ئازادی و سەربەخۆیی، دەسەندرێن نابەخشرێن

3 ڕۆژ لەمەوپێش



کارۆخ خۆشناو

دوای هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، سیستەمی نوێی جیهان لەسەر بنەمای هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و ئازاد بونیات نرا، بەو واتایەی کە (پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیەکان) لەسەر ئاستی وڵاتان بوو نەک گەلان و نەتەوەکان، ئەگەرچی (ناو) لەو ڕێکخراوانە نرا (کۆمەڵەی گەلان و دواتریش نەتەوە یەکگرتووەکان) بەڵام مەرجی سەرەکیی ئەندامبوونیان بریتی بوو لە هەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ لە فۆرمی ( دەوڵەت)، لەبەر ئەوە هەموو هەوڵ و تەقەلا و خەبات و شۆڕشی گەلان چڕ بوویەوە بۆ بەدەستهێنانی قەوارەیەکی ئازاد و سەربەخۆ، تاکوو بتوانن ببنە بەشێک لە سیستەمی نوێی جیهانی.

ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو (۱۹۳) وڵاتە بدەینەوە کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە:
١- لەلایەک هیچ گەل و میللەتێک مافی ئازادی و سەربەخۆییان پێ نەبەخشراوە، بەڵکوو بە شۆڕش و خەبات و تێکۆشان مافەکانیان سەندووە.

٢- لەلایەکی تر هیچ وڵاتێک بە (پێرفێکت)ی لەدایک نەبووە، بەڵکو لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییاندا کۆمەڵێک کەموکوڕییان هەبووە، چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی، چ لە سەر ئاستی دەرەکی، بەڵام دوای بەدەستھێنانی سەربەخۆییان بە جددی کاریان کردووە بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی دامودەزگا نیشتیمانی و مەدەنی و دیموکراسیەکان.

دوای نزیکەی سەد ساڵ لە لکاندنی باشووری کوردستان "بێ ویستی گەلەکەی" بە وڵاتی نوێی دامەزراوی عێراق، ناڕازیبوون و شۆڕشی یەک لە دوای یەکی لێکەوتۆتەوە، چەند دەرفەتێکیش بۆ ئازادبوونی کورد ڕەخساوە، بەڵام نەقۆستنەوەی ئەم دەرفەتانە چەندە پەیوەندیی بە نەبوونی زەمینەیەکی گونجاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھەبووە، ئەوەندەش پەیوەندیی بە نەبوونی یەکڕیزیی ناوخۆیی و لۆکاڵی هەبووە.

مێژووی زۆرینەی ڕەهای گەلانی (ئازاد و سەربەخۆ) تژیە لە خەبات و قوربانیدان، بەتایبەت مێژووی (سەدەی بیست) بۆ هەر چوار گەلی (کورد و جوو و بۆسنی و ئەرمەن) پڕیەتی لە خەبات و مەرگەسات، بەڵام لەناو ئەم چوار گەلەدا تەنیا کورد نەبۆتە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆ، وێڕای خەبات و قوربانیدانێکی بێ شومار.

بۆ نموونە بۆسنیەکان لە ساڵی (١٩٩٤) لەلایەن سربەکانەوە بەبەر چاوی دونیاوە کۆمەڵکوژ و جینۆساید کران، بەڵام ئەوانیش وەک جوو و ئەرمەن، بەرهەمی جینۆسایدەکەیان (بە بوونە دەوڵەت) چنیەوە.

پێموایە کورد پێویستی بە ئێرادەیەکی نەتەوەیی (سەرووی حزبیبوون) هەیە بۆ بەرنامەڕێژیکردن و دۆزینەوەی بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ زلهێزەکان لەپێناو کۆکردنەوەی پشتگیری و لۆبیکردن بۆ قەوارەیەکی سەربەخۆ، چونکە سەرەڕای ئەوەی کورد لە (چەندین شوێن و چەندین جار) کۆمەڵکوژ و جینۆساید کراوە، بەڵام هێشتا نەبۆتە خاوەنی قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ، لێرەدا پێویستە بپرسین بۆچی کورد نەگەیشتۆتە ئەم خەونە ڕوایەی و نەیتوانیوە ئەم مافە بەدەست بهێنێت؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە هەڵوەستە بکەین و توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەین، تاکوو بزانین تا چەند خەتای زلهێزە بێبەڵێنەکانە و تا چەندەش خەتای پەرتەوازەیی و کەمتەرخەمیی خۆمانە؟ چونکە هیچ گەل و نەتەوەیەک لە مێژوودا (وەک کورد) دەرفەتی ئازادبوونی لەدەست نەداوە، سەرەڕای هەموو جینۆساید و قوربانیدانێک بەڵام هێشتا خەونی سەربەخۆیی بەدی نەهاتووە.

قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەو دیفاکتۆیەیە کە لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان و گۆڕانی هاوکێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هاتۆتە کایەوە، ئەگەرنا هیچ کاتێک عەقڵییەتی حوکمڕانیی (عەڕەب و تورک و فارس) ئامادە نین دان بە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێن، بەڵام شۆڕش و قوربانیدانی دەیان ساڵ و یەکانگیریی (بەرژەوەندیی هێزەکانی ناوچەکە و زلهێزە نێودەوڵەتیەکان) هەرێمی کوردستانیان کردە قەوارەیەکی پارێزراو بە گوێرەی بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە (١٩٩١/٤/٥) دەرکرا، ئەم بڕیارەش دوای بڕیاری سیڤەر لە (١٩٢٠/٨/١٠) بە یەکەمین بڕیاری نێودەوڵەتی دادەنرێت کە لەلایەن دەزگایەکی گرنگی وەک ئەنجومەنی ئاسایش لە بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد دەرکرابێت.

(ئازادی و سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت) پڕۆسەیەکی درێژخایەن و دوورمەودان، پێویستی بە قوربانی و پلانی پێشوەختە و زەمینەسازی هەیە، کوردیش ئەم پڕۆسەیەی دەست پێکردووە و یەکەم هەنگاویشی ناوە کە بریتی بوو لە (رێفراندۆم)، هەر کاتێک بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەبار بوو، دەکرێت کورد هەنگاوی تر بهاوێژێت و پڕۆسەکە تەواو بکات.

بارودۆخی ئێستای ناوچەکە ناسەقامگیرە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئارادان لەژێر چەتری ڕێکەوتنەکانی (ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم و گرێبەستی سەدە) بەڵام مەرج نیە دیدگا و بەرژەوەندیی بەشێک لە وڵاتان لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی هاوتەریب بن، بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی کوردستان هەوڵ بدات بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان پاراڵێڵ و هاوتەریب بکات تاکوو نەبنە ڕێگر لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستاندا، لە سەرووی هەموو ئەو وڵاتانەش ئەمریکا دێت، کە پێویستە کورد بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵی هاوتەریب بکات و پشتگیریی ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکا دەستەبەر بکات، لە ڕێگای پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشگیری و پاڵپشتی، ئەمەش پێویستی بە کات و کارەکتەر و بودجە هەیە، چونکە بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا بێ بەرامبەر نابەخشرێت، بەڵکوو پێویستە لە ڕێگای لۆبیکردنەوە بەدەست بهێنرێت.

لە کۆتاییدا دەڵێم: پێویستە کورد سوود لە ئەزموونی کۆمەڵێک وڵات وەربگرێت، لەوانەش وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل و ئیماڕات و ئۆکرانیا و کرواتیا و ئەرمینیا ....هتد، بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی بە میکانیزمی دیبلۆماسیی (نەرم و سەردەمیانە) لەپێناو بە مەنزڵ گەیاندنی پەیامی ڕەوای ڕیفراندۆم و بەدیهێنانی خەونی پیرۆزی سەربەخۆیی کودستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار