن، و چارەنووسی تۆ ئەوە نییە ببیت بە مێشکوژ.
ئەو پیاوە بچووک و جێی بەزەییانە بێشومارن؛ و زۆرێک لە هەیکەلی بینا گەورەکان بە دڵۆپە-باران و گژوگیا وێران بوون.
تۆ بەرد نیت، بەڵام پێشووتر بەهۆی دڵۆپەی زۆرەوە کون/کەلەبەرت تێدا دروست بووە. گەر وا بڕوات ئەو دڵۆپە زۆرانە دەتشکێنن و دەتەقیت.
دەتبینم شەکەتیت بەدەست مێشە ژەهراوییەکانەوە؛ دەتبینم لە سەد لاوە خوێنی پێوەدانی ئەوانت لێ دەچۆڕێت، بەڵام شانازی بە خۆوە کردنت ناهێڵێت تەنانەت ورتەت لێوە بێت.
ئەوان بەوپەڕی بێتاوانییەوە خوێنت دەمژن؛ ڕۆحە بێ خوێنەکەیان تامەزرۆی خوێنی تۆیە-و بە بێتاوانییەوە پێتەوە دەدەن. بەڵام تۆ، ئەی مرۆڤە قووڵەکە، تەنانەت بۆ برینە بچووکەکانیش بە قووڵی ئازار دەچێژیت؛ و پێش ئەوەی خۆت ساڕێژ بکەیت، هەمان کرمی-ژەهراوی بەسەر دەستتدا هەڵدەگەڕێت.
تۆ لەوە گەورەتریت ئەم مشەخۆرانە بکوژیت، بەڵام دەبێت وریا بیت چارەنووست نەبێت بەوەی کە هەموو نادادییە ژەهراوییەکەیان بچێژیت!
ئەوان بەدەم ستایشکردنتەوە دەوروخوولت دەدەن و گیزەگیز دەکەن: زەقکردنەوە، پیاهەڵدان و ستایشی ئەوانە. ئەوان دەیانەوێت لە پێستت نزیک ببنەوە بۆئەوەی خوێنت بمژن.
ئەوانە ماستاوومەراییت بۆ دەکەن وەک کەسێک کە بۆ خودا یان شەیتانی دەکات؛ لە بەردەمتدا دەگرین و دەکڕوزێنەوە وەک چۆن لە بەردەم خودا یان شەیتاندا جووکەجووک بکەن. ئەمە چ سوودێکی هەیە! ئەوانە جگە لە سەرلەقێنەر و مەراییکەر و نوزەنوزکەر و جرپن هیچیتر نین.
هەروەها، ئەوانە زۆر جار خۆیان وەک کەسێکی نزیک و خۆشەویست دەردەخەن لات. بەڵام ئەمە زیرەکییەکی گەمژانەیە. بەڵێ! گەمژەکان زیرەکن! بە ڕۆحە تەنگەبەرەکانیانەوە زۆر بیر لە تۆ دەکەنەوە-تۆ هەمیشە جێی گومانیت لای ئەوان! هەر شتێکیش زۆر بیری لێ بکرێتەوە لە کۆتاییدا دەبێت بە مایەی گومان.
ئەوان لەسەر هەموو چاکەکانت سزات دەدەن. لە ناخی دڵیاندا تەنیا لە هەڵەکانت دەبوورن، بەڵام لە چاکەکانت نا.
لەبەرئەوەی تۆ کەسێکی نەرمونیان و ڕاستگۆیت، دەڵێیت: “ئەوان بە بوونە بچووکەکەیان بێتاوانن.”، بەڵام ڕۆحی تەنگەبەری ئەوان دەڵێت: “هەموو بوونێکی گەورە شایانی لۆمەکردنە.” تەنانەت کاتێک لەگەڵیاندا نەرمونیان دەبیت، ئەوان وا هەست دەکەن تۆ سووکایەتییان پێ دەکەیت و بچووکیان دەکەیتەوە، بە خراپەیەکی داپۆشراو وەڵامی نەرمونیانیت دەدەنەوە.
شکۆی بێدەنگی تۆ دژ بە سەلیقەی ئەوانە. گەر بۆ جارێک خاکەڕا بیت و وا خۆت پیشان بدەیت کە بایەخت نییە، لە خۆشیدا تووشی شاگەشکە دەبن.
کاتێک شتێک لە کەسێکدا دەناسنەوە، هەوڵ دەدەن توڕەی بکەن، بۆیە خۆت لە بچووکەکان بەدووربگرە.
ئەوان بە حزووری تۆ هەست بە بچووکی خۆیان دەکەن، نزمبوونیان بە ئاگری تۆڵەکردنەوەیەکی داپۆشراو خۆش دەکەن.
بینیت چۆن دەمیان بەسترا کاتێک تۆ لێیان نزیک بوویتەوە، بینیت چۆن وەک دوکەڵی ئاگرێکی خامۆش تینوتاویان پێ نەما؟
بەڵێ، هاوڕێم، تۆ ویژدانی خراپیت بۆ درواسێکانت، لەبەرئەوەی ئەوان شایستەی تۆ نین. بۆیە ڕقیان لێتە و دەیانەوێت خوێنت بمژن.
دراوسێکانت هەمیشە مێشی ژەهراوی دەبن بۆت؛ گەورەیی تۆ- ئەوان ژەهراویتر و هەمیشەش مێشئاساتر دەکات.
هەڵبێ، ئەی هاوڕێم، بەرەو گۆشەگیرییەکەت- لەوێ، هەوایەکی تووند و پاک تیایدا هەڵدەکات، چارەنووسی تۆ ئەوە نییە ببیت بە مێشکوژ.
