پڕۆژەیەک بۆ چارەسەری پرسی کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا

3 ڕۆژ لەمەوپێش
هەندرێن شێخ ڕاغب
بەندە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ کۆچی گەنجان نیم و بەکارەساتێکی نیشتمانی دەزانم، بەڵام کارەکە لە خۆزگەی من دەرچووە، دوێنێ وێنەیەکم بینی کە پۆل پۆل گەنجی ھەرێمی کوردستان بە کەساسی و نامرادی لەدەست گروپە چەکدارەکانی لیبیا بوون دەستگیرکرابوون، پیاو بەم دیمەنە ھەلا ھەلا دەبێت. ساڵانە ھەزاران گەنچ کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، مەرگی زۆریان دەبینین و کە دەشگەن بەوێ دەیان کێشەی گەورە بەرۆکیان دەگرێت. بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی ریشەیی بیر لەم دیاردە گەورەیە بکرێتەوە.
بۆچونی من ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان، کیانێکە لەبەرەی ئەمریکاو ئەوروپایەو بەشێکە لە ستراتیژی ئەمنی ئەوان، ئەگەر ئەمریکاو ئەوروپیەکان نەبن، دڵنیابن حەشدی شەعبی و تورکیاو ئێران دەمێک بوو ھەزار گروپ و شەڕو بەزمیان بەم کیانە کردبوو، بەجۆرێک کە داریان لەسەر بەرد نەدەھێشت.
ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان لەشەڕی قاعیدە، داعش، گروپە چەکدارەکانی نزیک لەوان، لە ستراتیژ و سیاسەت و بەرنامەو کارکردنمان بەشێکی سەرەکی ھاوبەشی ئەوروپیەکان و ئەمریکیەکانین، بۆیە ئێمە ھەڕەشە نین بۆ ئەمنی ئەوان و پێکەوە کاردەکەین.
قەیرانی کۆچیش ئەگەر جارێک بۆ ئێمە کێشە بێت، ئەوا دە جار بۆ ئەوان کێشەیە، کەواتە دەکرێت بیر لە شتی تر بکرێتەوە، بۆچونم وایە پێویستە کۆچ بکرێتە بابەتێکی یاسایی و ئاسایی و رێگەپێدراو. ھەرێمی کوردستان کێشەی دارایی و موچەو دامەزراندن و ھەلی کاری ھەیە، لەولاوەش دەستی کارو گەنج و توانای مرۆیی زۆر لەخۆی زیاترەو ساڵانە ھەزاران گەنج زانکۆو پەیمانگا تەواو دەکەن. ئەوروپاو ئەمریکاو کەنەداو بەشێک لە دەوڵەتان دەستیکارو توانای مرۆییان نیەو کێشەیان ھەیە.
بۆیە دەکرێت لەگەڵ ئەمریکیەکان و یەکێتی ئەوروپا دانوسان بکەن، گفتوگۆیەکی کراوەو پڕ زانیاری و داتاو ئامار بکەن, بڵێن ئێوە ساڵانە پێویستتان بەھەزاران دەستی کارە، بۆ نمونە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا ساڵانە کێشەی دەستی کاری ھەیە، کەنەداو ئەمریکاش بەھەمان شێوە، کەواتە دەکرێت بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکاو کەنەدا، بەنوسراو بەوپەڕی وردەکارییەوە، ساڵانە بەفەرمی نزیکەی پەنجا بۆ سەد ھەزار گەنج بنێرن بۆ ئەم وڵاتانە، کە دەکرێت لە چەند روویەکەوە لایەنەکانی بخەینەروو وەک:
-ئەوروپیەکان و ئەمریکاو کەنەدا، دەتوانن تۆزێک کەمتر کرێ بدەن و لەباج و رسومات و کێشەکانی نیشتەجێبون وخزمەتگوزاریەکان دەتوانن لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن بکەن. کە ھاوسەنگی تێدا بێت و قورس لەسەر ئیشکردنی ئەم گەنجانە نەکەوێت.
