ڕیفراندۆمی 25ی سێپتەمبەر وێستگەیەك لە كاروانێكی بەردەوامی نەپساوەدا

یەک هەفتە لەمەوپێش



کاوە مەحمود

ویستگەی شۆڕشگێڕی لە مێژووی كاروانی تێكۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلەكەماندا زۆرن ‌و هەر یەك لەو وێستگانە لە میانەی هەلومەرجی تێكۆشان ‌و بارودۆخی ناوخۆیی ‌و هەرێمایەتی‌ و نێودەوڵەتیدا گرنگی تایبەتی خۆی هەبووە، بەڵام  ڕیفراندۆمی 25ی سێپتەمبەری 2017 یەكێكە لەو ویستگە تایبەتمەندانە، كە بە وەرچەرخانێكی سیاسی‌ و هزری ‌و پراكتیكی لە كاروانی نەپساوەی تێكۆشانی گەلی كوردستاندا دەستنیشاندەكرێت.

لەگەڵ سەرەتا‌ و پەرەسەندنی خەباتی گەلەكەمان درووشم ‌و بەرنامەی سیاسی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەمەبەستی وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی، بە قۆناغە جۆراجۆرەكان لە كۆنسێپتی مافی ئیداری ‌و ڕۆشنبیری ‌و لامەركەزی ‌و حوكمی زاتی ‌و فیدراڵیزم بەرجەستەبوو، تا گەیشتە وێستگەی ڕیفراندۆم بەمانای گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل بۆ دەڕبڕینی خواست‌ و ئیرادەی ئازادانەی خۆی.

لە سەرجەم بەرنامە و ئەو شێوازانەی، كە لە قۆناغە جۆراجۆرەكان بۆ چارەسەركردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان‌ و دەستەبەركردنی مافەكانی خراونەتەڕوو، لەلایەن بەرامبەرەوە نەك تەنیا پێشوازی لێنەكراوە‌ و بە ئەرێنی تەماشانەكراوە، بەڵكو گەلەكەمان ‌و هێزە سیاسییەكانی بە كۆمەڵیك بابەت تۆمەتباركراون، بۆ نموونە جیاخوازی‌ و كەرتخوازی ‌و دابەشكردنی دەوڵەت ‌و دەمارگیری نەتەوەیی ‌و تێكدانی بەیەكەوە ژیان ‌و نەبوونی مەشروعیەت بۆ داواكارییەكان ‌و لەسەروو ئەو بابەتانەش، تاوانباركردن بە بەكرێگیراوی ‌و ئەنجامدانی ئەجیندەی وڵاتانی دیكە ‌و تەنانەت ئەگەر لایەنێكی مەدەنی ‌و پێشكەوتنخوازی نەتەوەی سەردەست لە هەلومەرجێكی تایبەتی خۆیدا هەڵوێستێكی ئەرێنی دەربڕیبێت، ئەوا هاوكات لەگەل ئەو هەڵوێستەش ئەگەر باس لە كرۆكی داواكارییەكان كرابێت، ئەوا تەواوكەری ئەو هەڵوێستە بەوە كۆتاییهاتووە، كە كاتی ئەو داواكارییە نەهاتووە ‌و ئەمەش دیسانەوە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی نەتەوەی سەردەستە، كە خۆی بە براگەورە دادەنێت ‌و ماف بە خۆی دەدات سنوور بۆ ماف ‌و داواكارییەكانی نەتەوەی مافخوراو دابنێت.

وەڵامەكانی دەسەڵات بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێڕاق تا ئێستا سەبارەت بە مامەڵەكردنی لەگەڵ مافەكانی گەلی كوردستان پشتی بە چەندین بۆچوونی بنەڕەتی بەستووە، كە بریتین لەوەی كوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی عێڕاق نەك نیشتمانی كوردستانییانە‌، بەم پێیە كوردستان ‌و مافی گەلەكەی كێشەیە نەك مەسەلە یان دۆزێكی ڕەوابێت. ئەم ئاراستەیە لە بیركردنەوە، سەرجەم ڕەوتە سیاسییەكانی نەتەوەی سەردەست بە جیاوازییەكی كەمەوە دەگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر لایەنی چەپ‌ و لیبڕاڵ‌ و مەدەنیی نەتەوەی سەردەست وەرگریت، ئەوا پێناسەیان بۆ چەمكی هاووڵاتیبوون ‌و پێكەوەژیان بە جۆرێك دادەڕێژن، كە سیما ‌و هەژموونی زۆربە پێوەری كردەیی ئەو دەستەواژانە بێت ‌و هەر ئەمەشە دیموكراسی ‌و میكانیزمەكانی لە بازنەی ئەو بڕیارەی كە زۆربە بەسەر كەمینە دەیسەپێنێت دەبینێت، بەم جۆرە تێكڕای چەمكەكانی شەراكەت‌ و هاوسەنگیبوون ‌و هەماهەنگی ‌و تەوافوقی سیاسی هەر دەبێ لە بازنەی بڕیار ‌و هەژموونی زۆربەدا بێت.

ئەو هەلومەرجەی لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق وەك نموونەی دەوڵەتی هاوردە‌ و سەپێنراو لەسەر كوردستان ‌و گەلەكەی هاتۆتەكایەوە بەردەوامە ‌و قەیرانی دەوڵەتی دروستكردووە‌ و بۆتە هۆی نەبوونی ئاشتی ‌و ئاسایش ‌و ئازادی‌ و بەیەكەوەژیان‌ و بەفیڕۆدانی سامانی مرۆیی، بۆیە شوناسی ئەم پێكهاتەیە بەتەواوی نازناوی دەوڵەتی فاشیل هەڵدەگرێت. هەرچەندە چەندین وێستگەی سیاسی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی دەوڵەت هاتەپێشەوە، كە یەكێكیان بژاردەی فیدڕاڵی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس بوو، بەڵام ئەم بژاردەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی عێڕاقەوە بەفیڕۆدرا ‌و چەمكی فیدراڵی بوو بە بەشبەشێنە ‌و كاركردن بۆ گەڕانەوەی تەوژم‌ و ئاراستەی دەوڵەتی ناوەندی ڕەها ‌و لەباربردنی ئەو پرۆسە سیاسییەی لە 2003 دەستیپێكرد‌، بەم جۆرەش نەتەوەی سەردەست ‌و هێزە سیاسییەكانی ئەو دەرفەتەیان لەناوبرد.

ڕیفراندۆم وەڵامێكی كردەیی ئەو ڕەوشە ناهەموارەبوو، كە دەسەڵاتدارانی بەغدا دروستیانكرد ‌و ماددەكانی خودی ئەو دەستوورەی بڕیاریاندابوو جێبەجێنەكرد‌، تەنانەت بەشانازییەوە ڕایاندەگەیاند، كە توانیویانە ئەو ماددانەی دەستوور كاری پێنەكرێت، لە هەمان كاتدا بەهەژموونی زۆربە لە دادگای فیدڕاڵیدا هەردەم بابەتە چارەنووسسازەكان لە بەرژەوەندیی نەتەوەی باڵادەست لێكدراوەتەوە.

پرۆسەی ریفراندۆم بەنیسبەت گەلی كوردستان تەنیا كاردانەوەیەك لەسەر جێبەجێنەكردنی دەستووری عێڕاق نییە‌ و ناكرێ بەم جۆرە گەلەكەمان ‌و هێزە سیاسییەكانی بڕواننە مەشروعیەتی ریفراندۆم.

مەشروعیەتی ڕیفراندۆم پشت بە مافی سەرەكی گەلان بۆ ڕزگاری لە داگیركردن‌ و ئازادیی دەستنیشانكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس دەبەستێت ‌و هەر دەبێ لەم ڕوانگەیەوە تەماشا بكرێت ‌و پشتتێكردن ‌و دژایەتی دەوڵەتان ‌و تەنانەت بێدەنگی ‌و هەڵوێستی نەرێنییان دژ بە ریفراندۆمی گەلەكەمان لە 25 سێپتەمبەری 2017 دووڕوویی ئەو هێز‌و لایەنانە دەردەخات، كە لەلایەكەوە باس لە مافی مرۆڤ ‌و مافی گەلان دەكەن ‌و لەلایەكی دیكەوە وێنەی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن، كە پرنسیپی ڕەوشت لە كار ‌و سیاسەتی ئەواندا نییە.

ڕیفراندۆم وێستگەیەكی پڕ شكۆی تێكۆشانی گەلەكەمان بوو. وێستگەیەك، كە شایانی شانازیپێكردنە و هەرچەندە هێرش ‌و پلانی دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست‌ و وڵاتە هەرێمایەتییەكان‌ و فشاری تابووری پێنجەم بەردەوامبێت، ریفراندۆمی 2017 دواویستەگە لە تێكۆشانی بێوچانی گەلەكەمان نابێت ‌و كۆتایی مێژوو نییە ‌و گومانیش لەوەدا نییە، كە ئەمڕۆ دوێنی نییە‌ و بەیانیش ئەمڕۆ نییە‌ و ئیرادەی گەلی كوردستان سەردەكەوێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار