شۆرباکەی ئۆجەلان، سوێرە یان بێ خوێ

3 ڕۆژ لەمەوپێش
ئیبراهیم شێخ وەسانی
- بەشی دەیەم
هەوڵێک بۆ سادەکردنەوە و تێگەیشتن لە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەژێر کاریگەری پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان
بەشی دەیەم
مۆدێرنێتەی دیموکراتی چیە
(١)
عەبدوڵا ئۆجەلان لەو باوەڕە دایە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کیانێکی ئەخلاقی و سیاسییە، نابێت ئەخلاق و ئیرادەی ئازادی مرۆڤ لە دەرەوەی زانستی کۆمەڵناسی بن، بەڵام چونکە زانستی کۆمەڵناسی پۆزەتیڤیستی سنوردارە، ناتوانێت لە توێژینەوەی کۆمەلایەتی حیساب بۆ رۆڵی «کولتوور، مێژوو، سیاسەت، ئایین»ی کۆمەڵگە و رەهەندەکانی «هەست، بەها، ئازادیی» مرۆڤ بکات.
((بەبڕوای ئۆجەلان خەلەلی سنورداریەکەی پۆزەتیڤیزم لەوە سەرچاوە دەگرێت، بێلایەن نیە، یەکێکە لە ئامرازە ئایدۆلۆژییەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و دەوڵەت نەتەوە))
(٢)
عەبدوڵا ئۆجەلان قەناعەتی وایە پارادایمی زانستی پۆزەتیڤیستی وەک ئامێرێکی ئیپیستمۆلۆژی(مەعریفی)سووتەمەنی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن دەدات.
((لەلای ئۆجەلان پۆزەتیڤیزم وزە و فەلسەفەی "خودایی" شارستانیەت و سیستەمی سەرمایەدارییە))
(٣)
عەبدوڵا ئۆجەلان پێیوایە پۆزەتیڤیزم بەمەبەستی کۆنتڕۆلکردن لە رێگەی زانستی کۆمەڵناسی هەموو شتێک کورت دەکاتەوە بۆ فیزیای پێوانەکراو، ئەمەش کۆمەڵگە والێدەکات وەک ئامێرێک دەرکەوێت کە شەرعیەتی ئەندازیاریکردنی هەبێت.
((دەرئەنجام، پۆزەتیڤیزم ئەو زەهنیەتە بەرهەمدێنێت کە کۆمەڵگە "ئۆبژەیەکی" میکانیکییە، دەتوانێرێت کۆنتڕۆلبکرێت، بەڵام لەدیدی ئۆجەلان ناکرێت رەهەندە «کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، سۆزداری، ئازادیی»ی مرۆڤ پشتگوێبخرێن، چونکە کۆنتڕۆل ناکرێن))
(٤)
لە روانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان پۆزەتیڤیزم یۆرۆسەنتەریکە، وەک ئامرازێکی ئایدۆلۆژی یۆرۆسەنتریکی کاردەکات، یارمەتی شەرعیەتدان بە مانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نەتەوە و سیستەمی سەرمایەداری رۆژئاوایی دەدات.
((ئۆجەلان وایدەبینێت زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پۆزەتیڤیزم شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەوروپی گشتگیر دەکەن، زانیارییە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی شارستانیەکانی دیکە پەراوێز دەکەن))
(٥)
عەبدوڵا ئۆجەلان پێیوایە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن مۆدێرنێتەی ئەوروپییەوە لە قاڵب دراون، مێژوو و ئیپیستمۆلۆژییە(مەعریفیە)غەیرە رۆژئاواییەکان کەم بایەخ دەکەن، بەمەبەستی سڕینەوە، میراتی دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ بەها دەکەن.
((بەبڕوای ئۆجەلان، چەمک و تیۆرییە کۆمەڵناسییە پۆزەتیڤیستیە ئەکادیمییەکان لەلایەن مۆدێرنیتە ئەوروپییەکانەوە لە قاڵب دراون، بۆیە ناتوانن راستی واقیعیە کۆمەڵایەتییەکان شیبکەنەوە))
(٦)
لە دیدگای عەبدوڵا ئۆجەلان پۆزەتیڤیزم لە رەهەندە مێژوویەکەیەوە گێڕانەوەی مێژووی شارستانی قۆرخ دەکات، مێژووی ئەوروپی وەک مێژووی گەردوونی مرۆڤایەتی دەخاتە روو، حیساب بۆ رۆڵ و بەشداری شارستانییەتەکانی «میزۆپۆتامیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میسر، چین، هیندستان» لە پێشکەوتنی شارشتانی ناکات، بچوکیان دەکاتەوە، ئەو چەمکانەی تایبەتن بە بارودۆخی مێژوویی ئەوروپا بەسەر گەلانی دیکەدا دەسەپێنی، ئەوەش چڕکردنەوەی ناوەندی شارستانیەتە لە یەک جوگرافیا دا، وێناکردنی کۆمەڵگەکانی دیکەیە وەک «لاوەکی، دواکەوتوو، سەرەتایی».
((ئۆجەلان زۆرجار میزۆپۆتامیا بە "شانازی شارستانیەت" وەسف دەکات، بەڵام زانستی مێژویی پۆزەتیڤیستی ئەم رۆڵەی میزۆپۆتامیا لەبیر دەکات، ئەوروپا وەک تاکە سەرچاوەی شارستانیەت نیشان دەدات))
(٧)
عەبدوڵا ئۆجەلان لای وایە ئەرکی پۆزەتیڤیزم پاراستنی دۆخی ئێستایە.
((ئۆجەلان لەو باوەڕە دایە پۆزەتیڤیزم زانست بەجۆرێک بەرەوپێش دەبات کە دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری بپارێزێت نەک لە خزمەتی کۆمەڵگە دابێت))
(٨)
عەبدوڵا ئۆجەلان وێڕای رەتکردنەوەی رێبازی زانستی پۆزەتیڤیستی، بەڵام دژایەتی “زانست” ناکات، بەپێچەوانەوە، میتۆدی زانستی (لێپرسینەوەی ئەزموونی، ئەزموونی، عەقڵانی)لەلای ئەو ئامرازێکی بنەڕەتییە، دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت.
((بەڵام لای ئۆجەلان کێشە لە میتۆد نییە، بەڵکو بەکارهێنانی ئایدۆلۆژییە لەو میتۆدە))
چەمکی (یۆرۆسەنتریزم - Eurocentrism) ئاماژەیە بۆ جیهانبینییەک کە شارستانیەتی رۆژئاوا(بەتایبەتی ئەوروپا)وەک ناوەندی مێژوو و کولتوور و دەسەڵاتی فیکری سەیر دەکات.
داهێنەری چەمکی (یۆرۆسەنتریزم - Eurocentrism)، بیرمەند و ئابووریناس سیاسی و مارکسیستی میسری-فەرەنسی (سەمیر ئەمین) لە کتێبە بەناوبانگەکەی( یۆرۆسەنتریزم 1988) بە وردی شیکاری ئەوە دەکات کە چۆن بیرکردنەوە و مێژوو و جیهانبینی ئەوروپی وەک "گەردوونی" سەپێنراون، شارستانیەتەکانی غەیرە ئەوروپییان پەراوێزخستووە، سەمیر ئەمین یۆرۆسەنتریزم بە شێواندنێکی ئایدیۆلۆژی پێناسە دەکرد کە خزمەت بە سەرمایەداری جیهانی دەکات.