-چونی ھەر گەنج و کەسێک، تەنھا بۆ ماوەی پێنج ساڵ بێت، واتە ئەو گەنجە کارتێکی تایبەتی مانەوەو ئیشکردن لەم وڵاتە وەردەگرێت، دوای پێنج ساڵ ئیشکردن و کارکردن دەگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان. ئەگەر خاوەن کارەکەی پێویستی پێ بوو دەشێ پێنج ساڵی تری بۆ نوێ بکرێتەوە.
-حکومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی دەست دەکەوێت، چونکە ئەم گەنجەی دوو دەفتەر دەداتە قاچاخچی، ئەوکات بۆ رسومات و تکتی فڕۆکەو گەشت و باجی حکومەتی ھەرێم بۆ نمونە پەنجا وەرەقە دەدات، وە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئیشکردنەکەشی ھەمان پارە دەداتەوە، ئینجا ئەم گەنجە لەرێگای فڕۆکەخانەی ھەولێرو سلێمانی دەڕوات، داھات بۆ ئەم ھێڵانەش زیاد دەبێت، چونکە ئەو بەفەرمی چووە، ساڵانەو کاتی بۆنەکان وپشووەکان دێتەوەو دەڕواتەوە، ئەمە ھەموو پارەیە بۆ حکومەت وفڕگەکانی.
-لەروی ئەمنی، سیاسی، کولتوری، ئیشکردن وباج دان و رسومات و دەستیکار، بۆ ئەو وڵاتەش سودی زۆری ھەیەو ئەو گەنجە بە گرێبەست و فەرمی چووە، ھەرکاتێک سەرپێچی بکات، ئەوا وڵاتەکە زانیاریەکان دەداتە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ئیجرائاتەکان حکومەتی ھەرێم دەیکات.
-گەنجان لە خنکانی دەریای ئیجەو قاچاخچی و کارەسات دووردەکەونەوەو خێزان و خزم و کەسوکاریان ئاسودەو بێ دڵە ڕاوکێ دەبن.
-پارەیەکی زۆر بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ناوخۆی ھەرێم و خێزانەکان دەگەڕێتەوە، بۆ نمونە ئەوەتا پۆلێک گەنج لە لیبیا دۆزرانەوە، ئێ ئەمە ھەمووی بە زەبری پارە کراوەو ھاتنەوەشیان بۆ ھەرێمی کوردستان ھەر پارەی زۆری دەوێت.
-ئەم بابەتە بە فۆڕم و گرێبەست و کاتب عەدل و شاھید دەکرێت، بەڵام تەنھا چوار پارێزگاکەی ھەرێم و یان کەرکوکیش بگرێتەوە، واتە نەبێتە شوێنی واسیتەو حزبایەتی و ناوچەگەری، بەپێی گرێبەست و فۆڕم و رەسمیات و یاسایەکی رێک وپێک بێت. کە نوێنەری کونسوڵ خانەو باڵیۆزخانەکان لە ھەرێمی کوردستان بەشداربن.
-دەکرێت قسە لەگەڵ یابان، مالیزیا، کۆریا، سەنگافورەو سعودیەو ئیمارات و قەتەرو دەیان وڵاتی تریش بکرێت، ئەوانیش بەردەوام پێویستیان بەدەستی کارە. واتە ھەرێمی کوردستان بۆ کارکردن بە فەرمی و بەشێوەیەکی سەلامەت و رێکخراو گەنجان بۆ ئیشکردن بنێرێتە دەرەوەو ھەم خۆی و ھەم گەنجەکەو ھەم خێزانەکەشی سودمەند دەبن. ھەمان ئەو شتەی ساڵانە بۆ خوێندن دەکرێت، ساڵانەش سەدان و ھەزاران کەسمان دەچنە وڵاتان بۆ خوێندن، بە سیستەم و یاساو گرێبەست دەڕۆن و دوای تەواوبوونی خوێندن دەگەڕێنەوە. بۆ کارکردنیش دەکرێت بەھەمان شێوە بێت.
