ڕۆشنبیرانی "تەویلەکە"!

یەک هەفتە لەمەوپێش



سەردار محەممەد

دەسەڵاتی کوردی، بەسیاسی‌و ئایینی‌و ئابورییەوە، نەک هەر دانویان لەگەڵ روناکبیریی‌و رۆشنبیری راستەقینەدا ناکوڵێ‌‌و کار لەسەر شکاندنی ئەو رۆشنبیرانە دەکەن سەر بە"خۆیان" نین، بەڵکو بەردەوام کار لەسەر بێ بەهاکردنی مەعریفەو رۆشنبیریش دەکەن.

پارتی‌و یەکێتی، کە تەنها حزبی "سەرکردەیەک" یاخود خێزان‌و خێڵێکن‌و هەڵگری هیچ "شوناسێکی ئایدۆلۆژیی" نین‌‌‌، پێویستیان بەو "فۆرمە کلاسیکییە لەرۆشنبیر" نەماوە کە بەشیعرو شانامە شەڕیان بۆ دەکردن! 

ئەمڕۆ زانستە تەکنیکیەکان‌و زیرەکی دەستکرد، جێگەیان بەزانستە کۆمەڵایەتی‌و مرۆییەکان‌و بەڕۆشنبیرو ئەکادیمیستە کلاسیکیەکانیش لێژ کردووە.

لەم جێگۆڕکێی دەسەڵاتەدا، دەسەڵاتدارانی کورد پێویستیان بەتەکنۆکرات‌و بەپسپۆڕانی ئامارو داتا دیجیتاڵییەکانە تا مارکێتینگی سیاسییان بۆ بکەن.

رۆڵی قەڵەم بەدەست‌و شایەرەکانی دەرباری جارانیشیان، بەو میدیا زەبەلاحانە سپاردووە کە شەوو رؤژ کوتەکی درۆو چەواشەکاریی‌ بەمێشکی خەڵکدا دەکێشن‌و کار لەسەر گەمژاندنیان دەکەن.

بەڵام رەوتی "دژە ڕۆشنبیر"، لەناو خەڵکیشدا بەهێزە!

لەبەرئەوەی لەدیدی خەڵکەوە، زۆربەیان "بێ بەهرە‌و پارەپەرستن، ساختەو درۆزنن، ترسنۆک‌‌و بێ هەڵوێستن، خزمەتکاری سەرمایە‌و ئامڕازی دەسەڵاتن"!
زۆربەیان لەبەرهەمهێنانی نادادییەکانی ئەمڕۆی کوردستاندا بەشدارن، کە بۆ خۆژیاندن‌‌و ئیمتیاز، سەرسەختانە بەرگرییان لەدەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتی‌و "تەقدیس" کردنی سەرکردەو شەڕە بێهودەکانیان کرد!

زۆربەیان لەخۆبایی‌و هەرزەنووس‌‌و خەریکی خۆنمایش کردن‌‌و خۆ بەپاڵەوان کردنن، خۆیان بە"کەیسنجەرو بریجینسکی" ناگۆڕنەوە، کەچی خەونی هەمیشەییان ئەوەیە ڕۆژێک ببن بە"پەرلەمانتار" یاخود بە"بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتێک" یان هەر هیچ نەبێ بکرێن بە"ڕاوێژکار"‌و لەسەر داهاتی گشتی "مووچەیەکی جوان"یان بۆ ببڕدرێتەوە! 

زۆربەیان رۆشنبیری "ناشاری"و هەلپەرستن‌و وەک "حەربا" بەپێی بەرژەوەندییان رەنگی خۆیان دەگۆڕن‌و لەهەموو لایەک دەخۆن‌! ئامادەن باسی هەموو شتێک بکەن: لەمعاویەو سەلاحەدینی ئەیوبییەوە بگرە تا دەگات بەسیستانی‌و نەتانیاهۆو خامنەئی‌، یاخود خەریکی پەخشان نووسینن لەسەر گۆران‌و نەجمەدین مەلاو جگەرخوێن، بەڵام ئەوەی هەرگیز خۆیانی لەقەرە نادەن‌ "هەڵەو پەڵەکانی پارتی‌و یەکێتییە‌"!

یەکێتی‌و پارتیش، کە سەر بەقوتابخانەی "هێزپەرستی"و بە"هیچ تەماشاکردنی رۆشنبیرو فکر"ن، باش دەزانن چۆن ئەو رۆشنبیرە دەمامکدارو موزەیەفانەی پابەند نین بەهیچ پرەنسیپ‌و کۆدێکی ئەخلاقییەوە دەستەمۆ بکەن‌و وەک "ئامڕاز" بەکاریانبهێنن.

"فاروق حوسنی"، کە نزیکەی ٢٠ ساڵ وەزیری رۆشنبیری میسر بوو لەسەردەمی "موبارەک"دا، بەگاڵتە نەیوتبوو: زۆربەی هەرە زۆری رۆشنبیرانم بەبڕینەوەی مووچەیەک، بەپاداشت‌و بڕێک پارە، بەچاپکردنی یەک دوو کتێب‌، بەدەرفەتی خوێندنی ماستەرو دکتۆرایەک، بەدەرهێنانی فلیمێک، بەسەرنووسەریی ماڵپەرو میدیایەک، بەسپۆنسەرکردنی رێکخراوێک، بەپۆستێکی راوێژکاریی یان تەنانەت بەئەندامێتی لیژنەیەکی وەزارەتی رۆشنبیریی، دەستەمۆو ماڵی کردو کردمن بە"تەویلەکەی دەسەڵات"دا!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار