ڕۆژئاوای كوردستان لە بەردەم پیلانگێڕییەكی هەرێمیدا

7 ڕۆژ لەمەوپێش



د. كامەران مەنتك

لەلایەك قەیرانەكانی ئۆكرانیا خەریكە چڕتر دەبێتەوە وبەشێك لەوڵاتە ئەوروپییەكان راستەوخۆ لەو شەڕەوە تێدەگلێن، لەلایەكی تر لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەریكە دۆخەكە بەرەو شەڕێكی گشتگیرو فراوان هەنگاو دەنێت، ئەگەرچی هەوڵێكی زۆر بۆ دوورخستنەوەی ئەو شەڕەو هێنانەدی ئاشتی دەدرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو ململانێیەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت، چارەسەركردنی كێشەكان لەرێگەی گفتوگۆو دانوستانەوە رۆژ بەرۆژ سەختتر دەبێت. 

هێندەی پەیوەندی بەكوردەوە هەیە، ئێستا پیلانگێڕییە سەرەكییەکە دژی رۆژئاوای كوردستان چڕ بۆتەوە، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان وەكو تاكتیك هەوڵدەدا لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت، بەڵام خەرکە لەبەرەی توركیا نزیکدەبێتەوە، ئەمەش لەلایەك دەبێتە هۆی ئەوەی هەر رێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا ئیمزا بكات، جێبەجێ نەکرێت، لەلایەكی تر دەیخاتە بەرەیەكی پێچەوانە لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانەوە.
واتە پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی كورد، كورد بەسەر دووبەرەی دژ بەیەكدا دابەش بووەو ئەو یەكێتییەی كورد خەونی پێوە دەبینێت، رۆژ بە رۆژ دوورتر دەكەوێتەوە.

ئیسرائیل خەریكە كۆنتڕۆڵی هاوسەنگی هێزی ناوچەكە دەكات و كار بۆئەوە دەكات نەخشەی سیاسی ناوچەكە بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆی دابڕێژێتەوە، ئەمە وایكردووە ئەو هێزانەی سەر بەتوركیان لە سوریا خۆیان لە هەموو رووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور بگرن، ئەوانە نوێنەرایەتی سوننە دەكەن و لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لەبەرژەوەندی خۆیان دەبینن. بۆیە هەوڵدەدەن بە هەر شێوەیەك بێت لەگەڵ ئیسرائیل پێكبێن و دەستبەرداری هەموو ئەو شتانە بن، كە ئیسرائیل دەیەوێت، بەڵام پێناچێت ئیسرائیل جگە لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە بە هیچی تر رازیبێت. بۆ ئەم مەبەستەش سەرچاوەیەكی هێزی گەورەی لەبەردەستدایەو خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە دەكات.

سازشكردنی حكومەتی توركیاو سوریای نوێ بۆ ئیسرائیل بەمەبەستی گەڕاندنەوەی یەكپارچەیی خاكی سوریاو لێدانی ئەزموونی رۆژئاوای كوردستانە، ئەحمەد شەرع لە ئەمریكا خەریكە هەسەدە وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە دەكات، هاوكات دەنگۆی ئەوە بڵاودەكاتەوە، كە ئەگەر تا مانگی دوازدە هەسەدە تێكەڵ بەسوپای سوریا نەكرێتەوە، واتە چەك نەكرێت، توركیا هێرشی دەستپێدەكات، ئەمە لێدوانی سەرۆكی دەوڵەتێكە، كە خۆی بەخاوەن سەروەری دەزانێت و شانازی بەوە دەكات وڵاتێكی تر هێرش بكاتە سەر بەشێك لەخاكەكەی و داگیری بكات، دیارە ئەو لێدوانەی شەرع بەشێوەیەكی تۆكمە پەیوەندی بەو سەردانەی ئەردۆگانەوەیە بۆ ئەمریكا، كە بڕیاروایە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجام بدرێت.

كۆبوونەوەی لوتكەی ئەردۆگان لەگەڵ ترامپ، ئاماژەیەكی روونە بۆ هەوڵی بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئەمریكا، دیارە هەر گۆڕانكارییەكی لەم شێوەیەش لەسەر حیسابی كورد، بە تایبەتی رۆژئاوای كوردستان دەبێت، لەبیرمانە ساڵی 2019 كاتێك ئەردۆگان سەردانی ئەمریكای كرد، ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساند بۆئەوەی گرێسپی و سەرێكانی داگیر بكات، دوور نییە لەو سەردانەشدا گڵۆپی سەوز بۆ توركیا دابگیرسێنێت بۆئەوەی هێرش بكاتە سەر هەسەدەو ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان لەباربەرێت، ئەمە خەونی گەورەی توركیایە. 

لە هەمان كاتدا سەرۆكی ئیسرائیلیش پلانی سەردانی ئەمریكای هەیە، ئەمە لەلایەك ئەگەری نزیكبوونەوەیەك لەنێوان توركیاو ئیسرائیل دروست دەكات، بەواتایەكی تر جۆرە رێككەوتنێك دێنێتە بەرهەم، كە توركیا لە فراوانخوازییەكانی ئیسرائیل نەترسێت و هێڵێكی سووری نوێ لەنێوانیاندا بكێشن.

كورد لەرۆژئاوا ئەگەرچی بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بەخۆی بەستووە، بەڵام بەرژەوەندی هاوبەشیشی لەگەڵ هەندێك هێزی ركابەری توركیادا هەیە، لەوانە ئیسرائیل، كە كورد بەشێوەیەكی گشتی بە هەڵە زۆر هیوای نەزۆكی لەسەر هەڵدەچنێت، لەبەرئەوەی ئیسرائیل تەنیا بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی خۆی كاردەكات و هەموو كارتێكیش بۆ ئەم مەبەستە بەكاردەهێنێت، بۆیە ئەو نزیكبوونەوەیەی لەنێوان شەرع وئیسرائیلدا هاتۆتە ئاراوە، جۆرێك لە هەڕەشە لەسەر رۆژئاوای كوردستان دروست دەكات، چونكە بۆ ئیسرائیل ئاسانترە لەرێگەی دەوڵەتێكی فەرمییەوە ئامانجەكانی خۆی بێنێتە دی نەك هێزێكی وەكو هەسەدە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بكات.

لەئەگەری هەر رێككەوتنێكی هەرێمیدا جارێكی تر كورد دەبێتەوە قوربانی یەكەم، چونكە ئەو هێزانەی وانیشان دەدەن پاڵپشتی كورد دەكەن، كورد تەنیا وەكو كارتێك بەكاردەهێنن و هەركاتێك پێویستیان بەو كارتە نەما تووڕی هەڵدەدەن، ناكرێت كورد جارێكی تر بكەوێتە داوی ئەمریكاو ئیسرائیل و فریو بخوات، لەبەرئەوەی وەك كیسنجەر دەڵێت، دوژمنداری لەگەڵ ئەمریکا کوژەرە!.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار