ئەو ڕاستییانەی دوای ڕیفراندۆم ڕوونتر دەرکەوتن

6 ڕۆژ لەمەوپێش



فرسەت سەید شکور

باسکردنی مێژووی پڕ لە سەروەریی کوردستان و گەلی کورد لە مێژوودا، باسێکە تێڕوانینی قووڵی خۆی هەیە، ڕەنگە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کوردستان و پەراوێزخستنی ماف و داخوازی و ڕەتکردنەوەی ناسنامە و کولتوور و مێژووەکەی، بەشێکی گرنگی جووڵانەوە شۆڕشگێرییەکان بووبێت، زۆر جاریش کاردانەوەی وەلانان و زوڵم و ستەم بووە، ئەمەش بۆ خۆی گۆشەیەکی دیکەی قووڵە و قسەی زۆر هەڵدەگرێت.

لەو ساتەوە تاوەکوو ئێستاش، زۆر لەوانەی کە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ھەتا ئیدارییش دەدزنەوە، ھەمیشە ڕەخنەیان ئەوەیە، بۆچی ڕیفراندۆم کرا؟
ڕیفراندۆم بەر لە كێشە نەتەوەییەکە، ڕێڕەوی ئەنجامدانی کۆمەڵێک ھۆکار و فاکتەری ھەبوو کە ڕەنگە بەشێک لە ڕەخنەگران، ھەتا ئێستاش خۆیان لەو ڕاستییانە بدزنەوە و بە ھەر ھۆکارێک بێت درکی پێنەکەن، لە کاتێکدا، لەو کاتەی بڕیاری ڕیفراندۆم درا، حکوومەتی عێراق بە ھەموو توانای خۆی لە ھەوڵی لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دابوو، پیلانەکەش بە شێوەیەک بوو کە ھەموو ئەو سەرچاوانەی ھەرێم پشتی پێدەبەستێت، وشک بکرێن، یان لەناو ببرێن، ئەمە جیا لە پێشێلكردنی ٥٥ مادەی دەستووری عێراق لە دژی كورد و هەرێمی كوردستان.

هەرچەندە هەرێمی كوردستان بەهۆی سزا ئابووری و سیاسییەكانی حكوومەتەكەی عەبادی، بە قۆناغێكدا تێپەڕی و بە جۆرێك پەكی كەوت، نەیدەتوانی هەموو مانگێك بەتەواوی چارەكە مووچەش بە فەرمانبەران بدات، ئەمەش كاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر خەڵكی كوردستان دروست كرد و بازاڕ و جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان تا رادەیەكی خراپ پەك خست، بەڵام خەڵك سەربڵند بوون كە بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا توانییان مافەکانی خۆیان پەیڕەو بكەن و ئازادانە بڕیار لە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان بدەن.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدرێژایی سێ ساڵ و نیوی شەڕی داعش، ھاوکارێکی گەورەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بوو لە عێراق، ھەر ھێزی پێشمەرگەش بوو دەرگای چوونە نێو مووسڵی بۆ سوپای عێراق کردەوە و بەشداریی كارای كرد لە ئازادكردنیدا، ھەروەک خۆیان دەڵێن: ”ئەگەر پێشمەرگە نەبا، ئازادكردنی مووسڵ ئەستەم دەبوو.“

پێش ئەوەش، لە سەرەتای شەڕی داعشدا، حکوومەتی ئەوکاتی عێراق، بێباکانە بودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕی، شەڕی داعش و ھاتنی بەلێشاوی ئاوارەکان و قەیرانی دارایی و ئاڵنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، لە دیارترین ئەو کێشە و ئاریشانە بوون کە ھەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2017، بەشێکی زۆریانی بە خۆڕاگریی حکوومەت و خەڵکی کوردستان تێپەڕاندبوو. کەچی لەپای ئەو قوربانیدان و خەبات و خۆڕاگرییانەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی توانەوەی ھەرێمی کوردستان درا.

بڕیاری (ڕیفراندۆم) پێشی بە ھەموو ئەو پیلان و بەرنامەڕێژییە دوژمنکارییانەی عێراق گرت، لە کاتێکدا زۆر کات لە ناوخۆش خەڵکانێک بۆ داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، ڕیفراندۆم دەکەنە ھۆکار، کەچی ھەر زوو سوپای عێراق بە بەرنامەڕێژی ھاتبووە نزیک کەرکووک، بۆ داگیرکردن و وێرانکردنی شارەکە، چونکە پێشمەرگە دەیانپاراست.

لە کاتێکدا ئەو ھەموو پیلان و ڕکە زۆرەی نەیاران لەگۆڕێیە و نەتەوەی کوردیش ساڵەھای ساڵە خەبات و جووڵانەوە سیاسی و چەكدارییەكانی لە شۆڕشەكان و ھەڵوێستە مێژووییەکانی، ھەر لەپێناو بڕیار و ڕۆژێکی ئاوادا بوو.

سەرۆک بارزانی بە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی، لەپێناو ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، ڕۆحی ھەزاران شەھیدی ئارام کرد، ڕۆحییەت و ئیرادەی دەیان ھەزار پێشمەرگەی بەرز کردەوە، کەوا لەو پێناوەدا کۆڵیان لە خەبات نەداوە.

ئەگەرچی ئاڵنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، خەنجەری ژەھراوی، ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی بەلاڕێدا برد، جیا لەوەش، حکوومەتی عێراق بە دەستلەپشدانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، دوای داگیرکردنی کەرکووک، ویستی داگیرکردنی تەواوی خاکی باشووری کوردستانی ھەبوو، بەڵام داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە، بەریان لەو خەونە گرت و بە قارەمانێتی و خۆڕاگریی بێوچان، دیسانەوە نەیارانی گەلی کوردیان بەچۆکدا ھێنا. ھەر لەوێش پێی گوتن: ”ھەتا کوردێک مابێت، بڕیاری ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی وەک تاپۆ و شانازییەکی مێژوویی دەمێننەوە، کە لە ھەلومەرجێکدا داخوازییەکانی گەلی كوردستان بەدی نەیەن، ڕیفراندۆم و دەرەنجامەکانی ساز و ئامادەن بۆ کارپێکردن.“

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار