کێ فریای یەکگرتوو دەکەوێ؟

12 كاتژمێر لەمەوپێش



د. عەزیز ڕەئووف

کە نمایشەکەی خانمانی هونەرگەی وڵات لە زانکۆی ئەمریکی لە پەیجێکی سێبەری یەکگرتوو بڵاو کرایەوە و لەسەری نوسیبویان " حیجاب فڕێدرا" ، دڵم خورپەی کرد و وتم یەکگرتوو گۆبەندێکی تری بەدەستەوەیە. هەربۆیە یەکسەر تەلەفۆنم بۆ برای سەرنوسەر کرد و وتم: برام زۆر هەڵەت کردووە و بەم کردەوەیەت ئاگرێکی ترت خۆشکرد. هەربۆیە داوام لێکرد بیسڕێتەوە، بەڵام برای سەرنوسەر تەنها وتی: سوپاس بۆ سەرنجەکەت. ئیدی تەواو بێئومێد بووم و زانیم ئەمجارەش یەکگرتوو گۆبەندێکی تر دەنێتەوە.

لە چەندین بۆنە و کاتی جیاوازدا هەوڵی جدیماندا ئەم برایانەی یەکگرتوو دەست بۆ کارێک نەبەن کە پەیوەندی بەوانەوە نییە، لەوانە کاری هونەری، کەچی نە گوێیان گرت و نە پێدەچێت گوێچکەیان مابێت گوێ بگرن. هەربۆیە هەر بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد، یەکگرتوو، کە دەستی لە دەسەڵات شۆردووە و هیچ گوتارێکی نەماوە، گۆبەندێک دەنێتەوە و بە جوڵاندنی ڕووداوێک یان نمایشێک کە گوایە دژ بە ئادابی گشتییە، دەیانەوێت چەند کارەکتەرێکی تر بنێرنە پارلەمان.

ئیسلامییەکانی کوردستان و لە پێش هەموویانەوە یەکگرتوو، نایشارنەوە کە هاوسۆزی ئاردۆگان و ئەحمەد شەرعن و دەستبردن بۆ کارێکی هونەری زۆر باڵا هێندەی تر کەوتنە سەنگەرگرتن لە ژنان و کوردانی وڵاتپارێز لە ڕۆژئاڤا و ئەوەی ئاردۆگان و شەرع بۆیان نەکرا، ئەمان جێبەجێی دەکەن. 

هەموو دەزانین لە کوردستان شتێک بەناوی دادگای سەربەخۆ بوونی نییە، کەچی ئەم برایانە دەچن داوا لەسەر ئەم خانمانە تۆمار دەکەن، کە دەبوو پێشتر لەسەر کاک محەمەدی حاجی مەحمود تۆماریان بکردایە کە بەدەنگی بەرز وتی: کۆمەڵ و یەکگرتوو پێنچ سەد هەزار دۆلاریان لە قاسمی سولەیمانی وەرگرتووە. بەڵام چونکە پارەکەیان لە دوژمنان وەرگرتبوو، بێدەنگییان هەڵبژارد. 

لە هەر شوێنێکەوە ڕەخنە لە خەڵکی کوردستان بگرین لەسەر ئەوەی کە بە هوشیارییەوە ڕەنگە مامەڵە نەکەن، ئەوا لە پەراوێزخستن و دەنگنەدان بە ئیسلامییەکان زۆر هوشیارن و دەزانن ئەم تایپە لە توندڕەوی بیری داعش، بێنە سەر کورسی دەسەڵات، زۆر لە دەسەڵاتی ئیستا ستەمکارتر و توندڕەوتر دەردەچن.

ئێوە بێننە پێش چاوتان ئیستا ئەم هێزانە چەکیان لەبەردەست نییە ئاوا دەکەن، ئەگەر چەکیان بەدەست بێت دەبێ چی لە کورد و هونەر و ئازادی بکەن. فڕێدانی نیقابی داعش و پۆشینی جلی ڕەسەنی کوردی لەلایەن ئەم خانمانەوە، هەر دژایەتییەک بۆ ئەم تابلۆ هونەرییە بەرگرییە لە داعش و دژایەتی جلی ڕەسەنی کوردییە و دروست جێبەجێکردنی ئەجێندای شەرع و ئاردۆگانە لە باشوور. 

کاتی خۆی برادەرێکی یەکگرتوو هێرشی کردە سەر تابلۆیەکی فەرهاد پیرباڵ، فەرهادیش وتی : ئەم برادەرانە چەند بێ عەقڵن، جیاوازی نێوان تابلۆی هونەری و رەسمی ڕووت ناکەن. لە ئیستاشدا دەستبردن بۆ هونەر و بەتایبەت ئەم تابلۆ هونەرییە باڵایەی خانمانی هونەرگەی وڵات، ڕوخساری ڕاستەقینەی ئیسلامییەکانی دەرخست.

بۆیە دەکرێ بڵێین لەنێو ئەم هەموو قەیرانەی هەرێمی کوردستان، بێدەنگی ئیسلامییەکان و دەنگهەڵبڕین بۆ کارێکی هونەری کردەیەکی تەواو داعشانەیە. 

من بۆخۆم لە یەک سۆنگەوە سوپاسی ئەم برادەرانەی ئیسلامی دەکەم کە ئەوەندە دڵسافن کە ناتوانن ڕۆحی داعشی و هزری توندڕەوی داعش لە مێشکیاندا بشارنەوە. بەڕاستی بۆ ئەوەی کە ئەم برادەرانە نایشارنەوە داعشن، سوپاسیان دەکەم. 

ساڵی پار وتم (کە یەکگرتوو دەبێتە داعش)، بێ دوودڵی ئیستا دەڵێم: یەکگرتوو و هاوئاوازەکانی داعشن بەپلەی ئیمتیاز.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار