به‌رپرسانی بازرگان.. !

2 ڕۆژ لەمەوپێش
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
یه‌كێك له دیارده مه‌ترسیداره‌كانی دنیای دوای راپه‌ڕین، وه‌رچه‌رخانی ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی به‌شێك له حزبه سیاسییه‌كانمانه له خه‌ڵكانی پێشتر تێكۆشه‌رو خاوه‌ن خه‌باته‌وه، به‌داخه‌وه، بۆ كه‌سانی بازرگان و ورده سه‌رمایه‌دار.
ئه‌م دیارده‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له هه‌ندێ قۆناغدا، كاردانه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ردا هه‌بووه، وه‌ك ئه‌نجامدانی هه‌ندێ رێكاریی حزبی، ئیداری، ره‌خنه‌ی رووناكبیران و رۆژنامه‌نووسان، ناڕه‌زایی زۆری هاووڵاتیان، داد‌و بێ دادی بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران و به‌ڵێنده‌ران، به‌ڵام هێشتاو تائێستا، هه‌روه‌ك دیارده‌یه‌كی جێی نیگه‌رانی و نه‌فره‌تی خه‌ڵك، ماوه‌و كۆتایی نه‌هاتووه.
دیارده‌كه، زۆر به ساده‌یی، ئه‌وه‌یه كه، كه‌سی به‌رپرس، پێگه‌ی سیاسی، یان ئیداری، یان حزبیی خۆی له وڵات‌دا ده‌قۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ر نرخێك بێت، ده‌سكه‌وتی بێ سنوری ماددی و سه‌رچاوه‌ی زۆری پاره‌و داهاتی هه‌بێت، تا ببێته هۆكارێكی سه‌ربار بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئۆلیگارشییانه‌ی (Oligarchy) خۆی له‌ناو ژیانی سیاسی‌دا، ئه‌مه‌ش به‌و هاوكێشه میكانیكییه مه‌ترسیداره‌ی كه په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو ته‌ماحه رێكده‌خات و به ئاشكرا پێمان ده‌ڵێت: هه‌موو جۆره باڵاكردنێكی پێگه‌ی ئابووری، هه‌ر خۆی، یه‌كسانه به فراوانكردنی پێگه‌ی سیاسییش له وڵات‌دا، پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر راسته!.
به مانایه‌كی تر، ئێمه به زه‌قی ئه‌وه ده‌بینین كه هه‌ردوو ته‌ماحه‌كه، پێكه‌وه، ده‌بنه ته‌واوكه‌ری یه‌كتر، ده‌بنه مایه‌ی قه‌ڵه‌وكردن و ئاوسانی زیاتری نفوز‌و پایه له ناو هه‌ردوو كایه‌ی سیاسی و ئابووریی وڵات‌دا. ساڵانێكه، یه‌كێك له ده‌ره‌نجامه مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌م دیارده‌یه، گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی، كه هه‌ندێ له‌و به‌رپرسانه، ته‌نانه‌ت ببنه هۆكاری بوژاندنه‌وه‌ی مه‌یلی ناوچه‌گه‌ری و عه‌شیره‌تبازی، یان خاوه‌نی ده‌زگای میدیا‌و له‌شكرێك له سۆشیال میدیای تایبه‌ت به‌خۆیان، بگره گروپی ئه‌منی و چه‌كداری تایبه‌ت-یش.
له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دا، ئێمه هه‌موو شایه‌تی مێژووی ژماره‌یه‌كی دیار له‌و به‌رپرسانه‌ین كه پێش راپه‌ڕینی ساڵی 1991 له‌باری دارایی و توانستی مادییه‌وه هیچ نه‌بوون، به‌ڵام له‌و مێژووه به‌دواوه، بوون به سه‌رمایه‌دارو بازرگان. بێگومان هه‌موو جارێك ئه‌وه ده‌ڵێین: ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه، به ره‌نج و ماندووبوونی خۆیشیان بووبێتنه خه‌ڵكانی پاره‌دارو ده‌وڵه‌مه‌ندی وڵات، ئه‌وا گونجاو نییه له‌هه‌مان كاتدا سه‌رقاڵی كاری سیاسی و حزبی و ده‌وڵه‌تی بن، هیچ نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له وڵاتێكداین كه شه‌فافییه‌تی تێدا نییه و به‌ناوبانگه به‌وه‌ی گلاوه به دیارده‌كانی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستبردن بۆ سامانی گشتی و نادادپه‌ر‌وه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی. له ژینگه‌ی وه‌هادا تۆ گه‌ر فریشته‌ش بیت، له‌كۆتاییدا، هه‌ر گومانی خراپ له ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی فاحیشانه‌ت ده‌كرێت و وه‌ك سیاسییه‌كی جێی متمانه‌و ده‌ستپاك سه‌یر ناكرێیت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا گونجاویش نییه له یه‌ككاتدا هه‌م بازرگان و هه‌م كاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی و حزبی بیت، ته‌نانه‌ت ئه‌مه له په‌یڕه‌وی زۆر حزبی سیاسی‌دا هاتووه‌و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه نابێت بكه‌ری سیاسی سه‌رگه‌رمی كاری بازرگانییش بێت، چونكه زۆر به ئاسانی، ده‌بێته مایه‌ی تانه‌و ته‌شه‌ر بۆ سه‌ر شانی حزبه‌كه‌و شێواندنی نێوبانگیشی.
بێگومان ئه‌مڕۆ مرۆڤ ده‌توانێت فراوانتر سه‌یری ده‌یارده‌كه بكات و ئه‌و راستییه بزانێت كه ئه‌وه‌ی له‌م واقعه به‌رپرسه، له بنه‌ڕه‌تدا، قه‌یرانه سیاسی و ئابووری و داراییه‌كانی وڵاته، لاوازیی ده‌زگای قه‌زاو داواكاریی گشتییه، ناكارایی په‌رله‌مان و ده‌سته‌گه‌ریی ئاشكرا و شاراوه‌ی ناو پارته‌كانه. هه‌ر یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه، كه‌م و زۆر، وایان كردووه كه له‌لایه‌ن به‌شێك له‌و به‌رپرسانه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی بقۆزرێنه‌وه. ئه‌مه بێ له‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه خۆیشیان كه‌م نین كه هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه، بازاڕێكی شێواویان ده‌وێت!، هیچ جۆره سه‌قامگیرییه‌كی سیاسی و ئابووریی وڵات له‌به‌رژه‌وه‌ندییاندا نییه، بۆیه هه‌ر خۆیان ده‌بنه سه‌رچاوه‌یه‌كی تری درێژه‌كێشانی ئه‌و قه‌یرانانه‌و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆیان له‌سه‌ر حسابی پێگه ده‌وڵه‌تی و ئیداری و حزبییه‌كان.
ئه‌مڕۆ ئه‌و جۆره به‌رپرسانه، به‌داخه‌وه، ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵی ئینتیماشیان لای مرۆڤی ئێمه و له وڵات‌دا كردووه، به‌های هه‌موو ئینتیمایه‌كیان لای هاووڵاتی بۆ نیشتمان و ده‌زگاكانی و بۆ پارتی سیاسی و ئۆرگانه‌كانی، كورت كردۆته‌وه بۆ ئینتما بۆ خودی خۆیان، بگره هه‌ر خۆیان بریتین له ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانی، یان حزب و ئۆرگانه‌كانی!، ئه‌مه‌ش ڕێك و ره‌وان ئه‌و سیاسه‌ته وێرانكه‌ره‌یه كه ئۆرلیگارشییه‌ت، به‌مانای ته‌واوی وشه، په‌ره‌پێده‌دات، بگره له‌گه‌ڵ هه‌ر ناكۆكی و دابه‌شبوون و ململانێیه‌كی نێوان سیاسییه بازرگانه‌كاندا، كه كه‌مینه‌یه‌كی ناو سیسته‌می سیاسی و ئابوورین، وڵات و هاووڵاتیان و ده‌وڵه‌ت و حزبیشمان، دره‌نگ یان زوو، ده‌چنه به‌رده‌م ئه‌گه‌ری دابه‌ش و پارچه پارچه بوونه‌وه.
