كۆمەڵگەی كوردی لەنێوان پلانڕێژیی و پیلانگێڕییدا

5 ڕۆژ لەمەوپێش



فارس نەورۆڵی 

 لەهەر كۆمەڵگەیەكدا هۆشیاری كەمبوو دژبەیەكی زۆرە، هەتا ئەو ئاستەی نەك لەناو كۆمەڵگە و هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكاندا، بەڵكو لەناو ڕۆحی تاكەكانیش دژ بەیەكی قوڵ هەیە، بۆ نموونە دەڵێن: فڵان كەس ئەوەندە خراپە ئەگەر كەس نەبوو قسەی لەسەر بكات ئەوا قسە لەسەر خۆی دەكات. بۆیە ئەو كۆمەڵگەیە لەبری سەرقاڵبوون بە پلانی ستراتیژیەوە لە بیری پیلانگێڕیدایە دژ بە یەكتری لەهەموو ئاستەكاندا، بۆیە لێرەدا جیاوازی پلان و پیلانگێڕیی دەخەمەڕوو بۆ ئەوەی لەم جیاوازییانەوە بزانین ئێمە لەناو كام بازنەداین؟ پلاندانان یاخود پیلانگێڕی؟ فەلسەفەی سیاسی ئەوەمان پێدەڵێ: پیلانگێڕیی و پلاندانان دوو چەمكی دینامیكی قووڵن، لەناو دەسەڵاتی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، ئەو دوو چەمكە پەیوەندیان بە كردەی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەڵام لە جەوهەردا جیاوازن، لە ئامانج و لە هەلومەرجی مێژوویدا.

 پلان چییە؟ 

مەبەست لە پلان، پلانی سیاسی و ستراتیژییە بۆ گەشتن بە ئامانجی دووری سیاسی، واتە كردەیەكی سیاسی ئاشكرایە لەسەر بیركردنەوە یاخود دوربینی بنیاد دەنرێت، پلانی سیاسی لە كۆمەڵگەی دیموكراتدا نهێنی نییە، بەڵكو مەسەلەیەكە بۆ گفتوگۆ لەناو فەزای گشتیدا، بۆ چاككردن و ڕەخنە لێگرتنی لەم بارەیەوە.

 ئەنتونیو گرامشی و هانا ئارێنت دەڵێن: پلانی سیاسی جیاوازە لە پرۆژە و پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی دوور و درێژ،  بەڵكو فرە ڕەهەندی ڕۆشنبیری و ئابووری و ئەخلاقییە پەیوەست نییە بە كاتێكی جیاواز و كتوپڕ، بەڵكو نوێنەرایەتی گەشەكردنە بۆ دروستكردنی هەیمەنە و گۆڕانكاری گەورە، بەڵام پیلانگێڕی بریتییە لە كردەی سیاسی یان كۆمەڵایەتی زۆر نهێنی بۆ تێكدانی ئارامی و هاوسەنگی هێز لە دەرەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە لەلایەن گروپێكەوە ئەنجام دەدرێت.

لەناو دنیای سیاسەتدا لە وڵاتانی نادیموكراتدا زۆر جووڵە بە تیۆری پیلانگێڕی دەخوێننەوە، لە مێژوودا نموونەی پیلانگێڕیی سیاسیی و تیرۆر زۆرن، نموونە تیرۆركردنی "یولیۆس قەیسەر" لە ڕۆما. لە ئاستی پیلانی سیاسیدا پیلانگێڕی جەزائیر لە دژی شۆڕشی كورد لەنێوان شای ئێران و سەدام حسێن، هەروەها لە ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگە ناهۆشیارەكاندا لەناو هێز و دەستە و تاقم و خێڵ و خێزان، پیلانگێڕی دژی كەسانی چاكەخواز بەڕێوەدەچێ و كۆمەڵگای كوردی لەو بارەیەوە دەوڵەمەندە، دواجار دەكرێ بڵێن هەموو پلانێك پیلانگێڕی نییە، بەڵام هەموو پیلانگێڕییەك شێوەیەكە لە شێوەكانی تەڵەدانان و بۆمبی نهێنییە، كە هەڕەشە لە ئارامی تاك و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكات.

 بە دیدی من لە كوردستان بیركردنەوەی پیلانگێڕی دژی یەكتر لە ئاستی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا زیاتر زاڵە بەسەر فەزای گشتیدا، بە پێچەوانەوە پلان دانانی ستراتیژی و تاكتیكی بۆ بەرژەوەندی گشتی و نیشتیمانی زۆر لاوازە، لە ئاستی كۆمەڵایەتیشدا زۆرینە بیر لە پیلانگێڕی دژی ئەوی دیكە دەكاتەوە.

 جیاوازی میللەتی هۆشیار و نا هۆشیار لێرەدایە، میللەتی هۆشیار كاتێك كەسێك دەخزێ یان خەریكە دەكەوێ، بە پەلە دەستی دەگرن بۆ هەستانەوە، لەناو میللەتی ناهوشیار و نەخۆش و حاقددا بەپێچەوانەوە، جا ئیتر لە ڕێگای زمانی پیسیانەوە، كە لەئەنجامی ڕۆحی پیسی كۆمەڵگا و بێپەروەردەیی ئەو كەسانەوە هەمیشە لەپیلانگێڕیدان، هەمیشەش پیلانگێڕی كۆمەڵگا بەرەو شەڕانگێزی دەبات، بەرەنجامی شەڕانگێزی داڕزانی كۆمەڵگا و هەڵوەشاندنەوەیەتی، ئێستا دەتوانی دوای خوێندنەوەی ئەم وتارە بزانیت ئێمە كۆمەڵگای كوردستانی لەكام بازنە داین پلانڕێژی بۆ بنیادنان، یاخود پیلانگێڕی بۆ وێرانكردن .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار