لە جەنگاوەری كاراوە بۆ پەراوێزخستن و داهاتووی ناڕوون

یەک هەفتە لەمەوپێش
حەسەن ئەحمەد مستەفا
لە کاتێکدا حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، مەبەستدارانە کوردی گیرۆدەی گەمەیەکی دارایی بێهەیبەت کردووە، سەرەڕای ئەوەی كە مافێكی سەرەتاییە. لە سوریاش کورد، ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخ و گەمەی سیاسییە، هاوكات، ڕێکخستنەوەی سیاسی و هاوپەیمانییەتی زۆر ناڕوون لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچن، لەپاڵ ئەمانەدا هەوڵی دیپلۆماسی بە بێدەنگی کار بۆ هاوپەیمانی نوێ دەکات، کە دەشێت بێ ئاگاداری و ئامادەیی کورد، پرسە سیاسیەكەی بکاتە ماددەی خامی سازشەکان، كە سەرنجام دوور نییە چارەنووسی کورد دژوارتر بکات.
ئەم پێشهاتانە سادە و زوو تێپەڕنین، لە 17ی ئەیلولی 2025، سعودیە و پاکستان ڕێککەوتنێکی ستراتیژی بەرگری لە یەکتریان (SMDA) واژۆکرد، کە بەجۆرێک پابەندیان دروستکرد کە دەستدرێژیکردنە سەر یەکێکیان وەک دەستدرێژیکردنە سەر هەردووکیان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم پەیماننامەیە ئاماژەیە بۆ هەنگاوەکانی ڕیاز، کە سەرەڕای مانەوەی لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام دەیەوێت نیگەرانیە ئەمنییەکانی لە دەرەوەی بازنەی ئەمریکاش كەمبكاتەوە.
لە چوارچێوەی هەمان ڕێککەوتندا، پاکستان بە ڕوونی ڕایگەیاند؛ سعودیە لە ژێر "چەتری ئەتۆمی" پاکستاندا دەبێت، بۆیە لە هەندێک بوار و گریمانەدا، دەشێ لێكەوتەكانی ببنە هۆی دەستپێکردنی فۆرمێکی هاوکاریی و جۆرێك لە ڕێگریکردن، کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕێ، ئەگەر كاتیش بێت.
لە لایەكی دیكەوە، تورکیا بە بەردەوام داوای پاڵپشتی دەرەکی دەكات بۆ کۆتاییهێنان بە هێزە کوردییەکانی سوریا، کاتێک سەرۆككۆماری توركیا دەچێتە نیویۆرک، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر هێزەکانی سوریایی دێموکرات، لە بەرەی حەلەپ، دەكرێت پاڵپشتییەکی دیپلۆماسی بێت بۆ ئەردۆغان، بەدیاریكراوی لەو کاتەدا کە لە UNGA ووتاری دەبێ و دواتر ترەمپ دەبینێت، ئەردۆغان هێزە کوردییەکانی ئەوبەری فراتی بەراورد کردووە بە داعش، كە دەیەوێت چەکدابنێن و تا ئێستەیش خواستی کورد بۆ لامەرکەزی لە سوریادا بە "خەون" دەزانێت.
لە هەمانکاتدا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا خەریکە دەخرێنەوە بەر باس و سەرۆککۆمار ئەردۆغان ماوەیەکە فشار دەخاتە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی "بەهاپەیمانییەتی ئەمریکاو کورددا بچێتەوە". ڕاستە لە ڕابردوودا بەتایبەتی دوای کەتنەکەی ترەمپ لەسوریا (پاشەکشەی لە پڕو هاتنە پێشەوەی تورکیا) لە 2019دا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی ڕوونی بە کردەوەی هاوسەنگی پراگماتیکی کردووە، لەم ڕوانگەیەوە داوای لە ئەردۆغان کردووە هێرشەکانی بۆ سەر کورد ڕابگرێت، ئەمەش دەریدەخات کە دیپلۆماسی کەسی ڕۆڵێکی بەهێز دەگێڕێت لەوەی کە دەبێ سیاسەتێکی یەکگرتوو هەبێت.
لە ئەنجامدا ئەم جوڵانە کورد پەیوەندیدار دەکەن و پێکەوە دەرهاویشتەی نەخوازراو نیشان دەدەن. لەم پەیوەندییەدا، ستراتیژێكی ناوچەیی کە هێزە گەورەکان لە ڕێگەی پەیماننامەی بەرگریی نوێ دێنێتەوە مەیدان، جۆرێك لە سازس، مامەڵە و دواجار ڕێککدەکەون.
کورد و دۆزەکەی لە پەراوێزی ئەم گۆڕانکاریانەدا نییە، بەڵکو لە چەقەکەیدایە، ڕێککەوتنی سعودییە- پاکستان ئاماژەی بەرەی پان سوننەیە و تورکیایش لەگەڵیدا لە کەین وبەین دەبێت، ئەمەش سروشتی دیپلۆماسییەتی فرەڕەهەندی تورکیای دوای 2002یە.
هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دۆخێکی ناڕووندان، تا کەی دەمێننەوە، لە ژێر چ یاسایەکدا دڵنیایی دەدەن، بە چ پابەندبوونێک هاپەیمانەکان ڕازی دەکەن هێشتا ڕوون نییە. لایەنی کوردی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئاژاوەگێڕی و سەرهەڵدانەوەی داعش.
لە ژێر هەمان فشاری تورکیا و ناڕوونی ئەمریکیدا، کورد بەپەلە ڕێکەوتنی لە گەڵ دیمەشق (سەرکردایەتی نوێی کاتی سەردەمی ئەحمەد شەرع) بۆ تێکەڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد بە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرد. بۆ ئەوکات ئارامییەکی کورتخایەنی پێوە بوو، بەڵام وردەکارییەکانی مەترسیدارن ودەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان، فڕۆکەخانەکان، هەموویان بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە دەدرێنە سەرکردایەتییەکی مەترسیدار لە دیمەشق.
تورکیا بە ئاشکرا هێڵی گشتیی ڕێککەوتنەکەی پەسەند کرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هەر قەوارە و ڕێکخستنێکی کوردی (بەتایبەت یەپەگە) دەبێت هەڵبوەشێتەوە و پێکهاتەی یەکگرتووی سوریاش بپارێزرێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، كە بۆچی ئەمە بۆ کورد مەترسیدارە؟ چونکە کورد لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆزەکەی لە ژوورەتاریکەکان و لە فایلی ناوجانتای ئەوانەدایە! کە لە پێشدا بەرژەوەندی خۆیان دەبینن. کاتێک لە ژوورەکەدا نیت، بەرژەوەندییەکانت بازرگانییان پێوە دەکرێت.
لەم نێوەندەدا، كردە سەربازییەكانی ئیسرائیل تاڕادەیەك زیانی بە هەیبەتی ئەمریکا لە کەنداو گەیاند، سەرکردایەتی قەتەر کەمی نەدابوو، سعودیە هێشتا لەگەرمەی وەبەرهێنانی ترلێۆنی لەگەڵ ئەمریکادا بوو، دیسانیش کەوتنە ژێر هەڕەشەی ئیسڕائیل و دوای لێدانی دەوحە، دەستبەجێ ڕۆبێۆ گەیشتە ئیسڕائیل و کۆبوونەوەی سەرانی عەرەبیشی بێ ئەنجامکرد، سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا، فشارەکانی تورکیا، یان گۆڕینی ئەولەویەتەکانی ستراتیژی (بۆ نموونە گرنگیدان بە ئۆکرانیا، یان کەمکردنەوەی شوێنپێی سەربازی لە دەرەوەی وڵات) دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لەناکاو. پەرەسەندن و ئالۆزییەكانیش بەشێوەیەكن، كە کورد ناتوانێ بەتەواوی پشت بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان ببەستێت کە بۆ هەمیشە وەك هۆكاری پارێزگاری بمێننەوە.
قەیرانی مووچەش هەموو شتێک و یاری کۆتایی نییە، لە کاتێکدا ڕاستە کە دواکەوتنی مووچە، سەختی ئابووری، ناکۆکی سیاسی ناوخۆیی ڕاستەقینەن، بەڵام پرسی ناوخۆیین. مەترسی ڕاستەقینە لە پەراوێزخستنی دیپلۆماسی و سەپاندنی ئیرادەی دەرەکییدایە. بۆیەش بێ هەنگاوی ستراتیژی پەیوەست بە نیگەرانی دەرەکی یان هەڵوێستێکی دیپلۆماسی ڕوون، مەترسی بەقوربانیکردنی کورد بە رژدی لە ئارادایە.
